حەزم لە پیاوی توركە!!!

‌ شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی


هەندێك كەناڵی كوردی هەیە تا ئێستا بە ڕێككەوتیش بەسەریاندا تێپەڕ نەبووم لە ماڵەكەی خۆم، یان لە ماڵان بەرچاوم كەوتووبێت، یان لە فەیس بووك جارجارە شتەكانیان بڵاودەكرێنەوە و دەزانم ئەوانەش هەن.

هەندێك لەوانە لەبەر بێ بەرنامەیی و هەندێكیش بەمەبەست بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دوژمنان كار لەسەر تێكدانی ڕەوشت و شیرازەی خێزانی كورد و كلتووری كورد دەكەن. هەندێكجاریش پلاری سیاسیە و دەیهاوێژن.
لە كوردستان كەم ماڵ هەبوو گەورە و بچووك بەدیار دراما توركیەكانەوە تا بەری بەیان دانەنیشن، بێ ئەوەی ڕەچاوی ڕوداو و هەڵسوكەوت و دەستەواژەی نەشیاوی دراماكان بۆ تەمەنی مناڵەكانیان بکەن، لەگەڵ خۆیان دایاندەنێن.

زۆرجار مناڵێكی هەشت ساڵانم دیوە، نیگەران بووە لەوەی دوو خۆشەویستەكە لەیەك تووڕە بوون، یان کە كوڕێكە حەزی لە مامۆژنی خۆی كردووە
كەی ئەوە لە كۆمەڵگای ئێمەدا هەبووە و كەی ئاسایی بووە بەلامانەوە؟!
ئەمشەو ڤیدیۆیەكم بینی لە فەیس بووك، ڕاپرسی پێشكەشكارێک كوڕێكی ( مهرج) ئاسا لە كەناڵێکی كوردی لە كۆمەڵێك كچی دەپرسێی:

حەزت لە پیاوی كام وڵاتە؟
زۆربەیان دەڵێن:
پیاوی تورك، چونکە ئەكتەری جوانن و جوان نواندن دەكەن!
بزانە درامای توركی چ كاریگەرییەكی لەسەر كچ و ژنی كورد هەیە، بێ ئەوەی له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ژیابێ و له‌ دۆخی ژیانی ئاسایی خه‌ڵك و پیاوی ئه‌وێ شاره‌زابێت، بە دراماكانیان دەخەڵەتێ و ده‌كوێته‌ ژێر كاریگه‌ریی فانتازیا و چیرۆكی خه‌یاڵی توركان و كاراكتەری دراماكان بە پیاوی خەونەكانی دەزانێ!

ئافەرین كچی زانكۆ بۆ بیركردنەوە و حەزی سەیرت. كه‌ به‌شێكی ئه‌م حاڵه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ نائاگایی تاك و لاوی كۆمه‌ڵگای كوردی له‌م رۆژگاره‌، كه‌ دراما ده‌كاته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی دنیابینی و روانین له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ وڵاتانی دوور و نزیك. ئه‌وه‌ی تریشی كه‌ پشكی شێره‌ له‌و شێواندنی دنیابینی گه‌نج و ته‌واوی تاكی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ر ئه‌و جۆره‌ كه‌ناڵانه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ چەواشەكارانە و خیانەتكارانە و لادەرانه‌كان خزمه‌ت به‌ جوانكردنی دوژمنان ده‌كه‌ن و ماكیاژێكی ناته‌ندروست بۆ دیارده‌ ناشرینه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانی وڵاتانی دوژمن ده‌كه‌ن و وه‌ك دنیایه‌كی پڕ جوانی نمایشیان ده‌كه‌ن. داوه‌شێن ئه‌وانه‌ی به‌ مه‌به‌ست خزمه‌تی دوژمن ده‌كه‌ن. كۆمەڵگای كورد هەر ئێوەی كەمبوو كوتكی خۆی لێ بوەشێنێ، ئێوەش تەواوتانكرد.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ


PM:07:00:08/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 20313 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی