هەستی دۆڕاندن!

‌ شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی



هیلاری کلنتن لەدوای هەڵبژاردنی ترامپ بیرەوەریەکانی خۆی نووسیەوە بەناوی (چی ڕویدا). کە ئەو کتێبە ئەخوێنمەوە وائەزانم (چیم دی) ئەحمەد خواجە ئەخوێنمەوە لەزۆر وردەکاریدا، چێژێکی تایبەت ئەبەخشێ. هیلاری زۆر بەوردی باس لە ئەزموونی خۆکاندیدکردن و ماوەی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی خۆی و هاوکاریی کلنتنی هاوسەری و بەرپرس و ئەندامان و هەوادارانی خۆی و حزبەکەی ئەکا. بە ویژدانەوە باس لە هەموویان ئەکا و دۆڕاندنیشی ناخاتە ئەستۆی حزبەکەی و جەماوەری دەنگدەریش.

 ئەو کتێبەم کڕی بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە دەمی ژنێکەوە ئەزموونی هەڵبژاردنێکی وا گەورە ببینم، بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەی 30 لاپەرەیەک گەورەیی و سادەیی و ڕاستگۆیی ئەو ژنەم بۆ دەرکەوت کە باس لە چرکەساتەکانی بردنەوەی ترامپ ئەکا، کاتێک ترامپ ئەچێتە بەردەم خەڵک و خۆشحاڵی سەرکەوتن بە روخساریەوە دیارە و ئەویش پیرۆزبایی لێ ئەکا، لەوکاتەدا خۆی دێتە بەرچاو و حەزئەکا ئەو لەشوێنی ترامپ لەسەر ئەو ستەیجە بوایە و قسەی بۆ خەڵک کردبا.

دواتر ئەوێ جێ ئەهێڵێ بەرەو ماڵ، بەناو ئاپۆرای خەڵک، بەشێکی ئەگری و بەشێک فرمێسک لەچاوی قەتیس ماوە و بەشێکیش بەچاوی شەفەقە و سۆز سەیری ئەکا. ئەچێتەوە ماڵ لەگەڵ هاوسەری، ئنجا ئەچێتە ژووری خەوتن و باش ئەخەوێ، رۆژی دوایی کاتێکی خۆش لەگەڵ خێزانەکەی بەسەرئەبا، بەتایبەتی کچەزاکەی!

ئەو ژنە هەرچەندە دەرنەچوونی وەک شۆک وابوو بۆ خۆی و هەوادارانیشی بەڵام ئەنجامەکەی قبوول بوو، وەک وانەیەکی ژیانیش وەریگرت، تاوانیشی نەخستەسەر کەس، هەنگاوی تازەشی نایەوە بەرەو بەرزی نەک لەکەدارکردنی خۆی یا رسواکردنی حزبەکەی و جەماوەر و گەلەکەشی. ئەزانین تامی دۆڕاندن تاڵە بەڵام با ئەو تاڵیە نەکەینە قوڕگی کەس و لایەنەکانی تر، با خۆمان بەدوای هۆیەکانی دۆڕاندندا بچین لەجیاتی گلەییکردن لە کەس و لایەنی تر،

 هەرچەندی سەرکەوتوو و براوەبین لە ژیان، لەهەندێک شتی تر هەر دۆڕاندوومانە، کەس نیە لەهەموو بوارێک براوەبێ کەسیش نیە هەمووشتێک بەدەستبێنێ بۆیە هەقە ئێمەش وەک حزب و بزووتنەوە و گەل و تاکیش لەسەر ئەو نەهجە کار بۆ خۆمان و حزب و میللەتیش بکەین، کە سەرکەوتین دڵخۆشبین و لەخۆبایی نەبین، لە دۆڕاندنیش ئەنجامەکەمان قبوول بێ و کەسیش تاوانبار نەکەین و بەمەبەستی دژایەتیکردنی و لێدانی لایەنی براوە کوتەک لە گەلەکەشمان بدەین.


AM:11:32:14/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1886 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی