ژن بەنرخترین چەکی شەڕی هەڵبژاردن
شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی
لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق دا، بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی قێزەوەنی کاندیدە ژنەکان( کورد و عەرەب)یش دەستیپێکرد، بەبێ رەچاوکردنی هیچ یاسا و رێسا‌و داب و نەریتێکی کۆمەڵایەتیی و ئاینی.
من باس لە هەڵەی ئەو ژنانە ناکەم و هیچ پاساوێکیشیان بۆ ناهێنمەوە کە لە ژووری خەوتنی بەدەستی خۆی یا بە ڕەزامەندی خۆی وێنەی دەگیرێ، ئەوە ده‌به‌نگییه‌كی گەورەیە، به‌تایبه‌تیش بۆ ژنێك كه زۆر باش كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی و ده‌وروبه‌ری ده‌ناسێت و له مه‌ترسی ئه‌و جۆره كارانه تێده‌گات. باسیش لە نابەرپرسیارێتی ئەو (نا)پیاوە ناکەم کەبێ سڵکردنەوە لە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی ژنەکەی یا خۆشەویستەکەی دیمەنەکان ریکۆرد دەکات و دواییش بڵاویان ده‌کاتەوە.
ئەو پیاوەی بە مەبەستی لێدانی حزبێکی تر وێنە و ڤیدیۆی ژنێک بڵاودەکاتەوە ئەوەیە: کە هەموو شەرەفی پیاو یا خێڵ و حزب و لایەن لە دامێنی ژن‌دا دەبینێتەوە، خۆ خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی و دزی و پاشقوڵگرتن و ماستاوچێتی و سپڵەییش هەموویان هەر بەدڕەوشتین، ئەگەر باس لە رەوشتی کۆمەڵایەتیی بکەین، با ئەو جۆرە پیاوانەش رسوابکرێن.
کاتێک پیاوێک ڤیدیۆی خۆی و هاوسەرەکەی بڵاودەکاتەوە بۆ شکاندن و سووککردنی هاوسەری و تێکدانی شیرازەی خێزانەکەیەتی یا ئازایەتیە؟
وا بڕوا متمانەی خێزانییش نامێنێ و ژن لە هاوسەری خۆی دەکەوێتە گومان و دەترسێ و ناهەقیش نییە، ئاخر رۆژانە وەک چۆن بینەر له كوردستان چاوەڕێی ئەڵقەیەکی تازەی زنجیرە ته‌له‌فزیۆنییه‌كان دەکات، به هه‌مان شێوه چاوه‌ڕێی ڤیدیۆی خانمە کاندیدێکی تر دەکات، لەگەڵ ڕێزم بۆ کاندیدە باش و چاکەکان.
به داخه‌وه ئێستا هەڵمەتی بانگه‌شه‌ی زۆر لایه‌ن گۆڕاوە، لەجیاتی پلان و بەرنامەی کاریان بۆ چوار ساڵ و خۆناساندنیان بە ئەجندایەکی باش و توانای کاندیدی باش، خەریکی شاندن و لێدان و ئابڕووبردنی لایەنەکانی ترن. زۆرتریش به داخه‌وه
كه ژنیش کراوە بە نرخترین کاڵای هەڵمەتەکە، برادەرێک گوتی:
ڤیدیۆی ژنێکی کاندید بە نیو ملیۆن دۆلار فرۆشراوە بۆ لێدانی حزبەکەی.
بۆ هێزێكی سیاسی كه خاوه‌ن دنیابینییه‌كی سیاسی سه‌رده‌میانه‌وه خاوه‌ن ئه‌خلاقی سیاسی نه‌رێنی بێت ده‌یتوانی به‌و نیو ملیۆنە باشترین هەڵمەتی چاک و پاکی پێ بکرایە و خەڵکی تریش سوودی لێ ببینێت، نەک چوونە ژووری خەوتنی دوو کەس تەنانەت ئەگەر (لەشفرۆش) و (لەشکڕ)یش بن بكاته بابه‌تی بانگه‌شه كردن.
خۆزگە هاوڵاتی ده‌نگده‌ری باشووری كوردستان هەڵبژاردنی ئه‌مجاره‌یان ده‌كرده شه‌ن كردنێك بۆ له‌یه‌كتر جیاكردنه‌وه‌ی حیزبی ره‌سه‌ن و به‌رپرسیار له حیزب و عه‌قڵیه‌تی داشۆراو له به‌های به‌رز و جوان و حیزبی قسه و به‌ڵێن و بێ ده‌ربه‌ست له ژیانی خه‌ڵكی و نه‌ریته باوه جوانه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
PM:06:10:04/05/2018
ئه‌م بابه‌ته 3107
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی