میللەتێکی دژەجوانی!

‌ شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی

هەرگیز لەسەر شێوە و روخسار خەڵکم پۆلین نەکردووە بەڵام هەر بەڕاستی ئەو پرسیارە زۆر ئەکرێ لە شەقامی عێراقی..

بۆچی جوان و بەهرەوەر و بێ کێشە و بێ پشت و پەناکان ئەکوژرێن و هی وەک ئەو پەرلەمانتارانەش ئەمێنن؟!
خۆ ئەگەر زۆربڵێی بێ ئەوەندەی شیڕەشیڕی ئەو ژنانە لە کەناڵەکان و ناو پەرلەمان ئەبیسرێ بەبێ گوێدانە هیچ ئەتەکێتێکی ئاخاوتن، ئەوەندە لەو مۆدیلیست و پسپۆرانەی جوانکاری نابینرێ!

ئەگەر مەسەلە ماڵ و موڵک و قووتی میللەتە ئەوا پەرلەمانتارەکانی عێراق هیچیان مانگێ لە سی ملیۆن کەمتر وەرناگرن، (خاتریشم گرتوون چونکە باسی میزانیە و ئیفاد و مێوانداری و خانوو و شوقە و بەنزین و خواردن و شتی تر هەر ناکەم)، لەکاتێکدا ئەوانەی تر بە ماندووبوونی خۆیان لە ساڵۆن و دیزایەنی جل و بەرگ و جوانکاری ئەژین!

ئەگەر وابزانن ئەو خانمانەی کوژراون بەدڕەوشتن خۆ رۆژانە چەندین کچ و خوشک و هاوسەری بەرپرسانی عیراقی و بەو ژنە پەرلەمانتارانەشەوە سەرە بۆ ساڵۆنەکانیان ئەگرن، ئنجا ئەوەندەی ژنیش لەناو ناوەندی سیاسی و حزبی و لای قورئانخوێن و حوجرەکان سووکایەتی پێ ئەکرێ لە ساڵۆن و سەرجادەنا.

پێم ناڵێن بۆ لە هەفتەیەکدا چوار لەو ژنانە بکوژرێن و چەندین دەمدرێژ و حەپلەخۆری لەو شێوەیەش بەناوی یاسا و سیاسەت لە پەرلەمان قاچ ڕاکێشن؟!


PM:03:52:13/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 2169 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی