خۆگۆڕینی گۆڕان

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی


پێش هەمو شت پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سروشتی دروستبونی گۆڕان، دوای ئەوەی لە‌دوا کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مام جەلال زوربەی گلەیی‌و رەخنەکانی ئاڕاستەی نەوشیروان کرد‌و نەوشیروانیش بە‌چەند ئەڵقەیەک لە‌ڕۆژنامەکاندا وەڵامی دایەوە، کە ئێستا نوسینەکانی هەردوکیان سەبارەت بە‌یەکتری لە‌دوتوێی کتێبێکدا چاپکراوە، هەروەها نەوشیروان مستەفا بینی شکستی خوارد لە‌ڕیفۆرم‌و ئاڵوگۆڕەکانی ناو یەکێتی‌و خۆی زەرەرمەند بو تێیدا‌و لەجێگری ‌سکرتێری یەکمەوە چوە پلەی خوارتر لە‌مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا‌و کۆسرەت رەسوڵ‌و د.بەرهەم بون بە‌سکرتێری یەکەم‌و دوەم، ئیتر نەوشیروان بیری لەوە کردەوە کە یەکێتی جێبهێڵێ، بەڵام حەزیشی بەوە نەبو کە رۆڵی لە‌کوردوستانێکدا نەمێنێ کە خەباتی زۆری تێدا کردوە، خۆ ئەگەر هەر لە‌سەرەتاوە نەوشیروان نیازو مەرامی خۆی بە‌مام جەلال بوتایە، کە نیازی دروستکردنی رێکخراوێکی سیاسی هەیە‌و بەشێک لە‌کادرو ئەندامان‌و سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ خۆی ئەبات، هەڵبەت ئەو هاوکاریەی لە‌مام جەلالەوە دەست نەئەکەوت کە بە‌ناوی کۆمپانیای وشەوە وەریگرت، کە بریتی بو لە‌چەند ملیۆن دۆلارێک‌و ئەو بینایەی کە بۆ فەرمانگەی پاسپۆرت‌و مانەوە لە‌سلێمانی دروستکرابو، لەگەڵ گردی زەرگەتە، نەوشیروان کۆمپانیای وشەی دروستکرد وەک دەستگایەکی میدیایی‌و رۆشنبیری‌و لە‌پاڵ ئەوەدا کەوتە ئەوەی یەکە یەکە‌و بە‌کۆمەڵ کادر‌و ئەندامانی یەکێتی لە‌ڕێکخستنەکانی خوارەوە تا سەرکردایەتی رابکێشێت بۆ ناو ئەو کۆمپانیایە، کاتێکیش کە زانی بوە بە‌خاوەنی ئەو پانتاییە جەماوەرییەی کە خۆی مەبەستێتی، ئیعلانی دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد، زەمینە لەبارەکان چیبون بۆ دروستبون‌و گەورەبونی ئەو بزوتنەوەیە؟ بە‌ڕای من ئەمانەی خوارەوە بون، کە رەنگە کاسانی تر بیرو رای جیاوازیان هەبێت یا خاڵی زیاتریان لە‌پێش چاو بێت، بەڵام هەرە گرنگیان ئەمانەبون:

1-نەوشیروان خۆی وەک کەسێکی خوێنەوار‌و نوسەری ناو سەرکردایەتی سیاسی یەکێتی خاوەنی کەسایەتیەکی وابو کە بەشێکی زۆر لە‌ڕێکخستنەکانی ناو یەکێتی باوەڕیان پێی بو.

2-کەسانێک لە‌ناو یەکێتیدا رازی نەبون لە‌ئەدای یەکێتی‌و ئومێد بڕاوبون لە‌گۆڕانکاری چ لە‌ناو کۆمەڵ‌و چ لە‌ناو یەکێتی، بۆیە ئەو هیوایەیان بە‌نەوشیرواندا هەڵواستی کە گۆڕانکاری بکات لە‌ناو کۆمەڵ‌و سیستمی بەڕیوەبردن.

3-کەسانێکی زۆر هەبون سەردەمانێکی زۆر بەتەمابون پارچە کێکێکیان دەست بکەوێت لە‌ناو یەکێتیدا چ وەک پلەو پایەو چ وەک پارەو دەستکەوتی مادی، بەڵام دوای ئەوەی بەریان نەکەوت‌و نۆرەیان نەهات‌و مەیئوس بون، لەداخا یەکێتیان بەجێهێشت بە‌ئومێدی ئەوەی لەملا شتێکیان دەست بکەوێت.

4-لە ناو یەکێتیدا کەسانێکی زۆر قین لەدڵ هەبون بەرانبەر پارتی، کە هەندێکیان لە‌ڕوی سیاسیەوە ناڕازی بون لە‌سیاسەتی پارتی‌و رەنگە کەسانێکیشیان تیابێت کە زەرەرمەند بوە بە‌دەستی پارتی، یا کەسوکاری لە‌شەڕی ناوخۆدا بەدەستی ئەوان شەهید بوە، ئەم رقە وای کردبو کە ناڕازی بن لەو رێکەوتنە ستراتیژیەی نێوان یەکێتی‌و پارتی‌و، مەکۆیەکیان ئەویست کە دور بێت لە‌هەمو رێکەوتنێکەوە لەگەڵ پارتی‌و بگرە دوژمنی سەرسەختی پارتیش بێت، هەر ئەم گروپە لە‌ناو گۆڕاندا کاریگەری زۆریان هەبو بۆ ئەوەی کە گۆڕان‌و پارتی نەگەنە هیچ رێکەوتنێک.

تا ئێستا گەشتینە ئەو دەرئەنجامەی کە گۆڕان لەسەر لاشەی یەکێتی دروستبو، هەر وەک هەندێک لە‌یەکێتیەکان ئەڵێن ئەوەندەی گۆڕان زەرەری لێدان ئەوەندە بەعس زەرەری لێنەداون، بێگومان هەر حیزب‌و رێکخراوێک کە دروست ئەبێت، ئاساییە کە خەڵکانی لە‌دەرەوەی رێکخراوو حیزبەکانی تر ئەندامی بۆ دروست ببێت‌و لە‌هەمان کاتیشدا لە‌رێکخراوو حیزبەکانی تریش روی تێبکەن، بەڵام رێکخراوی گۆڕان تەنها لە‌ئەندامانی پێشوی یەکێتی دروست بو، هەر بۆیە لە‌هەڵبژاردنەکەی دوای دروستبونی ئەوان دەنگەکانی یەکێتی بو بە‌نیوە کەمترو ئەوانی تر بون بە‌دەنگی گۆڕان، تاکە تاکە خەڵکێک هەبون کە پەیوەندی حیزبیان نەبوە‌و چونەتە پاڵ گۆڕان، بەڵام ئاشکرابو تا ئەو کاتە یەک ئەندامی یەک حیزبی تر نەچوبوە ناو گۆڕان.

گۆڕان سەرەتا وەک ئۆپزسێۆن دەرکەوت‌و بەردەوام رەخنەی لە‌کەم‌و کورتیەکانی حکومەت ئەگرت‌و هەوڵی چاککردنەوەی جەماوەری ئەدا بۆ لێپرسینەوەو داوای مافی خۆ کردن‌و دەست راکێشان بۆ دزیی دەسەڵاتداران، هەر بەو هۆیەوە بوە خاوەنی پانتاییەکی باش لە‌جەماوەر، بەتایبەتی لە‌سلێمانی‌و دەوروبەری، هەر بەو هۆیەشەوە بوە خاوەنی دەنگێکی زۆر لە‌هەڵبژاردنداو سەرکەوتنی بە‌دەست هێنا‌و بوە خاوەنی بڕێکی باش لە‌کورسی پەرلەمان.
هەڵە گەورەکانی گۆڕان:

1- هەر لە‌کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکێک لە‌دروشمەکانیان (بەرەو دەسەڵات) بو، بەڵام کام دەسەڵات ئەو دەسەڵاتەی کە پشکێکی بچوکت بە‌دەستەوە بێت، کە نەتوانی ئەو گۆڕانکاریانە بکەی کە پەیمانت بە‌دەنگدەرانی خۆت دابو؟! ئەگەر حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی ئەوە بکات ئەبێ هیچ نەبێ زۆرینەی دەسەڵاتی حکومەت لای ئەو بێت، بە‌تایبەتی کەناڵە سەرەکیەکان، ئەوسا ئەتوانێ پلانی خۆی جێبەجێ بکات‌و جەماوەرەکەی خۆی رازی بکات، دەنا ئەویش ئەبێت بە‌بەشیک لەو دەسەڵاتە کەمتەرخەمەی کە پێشتر خۆی دژی قسەی ئەکرد‌و رەخنەی لێئەگرت‌و بەمەش جەماوەرەکەی خۆی لە‌دەست ئەدات، رێک گۆڕان وای بەسەر هات، بۆیە ئەبو لە‌پەرلەمان هەر وەک ئۆپۆزسیۆن بمێنێت‌و کورسی دەسەڵات لە‌حکومەتدا قبوڵ نەکات، تا دەنگی دلێر بێت‌و خۆی شەریکی حکومەتێکی شکست خواردو نەبێت.

2- دوای ئەو هەڵەیە کە لە‌خاڵی یەکەمدا باسمان کرد، کە زانی هیچی پێناکرێت ئەبو هەر زو لە‌حکومەت بکشێتەوە پێش ئەوەی دەری بکەن، کە دەریشیانکرد ئەبو زو بێبەری خۆی لەو حکومەتە ئاشکرا بکات‌و وەزیرەکانی‌و پلە باڵاکانی تری کە تا ئێستاش ماون لەو حکومەتە بکشێنێتەوە، نەک دوای چوار ساڵ ئینجا بڕیاری ئەوە بدا ئەویش بە‌نیوە ناچڵی، وەزیرەکان دەست لەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد، بەڵام کۆمەڵێک پۆستی تر دڵیان نایە دەستی لێبەردەن وەک بەڕێوەبەری گشتی‌و قایمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەو پارێزگار… هتد، کە ئەمە ئەوە ئەگەیەنێت هێشتا شەریکن لەو شکستەی حکومەت‌و بەشێکی شانی خۆیان ئەگرێتەوە، بۆیە جەماوەری راپەریوی کوردستان لە‌ڕۆژانی 19و20/12 ئۆفیس‌و بارەگاکانی ئەوانیشیان لە‌چەند شوێنێک سوتاند.

3- لە17 شوباتی 2011 ئەوان هاندەری خۆپیشاندان بون، گەورەترین خۆپیشاندانیش بو لە‌مێژوی ئەم دواییەی سلێمانیدا، بەڵام لەبەر ئەوەی پلانی باشیان نەبو نەیانتوانی باش پێشرەوایەتی بکەن‌و شەرمنانەو ترسنۆکانە خۆیان بە‌خاوەنی ئەزانی، بۆیە جڵەوی خۆپیشاندانەکەیان لە‌دەست داو کەوتە دەست هێزە ئیسلامیەکان‌و کەسانی گێرە شێوێن، بە‌دەستی دەرەکی بوە ئاژاوەو خراپ شکایەوە، بۆیە بە‌فەرمی خۆیان لێبێبەری کردو وتیان ئێمەی لە‌پشتەوە نین‌و پەیوەندیمان پێوەی نیە.

4- هەندێک جموجوڵیتر لە‌بابەتی خۆپیشاندان لە‌دوای ئەوە دروست بو کە ئەمیش سەرەتا بە‌بانگەشەی ئەوان بو بەڵام ئەمەشیان بۆ کۆنترۆڵ نەکراو خەڵکی گێرەشێوێنیان تێکەڵ بو، ئەڕاستەکەی گۆڕا بۆ شڕەخۆری‌و هێرشکردنە سەر دوکان‌و ماڵی خەڵکی‌و تاڵانکردن‌و شکانی گڵۆپ‌و دارتێلی سەر شەقامەکان‌و شکاندنی دارو وێرانکردنی باخچەو سەوزایی سەر شەقامەکان.

لەو چوار خاڵەی سەرەوەدا بۆمان دەرئەکەوێت کە:
1- گۆڕان نەیتوانی شارستانیانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندان بکات‌و بە‌ئەجەنداکردنی داوای جەماوەر بەرجەستەبکات‌و، هەر ئەوانیش بەرپرسن لە‌ناشیرین کردنی خۆپیشاندان تا ئاستێک هەر ئەڵێن خۆپیشاندان بەڕێوەیە دوکاندارەکان کەلوپەلی کۆگاکانیان ئەبەنە ماڵەوە‌و خەڵکی ئەکەونە خۆ بۆ پاراستنی ماڵ‌و شوێنەکانیان، وەک خۆپیشاندان دایمە سروشتی بریتی بوبێت لە‌تاڵانکردن‌و تەعەدا کردن لە‌خەڵکی.
2- شێوازو ناوەڕۆکی ئۆپۆزسیۆن بونیان شێواند، لە‌هەمو دنیا نەبوە لە‌دەسەڵاتیشدا بیت‌و ئۆپۆزسیۆنی ئەو دەسەڵاتەش بیت.

ئێستای گۆڕان
گۆڕان لە‌دوا کۆبونەوەی جڤاتەکەیان بڕیاری ئەوەیان دا کە ببنە ئۆپۆزسیۆن، کە لەو باوەڕەدام ناتوانن هیچ رۆڵێکی کاریگەریان هابێت نە بۆ چاکسازی‌و نە بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

1- ئەوانەی سەرکردایەتی گۆڕان ئەکەن نە لەدەرەوەی دەسەڵات‌و نە لە‌ناوەوەی دەسەڵات گۆڕانکاریان پێناکرێت، نەک تەنها بە‌ڕای من بەڵکو ئەوەی ئێستا لە‌شەقامدا باس ئەکرێت، ئەوەیە کە ئەمانە خۆیان کاتێک لە‌ترۆپکی دەسەڵاتدا بون لە‌ناو یەکێتیدا کە یەکێتی ئەو کاتە یەکێک بو لە‌حیزبە‌‌گەورە کاریگەرەکانی سەر گۆڕەپانی باشوری کوردستان، بۆ نەیانتوانی هیچ گۆڕانکاریەک بکەن، هەر ئەوان نەبون لە‌مەکتەبی سیاسی یەکیتی کە کارگوزارێک نەیئەتوانی لە‌فەرمانگەیەکدا دامەزرێت، پشتگیری ئەوانی پێنەبوایە، ئەی خێرە ئێستا سەدو هەشتا پلە گۆڕاون، بەو پەلەپەلە هەر کراس‌و بۆینباخ ئەگۆڕێ نەک فکر‌و مێشک.

2- ئەوەتا تا ئێستاش لە‌دەسەڵاتێکی گەندەڵ دڵیان نایە هەندێک لە‌بەرپرسە حکومیەکانی ئەوان کە لەسەر لیستی ئەوان دانراون بیانکشێننەوە

3- گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی عیلمانی دیموکراسی سەیر ئەکرا، ئێستا دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی، کام عیلمانی‌و کام دیموکراسی، کە ئاشکرایە کۆمەڵی ئیسلامی لە‌سەر بناغەی ئیخوانەو پەلێکی بە‌دەست ئەوانەوەیەو پەلەکەی تریشی دەسەڵاتی شیعەی دەوڵەتی ئیسلامی یاری پێئەکات‌و ئەشیەوێ بە‌زوترین کات بیداتە دەست فەرمانڕەوایانی شیعەی عێراقی‌و هەر بۆ ئەوەش کار ئەکات، کەواتە گۆڕان بەو سیاسەتە رازیە کە کوردوستان بگەڕێتەوە بندەستی حوکمی شۆڤێنی‌و رەگەزپەرستی عێراق، ناتوانن نکوڵی لەوە بکەن ئەوەتا ئەندام پەرلەمانەکانیان لە‌پەرلەمانی عێراق کار بۆ ئەوە ئەکەن‌و لە‌چەند بۆنەدا ئەوەیان سەلماندوە.

ئیتر ئەم سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن بونەی لەگەڵ کام رێبازی نیشتمان پەروەری‌و دیموکراسیدا یەک ئەگرێتەوە، بۆیە بەڕای من گۆڕان شەقامی کوردی دۆڕان‌و جارێکی تر نابێتەوە بە‌خاوەنی ئەو ژمارە کورسیەی کە ئێستا هەیەتی.


PM:03:39:27/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 3876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی