نیو ملیۆن پیاوی ڪورد مصارەحەی ڪردووم!!!!!

‌ شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی


لە نیوەی دووەمی نەوەدەکان, خانمێڪی ڪورد لە دیدارێڪدا گوتی:
نیو ملیۆن پیاوی ڪورد مصارەحەی كردووم!
بە حساب و ڪتابی ئەوڪات لێڪمدایەوە, چەندی هێنام و بردم نەمتوانی نیو ملیۆن لەو پیاوانە هەڵێنجم ڪە ئەوڪات بۆ حوب حوبانە و غەرامیات دەستیان ئەدا ( ئەوە بەگوێرەی سەرژمێری پیاوی گەنج و بەئاگا لە راگەیاندن و ناسیاوی ئەو خاتوونە)!!!
ئەو لێدوانەی ئەو ڪێشە و ژاوەژاوێڪی گەورەی نایەوە, دواتر پاساوی زۆری هێنایەوە بۆ لێدوانە گڕاویەڪەی!!!!
بەر لەچەند ساڵێڪیش, نانسی عەجرەم لە هەولێر ئاهەنگێڪی ڪرد, بە فەردەیەڪ پارەوە گەڕاوە لوبنان, هێشتا هەر لە فڕۆڪەخانە بوو, گوتی:

(سێ بەشی پیاوی ڪورد تەحەروشی جنسیان پێڪردم لە هەولێر)!!!!
لەو رۆژانەش خانمێڪی تری خۆمانە نووسیوێتی:
بۆم بڪرێ بە فیڪەیەڪ چی پیاوی ڪورد هەیە ئەهێنمە بەردەم پارێزگا و چ دروشمێڪی حەزیشم لێ بێ پێیان ئەڵێمەوە!!!!

وەڪ ئەوان باس ئەڪەن, پیاوی ڪورد نە ئاگای لە ژیانی تایبەتی خۆی, نە ماڵ و مناڵ, نە نامووس و ڪەرامەتی, نە ئیش و ڪار و نە سەنگەر و بەرگری هەیە, هەر خەریڪی مجامەلەڪردنی ڪچان و ژنان و دەستدرێژیڪردنە...

لێرەدا من لەجیاتی پیاو و ژنیش نایەمەدەنگ, بەڵام هەندێڪ ژن و ڪچ بە لێدوان و هاتوهاوار و جنێودان بە پیاو و عەرزڪردن و ناوهێنانی خۆیان و ئەندامەڪانی جەستەی خۆیان هیچ خزمەت بە ژن ناڪەن, شڪاندنی پیاو و خۆیان بەیەڪەوەیە, فیمینیزم ئەوە نیە پەلاماری ڕەگەزی بەرانبەرت بدەیت و هەوڵی شڪاندنی بدەیت خانم.

با ڕێگایەڪی دروستتر بگرینەبەر بۆ داواڪردنی مافەڪانمان و خۆناساندنمان, هەزاران لەو پیاوانەی ئێوە بە (شەڵوارلەپێ) باسیان ئەڪەن, لە سەنگەر پارێزگاری لە سەر و ماڵ و شەرەف و ڪەرامەتی هەموومان و وڵاتمان ئەڪەن ڪە جێی شانازی هەموومانن!!

من هەرگیز یەڪێڪ لەو ژنانە بە نوێنەر و دەمڕاست و داڪۆڪیڪاری خۆم نازانم وەڪ ژن, لەخۆشم ناوەشێنمەوە پەلاماری پیاوی ( برا و باوڪ و ڪوڕ و برازا و خوشڪەزا و هاوڕێ) بدەم, بۆ هەردووڪلاشمان سووڪایەتیڪردن بەنیوەڪەی تر ڪارێڪی نەشیاوە!


PM:11:28:13/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 36396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی