ژن و پۆست
شیلان دهرگهڵهیی
من هەرگیز فێمینست نەبووم، نە لە بیرکردنەوە، نە لە هەڵسوکەوتیش، بەڵام هەر خواستیشم بووە لە هەرکوێ کچ یا ژنێکی باش و پاکی شایستە بە پۆست و پلەیەک هەبێ پاڵپشتی بکرێ، تا بگاتە ئەو شوێنە شیاوە.
خۆم لەنێوان ژنێکی نەشیاو بە پۆستێک و پیاوێکی شیاو بەو پۆستە، دەنگ بۆ پیاوەکە دەدەم، واتە مەبەستم نییە تەنها لەسەر بنەمای ڕەگەز خەڵک بێتە پێش، بەڵکو توانا و ئەزموون و دڵسۆزیی و پاکی بكرێته پێوهر بهبێ ههوڵدان بۆ باڵانسی جێندهری بهبێ لهبهرچاوگرتنی توانا و كارامهیی، بەڵام کۆتی داب و نەریت و دین رێگای لە ژن گرتووە وەک پێویست تواناکانی دەربخات و بناسرێ، بۆیە لەسەر ژنان پێویستە دەرکەون و لەسەر ئێمەی هاوڕەگەز و پیاوانیش پێویستە پشتیان بگرین، هاوکاریان بین، دڵخۆشبین بە سەرکەوتنیان.
ئەوە خواستمی منە بۆ ژنە رۆشنبیر و چالاک و بەتوانا و بەهرەوەرەکان. هەڵبژاردن دێتە پێش، هەقە هەموومان کار بۆ هێنانەپێشی کچ و ژنی چاک و پاک و دڵسۆز و کارا بکەین، با لەسەر بنەمای خزمایەتی و هاوڕێیهتی و ناوچەگەرێتی کەس نەهێنینەپێش. با پاڵپشتی بەرپرس و بڕوانامە و سەروەت و روخسار هێز و پێوەرنەبن بۆ بەرزکردنەوەی کەس. مەرج نییە خەباتی شار و شاخی پێش ڕاپەڕین بکەینە پێوەر، ئەگەر وابێ کەسی لە 50 ساڵی گەنجتر ناتوانێ بێتەپێش، لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە ژن و پیاو خەڵک دەرچووە، نە رۆژێک پێشمەرگە بووە نە رێکخستنی نهێنیش، بەڵام لە بوارە جیاجیاکانی تر خزمەتی بەرچاوی هەبووە و کەسی خۆشەویست و دیاری ناو کۆمەڵ بووە، لەکاتێکدا هیچ خزمەتێکیشی بە مەبەستی خۆکاندیدکردنی نەبووە، بەڵام دەنگدەر ئەو کەسەی بەشایستەی نوێنەرایەتی خۆی زانیوە و دەنگی پێداوە.
کاندید دەبێ گورج و گۆڵ و چالاک و ناسراو و خاوەن کەسایەتی دیار و دڵسۆزی میللەتی و خاک، ئینجا حزبەکەی بێ، رابردووێکی جوان لە دەست و زمان و داوێن پاکی ههبێت. کەسی ناو کۆمەڵ و هاوڕێکانی بێ نەک لەپڕ و لەکاتی هەڵبژاردن رۆژانە لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی سەدان هاوڕێ پەیدابکا و لە رۆژێکدا وەک (خان-ڕشێن) سەر بەهەموو ماڵێکدا بکا و تەلەفۆنی ناسیاو و نەناسیاو بکا و هێشتاش دەم و چاویشیمان نەدیوە!
کاتێک خۆت کاندید بکە کە دەزانی خزمەتێکت کردووە ئەوڕۆ بێتەوە رێگات نەک بە دوو سێ هەزار لایک و کۆمێنتی فەیس بووک بچیتە هەوا و دواییش بکەویتە زەوی و تووشی بێ ئومێدیش ببیت!
هیوادارم ئەوجارە نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان بە کۆمەڵێک خانمی بەتوانا و چالاک و چاک لەهەموو لیستەکان پڕ ببنەوە، بهبێ غیرەکردن لە سەرکەوتن و دەرکەوتنی یەکتر، ئێمەش وەک ژن سەرمان پێیان بەرزبێ.
کاتی ئەوە هاتووە بە پیاو بڵێین: ژن هەر پاککەرەوە و چێشتلێنەر و دەزگای منداڵ دروستکردن و بەخێوکردن و خزمەتکاری تۆ و جاریە و کەرەسەی چێژ و خۆشیەکانت نییە وەک زۆر لەبەناو رۆشن(بیر)ەکانیش هەر وا هەڵس و کەوت لەگەڵ ژن دەکەن.
ئێمەی ژنیش هەقە ئەو روانینەی پیاو بگۆڕین، بەڵام بە جنێوفرۆشی و دژایەتیکردنیان نا، بەڵکو بە دەرخستنی بەهرە و توانا و دڵسۆزی و سەلماندنی بوونمان لە بوارە جیاجیاکان. وهرگرتنی پۆست و بهرپرسیارێتی و نوێنهرایهتی خهڵك دهرفهتێكی زۆر گرنگه بۆ دهرخستنی توانای ژن و كارامهیی، به تایبهتیش له مهسهلهی نوێنهرایهتی و ئهو بهپرسیارێتیانهی ژن به ههڵبژاردن و متمانهی خهڵك بۆخی مسۆگهری دهكات و بهدهستی دههێنێت نهك به دامهزراندن و فهرز كردن.
AM:11:26:28/07/2018
ئهم بابهته 2231
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی