‌کاردەکەین بۆ بەپارێزگاکردنی دەڤەری ڕاپەڕین
PM:11:45:23/09/2020
بەیار عومەر

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

کاردەکەین بۆ بەپارێزگاکردنی دەڤەری ڕاپەڕین و بەهەرێمکردنی ئەم سنورە.

پێش سیاسەتی (سەربەخۆیی ئابوری)، حکومەتی عێراق موچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی دەنارد، کە ببوە هۆی دابینکردنی ڕادەیەک لە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان. 

لەو کاتەوەی حکومەتی هەرێم نەوت و گاز هەناردە دەکات، حکومەتی عێراق موچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی وەستاندوە یان بە کەمی دەینێرێت؛ پاساوەکەی ئەوەیە کە مادەم حکومەتی هەرێم نەوت هەناردە دەکات، کەواتە دەبێت خۆی هاوڵاتیانی سنورەکەی بژێنێت. بەڵام بە تێپەڕبونی کات دەرکەوت فرۆشتنی نەوت بوە هۆی دەوڵەمەندکردنی چەند بنەماڵەیەکی سیاسی و هەژاربونی کۆمەڵگەی کوردی.

ئەگەر ئەم دەڤەرەی خۆمان بکەین بە هەرێمێک، کە بریتی بێت لە چوار پارێزگا (سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان)، یەکەم حکومەتی عێراق (موچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان) دەنێرێت. موچە جگە لەوەی فەرمانبەران دەبوژێنێتەوە، دەبێتە هۆی جوڵاندنی بازاڕ. بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش دەبێتە هۆی جوڵاندنی پرۆژەکان و کەوتنەوە سەر کاری چەندین کرێکار و وەستا و ئەندازیار. دیسان ئەمەش بازار دەبوژێنێتەوە.

هەروەها بە پارەی پەترۆدۆلار دەتوانین چەندین پرۆژەی ستراتیژی جێبەجێبکەین، لانی کەم چەند بەنداوێک دروستبکەین لە ناوچەکەی خۆماندا، کە دەبێتەهۆی سەرچاوەی ئاو و کارەبا و سامانی ماسی، هەروەها کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی دەبوژێنێتەوە. 

وڵاتێکی وەکو قەتەر تەنها گازی هەیە، بوە بە وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند و خۆشگوزەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕوبەری وڵاتی قەتەر نزیکەی نیوەی پارێزگای سلێمانیە. قەتەر نزیکەی ١١ هەزار کیلۆمەتر دوجایە، لەکاتێکدا پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٢٠ هەزار کیلۆمەتر دوجایە. 

ژمارەی دانیشتوانی قەتەر نزیکەی ٢.٣ ملیۆن کەسە، بەڵام تەنها نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیان خەلکی قەتەرن، ٢ ملیۆنەکەی تر خەلکی بیانین هاتون بۆ کار. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی، نزیکەی ٢.٥ ملیۆن کەسە. چەندین دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان لەم دەڤەرەی ئێمەدا هەن، کە دەتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی.

پارێزگای سلێمانی تەنها گازی نیە، بەڵکو نەوتی هەیە، زەوی کشتوکاڵی بەپیتی هەیە، دەستی کاری هەیە بۆ پێشخستنی پیشەسازی، هەروەها ناوچەی گەشتیاری دڵڕفێنی تێدایە. واتە لەم دەڤەرەدا چەندین فاکتەر ئامادەییان هەیە بۆ ئەوەی ببین بە یەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی جیهان. 

سەبارەت بە مەسەلە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەکانیش، هەرکات توانیمان ژێرخانی ئابوریمان پتەوبکەین، دەتوانین وەک دوو هەرێمی فیدرالی یەکبگرینەوە. چونکە کە بنەمای ئابوریمان بەهێز بوو، بەرگەی ئابڵوقەی ئابوری دەگرین و زیاتر ئامادە دەبین بۆ سەربەخۆیی، ئەگەر گەلەکەمان ویستی. 

ئەگەر هەندێک کەس پێیانوابێت تەنها بە کۆمەڵێک دروشمی بەتاڵ و بێ بنیادنانی ژێرخانی ئابوری دەتوانرێت سەربەخۆیی بەدەستبهێنرێت، ئەوا ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە باشترین وەڵامە بۆیان.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.