عەقڵ لە دایک و باوک باشترە!!

‌ شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی


بەر لە چەند هەفتەیەک ئیمەیلێکم لە ئۆفیسی ئەو کۆمپانیاوە بۆ هات کە کاری وەرگێڕانیان لەگەڵ دەکەم. ئۆفیس بە 8 خاڵ هەوڵ ئەدا قەناعەت بە وەرگێڕ بێنێ کە بۆچی گرنگە هەمان وەرگێڕ لەگەڵ هەمان ( نەخۆش, زیندانیی, پەنابەر....هتد) بێ و کاری وەرگێڕانی بۆ بکا نەک هەرجارە و وەرگێڕێکی تازە, هەندێک لەو هۆیانە:

نەخۆش حەزدەکا نهێنی نەخۆشیەکەی تەنها لای یەک وەرگێڕ بێ, تاوانبار یا گومانلێکراو هەمان شت و پەنابەر نایەوێ هەرجارەی وەرگێڕێکی تازە ببینێ و کەیسەکەی لای زۆر وەرگێڕ ئاشکرابێ.

ئەوانەی تریش بەهەمان شێوە و ئەوەش سادەترین مافی خۆیانە و هەمیشە ئەو مافەشیان لەبەرچاو ئەگیرێ تەنانەت ئەو زیندانیەی کە تاوانباریشە رێز لەو داوایەی ئەگیرێ.

بێگومان ئەوە پاڕانەوەی ئۆفیس نیە لە وەرگێڕ بەڵام رێزگرتنە لە ماف و هەست و خواستی ئەوەی کاری وەرگێڕانی بۆ دەکەین.

ئێمە وەک تاک و وەک دەسەڵات و دام و دەزگا و رێکخراوەکانیش ئەو رۆشنبیریی و ئەتەکێت و نەستەمان نیە بەڵگەش بەر لە ماوەیەک بینیمان ئەو پۆلیسەی هەولێر چۆن بە دڵی خۆی و تاکڕەوانە و بێ گوێ دانە هیچ یاسا و رێسا و داب و نەریتێک چەند ژن و پیاو و مناڵێکی بە زەبری چەک ریزکردوون و بەوپەڕی بیڕێزیی ناچاریان دەکا هەندێک شت لەسەر خۆیان بڵێن کە تەنها لەژێر هەڕەشە ئەوە دەکرێ و دەگوترێ.

ساڵی پاریش دوو (نا)پیاو; برا و هاوسەری بوکێکی یەک شەوە لە ژوورێک دەکەن بە تاوانی ئەوەی بوک( کچ نەبووە) دەیانەوێ بوکەکە بکوژن تا دوایی دەرئدەکەوێ بوک هەر کچە و عەیب لە زاوایە نەک بوک.

خۆدانانمان لەشوێنی ئەوانەی کە سووکایەتیان پێ دەکەین بۆ چەند چرکەیەک و بیرکردنەوە لەجیاتی ئەوان رێگای ئازاردان و سووکایەتیکردنمان لێدەگرێت. 

هەریەکێ لە ئێمە بزانێ بریندارکردنی هەستی بەرانبەر و رێزنەگرتن لە خواست و نەپاراستنی نهێنیەکانیان چەندە کار لە کەسایەتی ئەوان دەکا و چەندیش لە نرخی خۆمان کەم دەکاتەوە, هەرگیز ئەوە ناکەین.
شیلان


PM:05:23:08/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 4455 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی