‌زیانه‌كانی سیسته‌می مه‌ركه‌زی
PM:02:01:25/12/2018
بەیار عومەر


ئه‌گه‌ر سه‌یری پرۆژه‌ حكومیه‌كان بكه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وا ده‌بینین كه‌ نەک هەر ژمارەی‌ پرۆژە حکومیەکان لە هەولێری پایته‌خت زۆر زیاترە لە پارێزگاكانی سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، بەڵکو کوالیتیشیان لە هەولێری پایته‌خت زۆر بەرزترە لە چاو شارەکانی‌ تردا. چونکە کە نیزامی‌ سیاسی و ئابوری‌ مەرکەزی‌ بو، هەتا لە پایتەخت دورکەویتەوە، حکومەت لاواز دەبێت، و چاودێری و لێپرسینەوە کاڵ دەبێتەوە، وە لە ئەنجامدا ژمارە و کوالیتی‌ پرۆژە گشتییەکانی دەرەوەی پایته‌خت دادەبەزن.

سیستەمی‌ سیاسی و هەروەها پرۆسەی‌ بڕیاردان لە کوردستاندا ته‌واو مەرکەزیە، کە ئەمەش کاری دامودەزگاکانی‌ لە پارێزگاکان پەکخستوە و ناعەدالەتی‌ جوگرافی زیاد کردوە. پۆلێنکردن و هەڵبژاردنی‌ کات و شوێنی‌ هەر پرۆژەیەکی‌ خزمەتگوزاری‌ کارێکی‌ گرانە و پەیوەستە بە چەندەها فاکتەری‌ ناوخۆییه‌وه‌، کە تەنها حکومەتی‌ خۆجێی دەتوانێت بڕیاری لێبدات، لەبەر ئەوەی‌ زانیاری لەسەر ناوچەکەی‌ خۆی زیاترە وەک لە حکومەتی‌ ناوەندی‌. له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا، حکومەتی‌ خۆجێیی بڕیارده‌دات له‌ پرۆژەی خزمەتگوزاری‌ جیاواز لە شوێن و کاتی‌ جیاوازدا، هه‌روه‌ها پاره‌یان بۆ دابینده‌كات. لە کوردستاندا لە جیاتی‌ حکومەتی‌ خۆجێی، حکومەتی‌ ناوەندی و وه‌زاره‌ته‌كان لە هەولێر بڕیاردەده‌ن چ پرۆژەیەک و کەی‌ و لە کوێ جێبەجێ دەکرێن و چۆن بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت. ئەم جۆرە سیاسەتە مەرکەزیە کاری دام و دەزگا خۆجێیه‌كانی پەک خستوە لە دەرەوەی‌ پایتەخت.

سه‌رباری قه‌یرانی ئابوری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت نه‌ك هه‌ر شه‌قامی (100)مه‌تری، به‌ڵكو شەقامی (120)مەتریش ته‌واوكراوه و وا خه‌ریكه‌ شه‌قامی (150)مه‌تریش ئه‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، لە سلێمانی‌ هێشا شەقامی (100)مەتری جێبەجێ نەکراوەو بەبیانوی‌ جیاجیاوە دەخرێتە پەراوێزەوە. ئه‌مه‌ زوڵمێكی ئاشكرای پارتیه‌ له‌م سنوره‌ی ده‌كات،‌ كه‌ بۆ سنوری خۆی بودجه‌ هه‌یه‌ و بۆ ئه‌م سنوره‌ نیه‌. به‌ڵام پارتی بۆ ئه‌وه‌ی گله‌یی نه‌یه‌ته‌ سه‌ر و نه‌ڵێن بۆچی بۆ هه‌ولێر بودجه‌ هه‌یه‌ و بۆ سلێمانی نیه‌، ناچار سه‌رۆكی حكومه‌ت لێدوانێكی ساخته‌ی بۆ میدیاكاندا و وتی گوایه‌ كۆمپانیایه‌كی خۆماڵی له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی و به‌ قه‌رز ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی جێبه‌جێكردوه‌.

ئه‌مه‌ گاڵته‌كردنه‌ به‌ عه‌قڵ و هه‌ستی هاوڵاتیانی ئه‌م سنوره‌. بۆچی؟ چونكه‌ له‌ كاتێكدا زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌زانن كه‌ جاده‌ی (120)مه‌تری كه‌ درێژیه‌كه‌ی (38)كیلۆمه‌تره و ده‌یه‌ها پرد و تونێلی تیایه‌ و (450)ملیۆن دۆلاری تێچوه‌، له‌ ده‌سه‌ڵاتی هیچ كۆمپانیایه‌كی خۆماڵیدا نیه‌ له‌سه‌ر حسابی خۆی پرۆژه‌یه‌كی وا زه‌به‌لاح به‌ قه‌رز جێبه‌جێ بكات، به‌ تایبه‌تی كه‌ زۆرینه‌ی كۆمپانیاكان توشی قیران و كه‌م پاره‌یی بونه‌ته‌وه‌،. ئه‌گه‌ر پاره‌شیان هه‌بێت، متمانه‌یان به‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ پته‌و نیه‌ تا پاره‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ پرۆژه‌یه‌كی حكومیه‌وه‌ له‌ كاتێكدا به‌ ‌به‌رچاویانه‌وه‌ حكومه‌ت چه‌ندین به‌ڵێنده‌ری مایه‌پوچكردوه‌.

بۆیه راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ پارتی له‌ بودجه‌ی گشتی و داهاتی نه‌وت به‌ ملیاره‌ها دۆلار ده‌بات؛ به‌شێكی بۆ بنه‌ماڵه‌ و به‌شێكیشی ژێربه‌ژێر ده‌ده‌ن به‌و‌ كۆمپانیایانه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ سه‌ر به‌خۆیانن، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی هه‌ولێر و سنوری زه‌ردی پێجێبه‌جێبكه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ سنوری سه‌وز و نیلیدا زۆرینه‌ی پرۆژه‌كان وه‌ستاون و ته‌نانه‌ت یەک ملیۆن دۆلاریش نیه‌ پردێكی پێته‌واوبكرێت.

ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تێك كه‌ كورد به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، سه‌یره‌ دڵی دێت وا له‌ سلێمانی و سنوری سه‌وز و نیلی بكات. به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ به‌ سلێمانی و ئه‌م سنوره‌یان كردوه‌ له‌ ڕوی سزای ئابوریه‌وه‌ حكومه‌تی به‌عسیش نه‌یكردوه‌. سلێمانی‌ کۆمەڵێک شاڕێی تێدایە کە بە داخەوە هەموی‌ لە زەمەنی‌ ڕژێمی‌ دیکتاتۆری بەعسدا دروستکراون، وەک شاڕێی سالم،  توی‌ مەلیک، شەقامی‌ بازنەیی مەلیک مەحمود (شەقامی‌ شەست مەتری‌)، و چەند شاڕێیەکی‌ تر. چ لۆجیکێک دەتوانێت ئەوە ڕونبکاتەوە کە حکومەتی‌ بەعسی دژە کورد ئەو هەمو شەقام و شاڕێیەی‌ بۆ سلێمانی‌ دروست کردبێت، بەڵام دەسەڵاتی‌ خۆبەخۆی کورد نەتوانێت هەر هیچ نەبێت شەقامی‌ (100)مەتری دروست بکات، یان لانی کەم چەند شاڕێیەک دروست بکات کە شەقامی‌ شەست مەتری‌ ببەستێتەوە بەو گەڕەکانەی‌ تازە دروست بون. به‌ هه‌مان شێوه‌، پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌كانی رێگای (رانیه‌ - دوكان)، (ده‌ربه‌ندیخان – سلێمانی)، (هه‌ڵه‌بجه - سه‌یدسادق)، (پێنجوێن - سه‌یدسادق) كاركردن تیایاندا وه‌ستاوه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پاره‌ی نیه‌‌.

حكومه‌تی هه‌رێم له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی شاڕێیه‌كی ئابوری گرنگی وه‌ك سلێمانی – ده‌ربه‌ندیخان تا ئه‌گات به په‌روێزخان له‌سه‌ر سنوری‌ ئێران چاك بكات و فراوانی بكات، كه‌ هه‌م كاره‌ساتی هاتوچۆ كه‌مده‌كاته‌وه‌ و‌ بازرگانی و ئابوری ئه‌م سنوره‌ش زیاترده‌بوژێنێته‌وه‌‌ و هه‌لی كار دروستده‌كات، كه‌ ئه‌میش‌ جێگیری سیاسی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ زه‌لیلی ده‌ستی پارتیه‌،‌ ئه‌یه‌وێت‌ له‌ ڕێی ڕێگریكردن له‌ چه‌نده‌ها پرۆژه‌ی ستراتیژی له‌م جۆره‌وه‌، ئه‌م سنوره‌ و خه‌لكه‌كه‌ی به‌ره‌و برسێتی وهه‌ژاری زیاتر به‌رێت و سه‌ره‌نجام ناجێگیری سیاسی و خۆپیشاندانی زیاتر ڕوبكاته‌ ئه‌م سنوره‌ و له‌و ڕێیه‌وه‌ گۆڕان و یه‌كێتی و حزبه‌كانی ئه‌م سنوره‌ لاوازبكات و دواجار خۆی ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م سنوره‌دا بگرێت.

ئه‌بێت ئه‌م سنوره‌ فریای خۆی بكه‌وێت تا زیاتر كار له‌ كار نه‌ترازاوه‌ و ئابوریه‌كه‌ی زیاتر به‌ره‌و داڕوخان نه‌چوه‌. ئه‌وه‌ش به‌وه‌ ئه‌كرێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و فیدرالی بكات؛ واته‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك داهاتی و بودجه‌ی خۆی جیابێت و ده‌سه‌ڵاتی ئیداری ته‌واوی هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌نده‌ها پرۆژه‌ی ستراتیژی. ‌ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین له‌ ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ په‌یڕه‌وی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و كانتۆنه‌كان ئه‌كه‌ن، له‌ هه‌ندێك له‌ كانتۆنه‌كاندا كه‌ هه‌موی چه‌ند ساڵێكی كه‌مه‌ دروستبون و به‌رده‌وام ڕوبه‌ڕوی شه‌ڕ و هێرش بونه‌ته‌وه‌، كه‌چی توانیویانه‌ (24)كاتژمێر كاره‌با دابینبكه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پاش (27)ساڵ حكومڕانی مه‌ركه‌زی هێشتا رۆژی (7)كاتژمێر كاره‌با هه‌یه‌.

‌بێگومان هه‌مومان پێمانخۆشه‌ كه‌ هه‌ولێری پایته‌خت زۆر له‌وه‌ش پێشكه‌وتوتر بێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك له‌سه‌ر حسابی دواكه‌وتنی شار و ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م زوڵمه‌ لێكه‌وته‌ی سیاسی و نیشتیمانی قوڵی ئه‌بێت و دور نیه‌ لێكترازانی هه‌رێمی كوردستانیشی لێبكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ دنیادا یه‌كێك له‌ پایه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی دروستكردن و مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ شار و شارۆچكه‌یه‌ك زوڵمیان لێنه‌كرێت و هه‌مویان به‌ یه‌ك چاو سه‌یربكرێن و هه‌مو هاوڵاتیه‌ك له‌هه‌ر شوێنێكی كوردستانه‌ خۆی به‌ به‌شێك له‌م نیشتیمانه‌ بزانێت و ئاماده‌بێت خاكه‌كه‌ی و كیانه‌كه‌ی بپارێزێت. ئه‌مه‌ش به‌ دروشم و قسه‌ی قه‌به‌ دروستنابێت؛ حكومه‌تێك زوڵم له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان بكات و پاشان داوای وه‌لائ و دلسۆزیان لێبكات و پێی وابێت كه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك دروشمی نیشتیمانی به‌تاڵ ئه‌توانێت فریویان بدات، ئه‌وه‌ خه‌یاڵخاویه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و فیدراڵی په‌یڕه‌وبكرێت، و هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌ك گرنگی پێبدرێت و جۆرێك له‌ گه‌شه‌ی ئابوری یه‌كسان له‌ هه‌مو كوردستاندا په‌یڕه‌وبكرێت و هه‌ر هاوڵاتیه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێكی كوردستانه‌ هه‌ست بكات بودجه‌ی كوردستان به‌شی ئه‌و و ناوچه‌كه‌ی ئه‌وی تیایه و سنوره‌كه‌ی بوژاوه‌ته‌وه‌ و هه‌لی كاری ده‌ستئه‌كه‌وێت و زوڵم له‌ خۆی و سنوره‌كه‌ی نه‌كراوه‌، ئیتر ئه‌و هاوڵاتیه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ دروشمی قه‌به‌ و شتی له‌و بابه‌ته‌ بێت، وڵاته‌كه‌ و حكومه‌ته‌كه‌ی خۆش ئه‌وێت و ئاماده‌ ئه‌بێت خۆی له‌پێناویدا به‌خت بكات.

ئه‌م بابه‌ته 205 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.