حكومەت‌و پەرلەمان چی دەكەن بۆ خانەنشینی كەرتی تایبەت

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەعریفی و دینی ئێمە ئەوەندە بە حیزبی و ئایدۆلۆژیی كراوە بە ئاستەم دەتوانیت دەستكاریی بكەیت، فەزاكە تا بڵێیت ئاڵۆزو پڕكێشمە كێشە، بەتایبەت یاسا شارستانیەكان و یاسای سزادانی عێراقی و مافی خانەنشینكردن، دوای چوار خولی پەرلەمان و دەرچواندنی ئەو هەموو یاسایە، هێشتا یاساكۆنەكانی عێراق بەشێكیان لەناو فەزای ئێمەدا كاراییان هەیە.

ئەم فەزایە پێش ئەوەی وەك شاخی لێبێت دەبێت دەستكاریی بكرێت، دەستكاریەكە دەبێت لای خۆمانەوە بێت، فەرهاد بۆ شیرین چۆن لە شاخێكی بەردەڵانی رەق و وشكی وەك بێستووندا رەنجی فەرهادیانەی بەخشی و دەیان نیگارو نەخش و فەنتازیای بەردین و پەیكەریی هونەریی دروست كرد، دەبێت ئێمەش بەو ئیرادەیەوە بەردەوامی بدەین بە دەستكاریی ریشەیی و جەوهەریی یاسا كلاسیكیەكان و نەریتە باوەكانی رابردوو.

قسەیەك هەیە دەڵێت گەر دەتەوێت پارەو سامانی وڵات بەهەدەرنەچێت ئەوا پارێزگاریی لە دەرماڵەو یاسای خانەنشینی بكە، خراپترین بەهەدەردان لەم وڵاتەی ئێمە بەهەدەردانە لە رێگەی موچەوە، نەبوونی یاسایەكی بەهێزی خانەنشینی بەشێكە لە سیستمی موچەی نارێك، ئەگەر موچە رێك بدرێت خانەنشینی كارێكی ئاسانە، موچە بەرانبەرە بە ئەرك، خانەنشینی بەرانبەرە بە خزمەت و ئەركی رابردوو، خانەنشینی وەك نوكتەو كۆمیدیای لێهاتووە لەم هەرێمەو لەلایەك ئەوەی پێویستی نییە بەدەر لە رێنماییەكان و یاساكان بە پلەی باڵاو بڕێك پارەی كاش و چەند ساڵێك فەرمانبەریی خانەنشین دەكرێت، بەشێك لەمانە رەهەندی شایستەبوونی داراییان ئەسڵەن نییە، هەندێك كەس هیچ راژەو فەرمانگەو دامەزراوەیەكیان نەدیوە ئێستا بە پلەی زۆر باش خانەنشینن، لەولاشەوە هەزاران كارمەند كە شایستەی ئەو موچەیەن بێماف و بێ جێ ماونەتەوە، لەكاتێكدا خانەنشینی مافێكی سەرەتایی و موچەیەكە بۆ پیری و كەنەفتی و یاسایەكە بۆ قوربانیان و كۆچكردوان و ئەوانەی لە تەمەنێكی كەمدا كۆچی دوایی دەكەن و چەترێك نییە میراتگر و منداڵی بەجێماو بپارێزێت لە برسێتی و بێ پارەیی و رەجاڵی.

"خانەنشینی”زاراوەیەكە وەك چەمك بریتیە لە مافێكی دەستەبەركراوی شەرعی و یاسایی هەر فەرمانبەرو كارمەندو كرێكارو كارگوزارێكی حكومی یان ناحكومی، ئیتر دەوڵەمەندو هەژارو پادشاو گەداو خێڵەكی و كۆچەریی و ئۆرستۆكراتی شار جیاناكاتەوە لەیەكدی، كاتێك ساڵەكانی راژەی كاركردنی تۆ لە فەرمانگەیەك كۆتایی پێ دێت، دەبێت خانەنشین بیت، بە كورتی بەرهەمی پایزی عومری خۆتە، ئەمەش بەپێی پراكتیك و سیستمی هاوبەشیكردنی سندوقی ساڵانەی خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی دیاری دەكرێت، دیارە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە، وەك پرۆژە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2018، یاسای سندوقی خانەنشینی پارێزەرایەتی ژمارە17 و 18 ی ساڵی 1999 و چەند پرۆژە یاسایەكی هەمواركراوی تر، ئەگەر ئەم یاسایە بە نمونە وەربگرین دەكرێت بۆ كەرتی تایبەتیش سوودی هەبێت،” پارێزەر” كارمەندی حكومەت نیە بەڵام چونكە لە سەندیكای پارێزەران ئەندامەو بە چەند رۆتینێكی پارەدان و ئابونەی مانگانەو ساڵانە راستەوخۆ دوای پانزە ساڵ بەپێی ئەم یاسایە خانەنشین دەكرێت بە رێژەیەكی موچەكەی، كەواتە پێویستە یاسایەكی واش هەبێت بۆ ئەو كارمەندانەی لە كەرتە تایبەتەكان و كۆمپانیا ئەهلیەكان ساڵەهای ساڵە كاردەكەن و هێواش هێواش گەڵای سەوزی عومریان زەرد دەبێت و یاسایەك نییە پارێزگارییان لێ بكات، تەنانەت گرێبەستی كاركردن و ئەو بڕە پارەیەش كە مانگانە كارمەندانی هەندێ كۆمپانیای ئەهلی دەیدەنە فەرمانگەی زەمان "بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران” كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە و دوای سی ساڵ هێشتا روون نییە خانەنشین دەبن یان نا؟

لە ساڵی 2018 هەمواری یاسایەك كرا لە پەرلەمانی كوردستان و دەنگی لەسەر دراو دواتر گەڕێنرایەوە بۆ پەرلەمان و هێشتا یاساكە هەڵپەسێردراوەو كاری پێناكرێت، بەداخەوە نەیانتوانی كەرتی تایبەت جێبكەنەوە لەم یاسایەدا ” یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەكان لە هەرێمی كوردستان/عێراق، كەواتە پێویستە ساڵی 2019 كاتێك هەمواری ئەم یاسایە دەكرێت و دەبێتە یاسای كارپێكراو پاشان لە وەقایعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە، بیر لەوە بكرێتەوە كارمەندانی كۆمپانیاو كەرتی تایبەتی بۆ زیاد بكرێت، ئەگەرچی پێویستە لەم بارەیەوە جوڵەو فشارێك دەست پێبكرێت لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانی كەرتی تایبەتەوە بۆ ئەم مەبەستەو ئەوەندە خەم سارد نەبن لە ئاست مافی كارمەندەكانیان؟

لە فەسڵی یەكەمی یاساكەدا، ئامانجەكانی دەركردنی یاساكە و چوارچێوەی پیادەكردنی، لە مادەی یەكەمدا چوار خاڵ ئاماژەی بۆكراوە، خاڵی چوارەمی مادەكە دەكرێت لە خولی نوێی پەرلەماندا هەموار بكرێتەوە كە دەڵێت: "رێكخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان لەسەر بنەمای گەیشتن بە تەمەنی یاسایی دیاریكراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت”

ئەم خاڵی چوارەمە هەموار بكرێتەوە یان پێویستە خاڵی پێنجەمی بۆ زیادبكرێت بۆ كۆمپانیاو كارگە ئەهلیەكان، كە هەم تەمەنی كاركردن لە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بۆ بیست ساڵ درێژ بۆتەوەو ناكرێت وەلابخرێت، هەم ژمارەی كارمەندان و كرێكارانی كەرتی تایبەت زیادی كردوە، بۆ ئەم مەبەستە حكومەت لە دوو رەهەندی جیاوازی ستراتیجیەوە سوود لەم خاڵە وەردەگرێت و هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ حوكمرانی داهاتوو:
یەكەم/ دامەزراندن لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت وەك یەك خواستی لەسەر دەبێت و بەمەش فشارەكان و نارەزایەتیەكان لەسەر حكومەت كەم دەكرێتەوەو بوار دەرەخسێت دەرچوانی پەیمانگاو زانكۆكان ناوەندە پیشەییەكان بەیەكسانی لە دەرگای حكومەت و كۆمپانیاكان بدەن بۆ دامەزراندن، چونكە داهاتوویان مسۆگەرەو یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە.
دوەم/گرنگیدانی حكومەت بە كەرتی تایبەت لەرووی خانەنشینیەوە وادەكات سەرمایەداران و وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان باشتر پەیوەست بكرێنەوە بە حكومەتەوە وەك باج و رسومات و رێكارەكانی پابەندێتی كارو پرۆژەكان، كێبركێی و هەماهەنگی شارستانی دروست دەبێت لە نێوان فەرمانگە حكومی و ئەهلیەكاندا، بۆ نمونە فەرمانگەیەكی پۆستەو گەیاندن لە حكومەت كاری چییەو ئەی ئۆفیسی كۆمپانیایەكی گەیاندن و ئینتەرنێت و تەلەكۆم ئیشیان چی دەبێت، كاتێك یاسایەكی خانەنشینی پارێزگاری لە هەردولا بكات، ئینتیماو نیەتی باش دروست دەبێت بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە.

كەواتە پێویستە ئەمجارە بە تۆپزیی كابینەی نوێ كار لەسەر پرسی خانەنشینكردن بۆ كەرتی تایبەت و كۆمپانیا ئەهلیەكان بكاتەوە.

كەرتی تایبەت چییە؟
كەرتێكی تایبەت و ناحكومی خزمەتگوزاریی گشتیی سنوردارە لە زۆر بواری بیزنس و بەرێوەبردن و راوێژكاریدا، ستراكچەرو بونیادنەری ئاوەدانی و پێشكەوتنی كایە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگایەو هاوشانی كەرتی گشتی رۆڵی بەرچاوی هەیە لە بەرێوەبردنی دەوڵەتداریی و سیاسەتی كارگێڕیدا، لە ئێستادا كەرتی تایبەتی پێك دێت لە كۆمپانیای گەورەو بچوك، كارگەوكارخانەو فابریكەو ناوەندە بازرگانیەكان، كۆمپانیاكانی میدیاو دۆبلاژو كایە روناكبیری و پزیشكییەكان و ئەندازیارییەكان، ئەم كەرتە شادەماری جوڵەی بازرگانی وڵاتە، روبەرێكی هێجگار فراوانی رەنگ كردووە بۆخۆی و هەژمونێكی گەورەی دروست كردووە بەسەر كۆی سێكتەرە بازرگانیەكانی وەك گەشتوگوزارو گواستنەوەو گەیاندن و كۆمۆنیكەیشن و تەلەكۆم و كارەباو بیناسازیی و ئەلیكترۆنیات و تەكنەلۆژیای ئۆتۆمبیل و خوێندنی زانكۆیی و پیشەیی و چەندین بواری خزمەتگوزاری دیكە، تەنانەت لە هەندێك وڵاتی پێشكەوتووی مۆدێرن، كەرتی گشتی و حكومی ئەوەندە كاڵ بۆتەوە رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا وەك كەرتێكی راوێژكاری و مەرجەعی یاسادانان سودی لێ وەربگیرێت، زۆر فەرمانگەو كارو پرۆژەی حكومی هەیە لە ئێستادا بەتەواوی خراوەتە خزمەتی راژەی كەرتی تایبەت و ئەهلی و ئەوان بەرێوەی دەبەن، لە هەندێك وڵات خەریكە كەرتی ئەمن و سلكی دەوڵەتی گەورە گەورە، ئاسایش و پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان و بەرگری شارستانی و سەنتەرەكانی هەماهەنگی، وەك فریاكەوتنی خێراو نەخۆشخانە ئەهلیەكان بەتەواوی برواتە ناو كەرتی تایبەت و كۆمپانیا ئەهلیەكان بەرێوەی بەرن، لە هەندێك وڵات ژینگەپارێزو كشتوكاڵ و سیكوریتی باڵەخانەكان و كارەبا كۆمپانیای ئەهلی لێی بەرپرسە، هەموو ئەمانە بۆ یەك مەبەستی سەرەكییە ئەویش شكۆبەخشینە بە سەروەری و یاساكانی وڵات و حومكرانی باش و فەزیلەتی تاك.

ئەوەی لە كوردستان باس ناكرێت فەزیلەتی تاك و خودی مرۆڤە، تەندروستی و ژینگەكەی، كارو پرۆژەكانی، ئارامی و ئاسایشە خۆراكی و كۆمەڵایەتیەكەی، هەموو ئەمانە كەرتی تایبەت دەتوانێت رۆڵێكی گەورەی تێدا بگێڕێت، بەڵام لە كوردستان چونكە هێشتا حیزب پێشرەوی كۆمەڵگایە ئەو فەزیلەت و گرنگیدانە بە تاك پێشناكەوێت، كەواتە ئەبێت رێزو ئیرادەو كەرامەت بۆ خەڵك و هاوڵاتی بگێرینەوە ئەوجا قسە لەسەر ئیمتیازەكان بكەین، كەرتەكان لەیەك جیا بكەینەوەو وەك خۆی بە یاسا بیانپارێزین، بزانین كێ لە كەرتی گشتیەو كێش لە تایبەت، ئەی كێ لە هەردوولا كاردەكات و بۆچی؟ ئایا دەكرێت مرۆڤ دوو ناسنامەو دوو ئایدی نەمبەرو دوو ئیمتیازی هەبێت لە گشتی و تایبەت، یاساكانی ئەم چیرۆكانە لە كوێن و كێ لێی بەرپرسە، دەكرێت لە حكومەت خۆت خانەنشین بكەیت بە پلەیەكی باڵا، دواتر لە پەنجەرەی پشتەوە بێیتەوە بۆ ناو كەرتی تایبەت و كۆمپانیایەكی ئەهلی و بیت بە مەنیجەر؟ ئەمانە هەموو لە كوردستان بوونیان هەیە بۆیە ئەستەمە ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێزو گروپێكی پەرلەمانی چاونەترست نەبێت بتوانیت زاڵ بیت بەسەریاندا.

وردەكاری و ئیستیحقاق و رەهەندە جیاوازەكانی یاسای خانەنشینی زۆرەو پێویستی بە پرۆژەی جددی هەیە، دەكرێت قۆناغی داهاتووی پەرلەمان كاركردن بێت بۆ یاسایەكی خانەنشینی راقی و دادپەروەر بۆ كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی، چیتر تەمەنی 63 ساڵ و 30 ساڵ پوختەی راژە بە ئیعتیبار وەرنەگیرێت كە یاسایەكی كۆن و كلاسیكیەو دەكرێت چاكسازی تێدابكرێت، با سندوقی خانەنشینی هەموار بكرێتەوەو هەموو فەرمانبەرێك سوودمەند بێت لەو سندوقەو هیچ هێزێكیش نەبێت یاری بەو سندوقەوە بكات، حكومەت پێویستە تیمی تایبەتمەند پێك بهێنێت بۆ تەتەڵەو وردبینی كەرتی تایبەت و تەنها لە رووی ئەمنیەوە ناونوسیان نەكات بەڵكو لە رووی خزمەتی شارستانی و یاساكانیشەوە پاڵپشتیان بێت و هەر لە بەرێوەبەرایەتییەكی لۆكاڵیدا كەرتی تایبەت جێنەكاتەوەو مانگانەیان لێوەربگرێت و بەس، كەرتی تایبەت هەزاران كارمەندو كرێكارو فەرمانبەری هەیەو لە چاوەروانی پرۆژە یاسایەكدان بیانپارێزێت، پرۆژە یاسایەك ماف و ئیمتیازی كۆتایی راژە ببەخشێت بە فەرمانبەران و كرێكارانی كۆمپانیا ئەهلیەكان و هیچ نەبێت پاش 15 ساڵ خزمەت و ئەركی وەزیفی كردەنی (فعلی) خانەنشین بیانگرێتەوەو لەو گرێ دەرونیە رزگاریان بێت و هاوشانی هەر تاكێكی ئەم وڵاتە هەست بە ئاسوودەیی بكەن.


PM:12:06:22/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 3214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی