ئایا ئەزانن هەمومان شێتین؟

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی

لەم باسەدا تێکەڵاویەک هەیە لە نێوان فەلسەفە وزانستی پزیشکیدا بۆ وەرگرتنی مۆڵەتێک پێویست بو دوای پشکنینی چاو سەردانی پزیشکێکی دەرونی (وەک خۆیان ئەڵێن) بکەم بۆ ئەوەی نوسراوێکم بداتێ کە لەو ڕوەوە نەخۆش نیم!.

من پێشتر لە تیڤێ پزیشکێکی لەو جۆرە تایبەتمەندیەم بینی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا بە ڕاستی قسەکانی زۆر لە جێی خۆیا بو ، واتە بەجێ بو، کچێکی جوانیش بوو، بۆیە بڕیارم دا سەردانی ئەو بکەم، کە چومە عیادەکەی بینیم هەر خۆی و سکرتێرەکەیەتی و هیچ نەخۆشێکی لا نیە، بلیتێکم کڕی و چومە ژورەوە، پێش ئەوەی ئەو لێم بپرسێت چیمە، من پێم وت ئەوە بۆ عیادەکەت چۆڵە، وتی ئەم عیادانەی ئێمە هەر وایە، وتم نەئەبوو وابێت چونکە ئێمە هەمومان شێتین.

سەری سوڕما پێشەکی وایزانی منیش یەکێکم لەو شێتانەی کە پەلامار ئەدەم و بەرد ئەهاویژم، هەستا دەرگاکەی نێوان خۆی وسکرتێرەکەی کردەوە، وتی چۆن؟ وتم ئەوەی لە خۆیەوە توڕە ئەبێت شێتە ئەوەی لە خۆیەوە پێئەکەنێ شێتە ئەوەی جار جار بێهۆ توشی پەستی وخەمۆکی ئەبێت شێتە، ئەوەی زۆر بڵێیە وئەوەشی کەمدوە هەر شێتە، وەڵامێکی زۆر زیرەکانەی دامەوە وتی ئاخر کێشەکە لەوەدایە خۆیان بە شێت نازانن، وتم باشە دکتۆر ئێوە بۆ ئەڵین نەخۆشیە دەرونیەکان؟ دەروون چیە؟  جگەرە دڵە، گورچیلەیە ؟ ریخۆڵەیە ؟ دەرون کەوتۆتە کوێی لەشی مرۆڤەوە؟ خۆ ئەگەر مەبەست دڵ بێت ئەوا ئەرکی دڵ بریتیە لە دابەشکردنی خوێن بۆ جەستە وەرگرتنی خوێنی پیس و ناردنی بۆ کارگەی خاوێنکردنەوە و دواتر دابەشکردنەوەی، لەمە زیاتر هیچ ئەرکێکی نیە، ئەوە تەنها مێشکە مەڵبەندی هەموو فرمانەکانە بە کرداری ئاسایی و غەریزی وکاردانەوەشەوە.

ئەوەی کەم و کورتیەک لە مێشکیا هەبێت گرفت لەو کردارانەدا دروست ئەکات وپێی ئەڵین شێت ( کرداری غەریزی وەک ئەوەی تۆ برسیت نیە کەچی نان ئەخۆیت ، کرداری کاردانەوە وەک ئەوەی دەستت ئەچزێ بە ئاگرێکدا دوری ئەخەیتەوە، فۆکۆ فەیلەسوفێکی ناسراوە ودەیان کتێبی هەیە وبۆ دەیان زمان وەرگێڕراون کەچی لە تەمەنی 50 ساڵیدا توشی هەوەسی هاوڕەگەز بازی بوو کە لە ئەنجامی ئەوەوە توشی ئایدز بوو هەر بەوەش لە تەمەنی 57 ساڵیدا مرد، ئەمە یەکێکە لەو کردانەی کە رەنگە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دەرچو بێت هەرچەندە فەیلەسوفیش بوە کەواتە ئەمەش ڕەگێکی تری شێتیە.

ئەم باسەیان دورو درێژە وازی لێئەهێنین ) دکتۆر تۆزێک هێور بوەوە، زانی لەو شێتانە نیم مەترسی بۆ ئەو دروست بکەم، پرسی ئێستا تۆ خۆت لە کام جۆرە شیتانەیت؟ وتم ئەی ئەمە شیتێتی نیە من بۆمۆرکردنی پسوڵەیەک هاتوم ئەم هەڵەوەڕیە ئەکەم و ئەم باسەم لەگەڵ تۆ دامەزراندوە، بە زەردەخەنەیەکەوە وتی تۆ لە شێتە زۆر زیرەک و ئاقڵەکانی، ئەوە خەلەلێکی بچوکە.

کارەکەم لای دکتۆر تەواو بوو، من ئێستە لە تۆی خوێنەری ئەم بابەتە ئەپرسم؟ ئایا تۆ شێت نیت؟ ئەگەر یەکێک لەو سفەتانەی سەرەوەشت تیانەبێت وەک زۆر بڵێی و خەمۆکی وزۆر تورەیی ونەدویی وڕاڕایی وترسنۆکی، ئەوا من بۆت ئەسەلمێنم تۆ شێتی، تۆ ئەم بابەتە گەر بۆ ئەوە ئەخوێنیتەوە کە زانیاریت کەمەو ئەتەوێت شتێک فێر بیت ، ئەوا کەم و کوڕیەک لە زانیاری و مێشکتا هەیە، هەر کەم و کوڕیەکی جەستە پێی ئەوترێ کەمئەندام، بەڵام کەم و کوڕی مێشک پێی ئەوترێت شێتی، ئەگەر بۆ ئەوەش ئەی خوێنیتەوە کە بزانی من چیم نوسیوە وچی ئەڵێم و ئاستی ڕۆشنبیریم چەندە ئەوا تۆ شێتی، ئەوە جۆرێکە لە فزولیەت و ئەمەش جۆرێکە لە شێتی، ئەی پێت وایە من کە ئەم نوسینەم نوسیوە شێت نیم ؟ چیم داوە لەوەی جگە لە سەریەشە بۆ تۆ وخۆشم هەردوکمانم خەریک کردوە کە رەنگە سودی بۆ هیچیشمان نەبێت؟.
 
میشێل فۆکۆ لە کتێبی شێتی و شارستانیەتدا هەمو کۆمەڵگەی ئەوروپی بە لە خۆ بایی وشێت دانا، وتی ئەوان توشی دابڕانێک بوون لە نێوان ئەمڕۆ و دوێنێیاندا و ئاساییە ئەو دابڕانە جیاوازی دروست ئەکات و ئاساییە کە تۆ ئەمڕۆ لە دوێنێی خۆت دابڕێیت و جیاوازبیت بۆیە بوغرایی ناوێت، هەر لەبەر ئەمەش بو بە لایەنگری فەلسەفەی بونیادگەر ناسرا چونکە ئەمە دژی فەلسەفەی مارکسیە کە ئەڵی پەیوەندیە مێژوییەکان پەیوەندیەکی جەدەلی دیالێکتیکیان بە یەکەوە هەیە واتە دوێنێ پەیوەندی بە ئەمڕۆوە هەیە و ئەمڕۆش پەیوەندی بە سبەینێوە هەیە.

لە ڕاستیدا ئەوە پێشەکیەکی درێژ بو بۆ مەبەستێکی کورت کە ئەمویست باسی بکەم ئەوێش ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێمە نەخۆشیەکی کوشەندەی هەیە جیاواز لە زۆر کۆمەڵگای تر و هەر ئەوەشە کە زۆر کێشەی دروست کردوە کە ئەویش نەخۆشی گرێی هەست بە کەمی کردنە ( عقدة الشعور بالنقص )، ساڵەکانی کۆتایی حەفتاکان من ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵی هونەر ووێژەی کوردی بوم سەرۆکی بەشی ئەدەبەکەی بووم ( هونەرەجوانەکانی ئێستا)، بارەگای کۆمەڵەکەمان لە سەر شەقامی مەولەوی بوو کە خەڵکێکی زۆری پیا ئەڕوات.

کاتێک کە درامایەکی کوردی لە بەرهەمی کۆمەڵەی هونەر ووێژەی کوردی پێشکەش ئەکرا لە تەلەفزیۆنە ڕەش و سپیەکەی کەرکوکەوە، بۆ بەیانی ئەکتەرەکان هەمو بە هەمان جلو بەرگی کە لە نمایشەکادا لە بەریانا بو لە بەردەم کۆمەڵدا ئەوەستان، وەک ئەوەی بڵێن ئەوە من بووم ئەمشەو لە تەلەفزێۆن، ئا ئەمەیە حەزکردن بە خۆ دەرخستن ئەنجامی هەست کردن بە کەمی ،واتە کەسایەتی تۆلە ناخی خۆتا ناتەواوە، دەتەوێ بەوە نیشانی بدەیت کە تەواوە، پاش تێپەڕبونی زیاتر لە 40 ساڵ هەمدیس ئەو دیاردەیەم بینیەوە، کەسێکی بەرپرسی حیزبی لە تیڤی قسەی وەرگیرا.

چەند کەسێکی لە پشتەوە بو بە عەینەکی ڕەشەوە، بۆ ڕۆژی دوایی بە هەمان ستایڵ بینیمن لە سەر جادە، وەک ئەوەی بڵێن ئەو پاڵەوانەی دوێنێ ئێمە بوین، برادەر تۆ تەواو شێتی، پاڵەوانێتی نە بە شان وکەتافی ونە بە عەینەکی ڕەش ونە بە قسەی زلە، تۆ هەست بە کەمی و ناتەواوی ئەکەیت، ئەتەوێت بەوجۆرە سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆت ڕاکێشیت، ئەی ئەگەر ئەمە نەخۆشی نەبێت چیە؟ جا باشە کۆمەڵەێک دوای 50 ساڵ ئەم دیاردەیە یا ئەم نەخۆشیە، ئەم شێتێتیەی تیا بێت، ئەبێت چ هیوایەکمان پێی هەبێت، دڵنیاشتان ئەکەمەوە کە ئەمە یەکێکە لە نەخۆشیە هەرە بڵاو وباوەکانی کۆمەڵی ئێمە.


AM:11:27:10/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 3265 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی