مامی گەورە و بیرەوەریەک..

‌ شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی


خۆش نیە دوای لەژیان نەمانی کەسێک بیرەوەریەک باس بکەیت و کەسی تریش ئاگادارنەبێ بۆ راستی و ناراستی باسەکە, بەڵام ئەوەی من باسی ئەکەم زیاد لە 150 کەس ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون, زۆریشیان لەو واڵەی من ئەو پۆستە ئەبینن.

رۆژی 18/2/99 مام کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئێمە سکرتاریەتی ئەوکاتی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان و بەرپرسی هەموو بەشی رێکخراوە دیموکراتیەکانی مەڵبەندەکان و مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکانیش لە هۆڵی شەهید شەهاب لە قەلاچۆلان ریکخست.

ئێمە دەمێک بوو گلەییەکمان لە مام هەبوو, بە دەرفەتمان زانی لەوێ ئەو گلەییەی لێ بکەین.

سکرتاریەت لەناوخۆ رێککەوتن من گلەییەکە رووبەرووی مام بکەمەوە, برادەرێک لە مەکتەبی رێکخراوەکان گوتی:
پێمخۆش نیە شیلان ئەوە بکا, ئەترسم مام توڕەبێ و بۆ کچ ناخۆشە لەناو زیاد لە سەد کەسێک بشکێتەوە, ئەو برادەرە لەوێش منی جیاکردەوە و گوتی:
بە قسەی کاکی خۆت بکە, با نەشکێیەوە قسە مەکە, با کوڕێک قسەبکا.

من سووربووم کە نەکشێمەوە و قسەی خۆم بکەم, ئەمزانی مام زۆر لەوە گەورەترە رەخنە وەرنەگرێ بەتایبەتی لە ئێمەی خوێندکار کە زۆر نازی پێ ئەداین و هەر خۆشی فێری ئازادیی و ئازایەتیی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتنی کردبوین, ئیتر لەچی بترسم؟!!.

ژمارەمان 101 کەس بوو لە سکرتاریەت و م.تەنفیزی و لق و کادیران, ناومان نابوو کۆبوونەوەی تەسبیحە 101 دەنکیەکە, چووینە ژوورەوە.

ئێمە سکرتاریەت بووین, لە پێشی پێشەوەیان داناین, من لە ریزی پێشەوە لە پەڕگە یەکەم کورسی لە ناوەندی هۆڵەکەدابووم.

مام گوتی:
من زۆر قسە ناکەم, زیاتر گوێتان لێ ئەگرم, کۆنگرەتان لەپێشە, سەرەتا ئێوە قسە بکەن, کێ ئەیەوێ قسەبکا؟
من دەستم هەڵبڕی, گوتی:

دەی..دەی فەرموو, باشە یەکەم کەسمان کچە, فەرموو,گوتم:

مامە, من پرسیارێک و گلەییەکم لە جەنابت هەیە, پرسیارەکەم کرد و وەڵامی دامەوە بە وردی, گوتم:

گلەییەکەشم, ماوەیەکە ئەبیستینەوە, جەنابت لە کۆبوونەوە لەگەڵ نوسەران و هونەرمەندان باسی سکرتێری خوێندکارانت کردووە گوایا بڕی نەسریە و موچەی لێتان شاردۆتەوە, لە راستیشدا هەموو نەسریەی بەردەستی سکرتێر 500 دینارە ئەویش قەت دینارێکمان بۆی نەهێشتۆتەوە, هەمووی لە سکرتاریەت سەرف ئەکەین. 

ئێستا لە دەمی جەنابتەوە; بەشی رێکخراوەکانی مەڵبەندەکان و نوسەران و هونەرمەندان ئەو قسەیەی تۆمان بەچاو دائەدەنەوە و ئەمانشکێننەوە کە راستیش نیە, هەقە جەنابت لەو حالەتانە پشت بە راپۆرتی دارایی مەکتەبی رێکخراوەکان ببەستیت نەک بە زانیاری لاوەکی ناراست و برواشبکەیت.

هۆڵەکە هەمووی بێدەنگ بوو, هەستمکرد زۆریان چاوەڕێ بوون مام کاردانەوەی تری بۆ ئەو رەخنە وشک و بێ پێشەکی و زەقەی من هەبێ.

مامیش زۆر بە وردی و بێدەنگی گوێی لێگرتم زۆریش بە ئارامی گوتی:

راستە, زانیاری هەڵەیان پێداوم, خوێندکاران ببوورن!!!

گەورەیی مام لەوەدابوو, بەبەرچاوی زیاد لە سەد و ئەوەندە کەسە داوای لێبوردنی لە خوێندکاران کرد, ئێمەش ئەو ڕوانینە هەڵەیەی لای زۆر لە بەشەکان و رێکخراوەکانی تریش دروست بووبوو رەواندمانەوە. 

سکرتاریەت و لق و کادیران و ئەندامانیشمان بە هەیبەت و ورە و ناوێکی ترەوە دابەزینەوە ناو ئۆرگانەکانیانەوە.

مام گەورە بوو, بە سادەیی و رۆحی جوانی ئێمەشی گەورەکرد, ئێمەی نەدەشکاند وەک ئەو برادەرە لێی چاوەڕێ بوو, ئەو سەریخستین, هەمیشە هاندەر و پارسەنگ بوو بۆمان.

زۆر لە کادیری باشی دروستکرد و بەداخەوە ئێستا ئەبینم زۆر لەوان بە سەری لووتی کوتلەبازەکانەوە گیرساونەتەوە و گەورەیی خۆیان لەژێر پێیان ناوە, رێبازی مامیشیان ونکرد و کەوتنە بەر رێگا, بچنە ناو هەر حزب و لایەنێکیش ئەو رێز و گەورەییەیان نابێ وەک لەناو یەکێتی هەیانبووە و هەیانە, هەموومان بەو رێبازە و لەسەر ئەو رێبازە ناسراین و گەورەبووین, هەقنیە کەسمان لە سێبەری خۆمان بڕوانین و واهەستبکەین هەر ئاوا بوین یا هەر ئاوا ئەبین.
شیلان


PM:12:53:28/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 4797 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی