پارچەیە پەڕۆ مەدەن بەسەر دەلاقە گەورەکەیا

‌ سامانی وەستا بەکر

پارچەیە پەڕۆ مەدەن بەسەر دەلاقە گەورەکەیا بەڵکو ئاڵاکان داگرن بۆ نیوە!


سیاسەت بێجگە لەوەی ھونەری ڕێکخستنی کۆمەڵگەو داودەزگاکانی دەوڵەتە ھەرواش پاراستنی سنورو سەروەری نەتەوەو خاکیشە بەڕووی دراوسێ و ھەرھێزێکی دەرەکیشدا.

مەخابن سیاسەت لە ھەرێمی کوردستان ڕێچکە باوەکەی بەزاندوەو ڕێچکەیەکی زۆر تایبەت بەخۆی گرتووە کە لە شکڵ و لە ھەناویا لە ھیچ شوێنێکیتر ناچێت بەجۆرێک ھونەری ڕێکخستن گۆڕاوە بۆ تێکدان، ھونەری شکۆپارێزی بۆ بودەڵەکردن، ھونەری دروست کردنی تاک بۆ تێکشکان، ھونەری سنورپارێزی بۆ بەدەستەوەدان، ھونەری خزمەتگوزاری بۆ تێھەڵدان و ھونەری بیروڕای جیاواز بۆ کووچی زیندان.

ھەندێ جار پارچەیەک کوتاڵ ئەکرێ بە پینەی پۆشاکێکی دڕاو بەڵام چەند وردیش بکرێ پینە ھەر پینەیەو پۆشاکی دڕاویش ھەرگیز وەک خۆی لێنایەتەوە. ئەوەی ئێستا لە باشوری کوردستان ئەگوزەرێ ھەمان ئەم نمونەیەیە، بەنیازن بە پارچەیەک پەڕۆی چورا ڕەنگ دەلاقە گەورەگە داپۆشن و پارچەیەک پەرۆکی لاکێشە بدەن بەچاوی خەڵکیدا و ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی سیاسی و داخستنی سینەمایەک بۆ قەدەغەکردنی فیلمێک و کۆکردنەوەی چەند پەرتوکێکی دیاری کراو زیندانـی کردنـی مناڵ ...ھتد لەبیری خەڵک پێببەنەوە!

ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان ھیچ خواستێکی نیشتمانی بەرز ڕاگرتنی شکۆی نەتەوەی کورد لە کەرکوک و جەخت کردنەوەی کوردستانی بوونی ئەو شارەی لە پشتەوە نیە بەڵکو ھەر زوو بەزوو مەرامی ڕێپێدانی ھەڵکردنی ئەو ئاڵایە ڕوون و ئاشکرا بۆوە کە ئەو کارە بۆ لەبیربردنەوەی ھەڵکوتانە سەر پارتی کرێکارانی کوردستانە لە ھەرێم و بە دیاری کراوی لە سلێمانی لە ئێستایا کە ڕەنگە داگرتنەوەی ئاڵاکە لەسەر بارەگانـی یەکێتـی لە کەرکوک گەواهـی دەری ئەو ڕاستیە بێت.

کلتوری خۆ بەدەستەوەدان و گوێڕایەڵی دوو پارتە سەوزو زەردەکەی ھەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە ھیچ یەکێک لە داگیرکەرانی مێژووی کوردستان دوو دڵ نەبوون و دوو دڵیش ناکەن لەھەر داوایەک و ھەر سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندی خۆیانبێ و بیانەوێ لەو بەشە "نیمچە ئازاد"ەی کوردستانا جێبەجێی بکەن ئەگەرچـی پارسەنگی ئەو کارە خوێنی چەندین لاو پیرو مناڵی کوردیشبێ یان داخستنی بارەگاو داخستنی حیزب و دەستگیرکردنی سیاسیش بێت.

ھیچ کاتێک خەڵک بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دڵخۆش نابن ئەگەر باجەکەی دەستگیرکردن سیاسی و تەسلیم کردنی کلیلی خوودی شارەکەبێ بە دوژمن لە کاتێکا کە کردنەوەی فڕۆکەخانە بۆ خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان نیە هێندەی بۆ کارئاسانی بازرگانە سیاسیەکان و ھەناردەو ھاوردەکردنی کاڵایە بۆ قازانجی زیاترو ئاسانکاری زیاتر کە لەوانەیە باڵادەستانی سلێمانی ئەو کارەیان لەڕێی فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە بۆنەچێتە سەر چونکە وەک ئەزانرێ ئەوان ھەر ڕکابەری سیاسی نین بەڵکو ڕکابەری بازرگانیشن.

ھیچ کاتێک کوردانی کەرکوک بە ھەڵکردنی ئاڵایەک دڵخۆش نابن کە ڕەنگە سوورەکەی خوێنی ئەو گەنجانەبێ کە ١٦ی ئۆکتۆبەرا کران بە قوربانی، ڕەنگە سەوزەکەی ئەو دۆلارانەبێ کە ئەخزێنە گیرفانی سیاسیە بازرگانەکان بەرامبەر فرۆشتنـی خاک ونەتەوە و نیشتمان، ڕەنگە زەردەکەی شەرمەزاری پاشەکشێکردنبێ لە ئازادی و ڕەنگە سپیەکەشی ھەڵکردنی ئاڵای سپی خۆڕادەستکردنبێ.

تێزی سیاسەت کردن لە هەرێمـی کوردستان نمونەیەکـی جیاوازە کە کە تەنانەت لە حـیزبە شمولـیەکانـی سەردەمـی پێشووش ناچـێ، جۆرێکە کە تێکەڵەیەکە لە ناشـرینتـرین و قێزەونترین پیشەوەری کە ئەتوانین بڵێین ئەخلاق لەوێدا غایبە.

سیاسەت هونەری پێکەوەی و بینا کردن و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیە کە لەوێدا هاوڵاتـی هەست بە کێش و شکۆی مرۆڤ بوون بکات.

هەروەک چۆن سیاسەت پێویستــی بە ڕێفۆرمـی بەردەوام هەیە هەرواش پێویستـی بە بوونـی نوخبە هەیە، ئەوەی شوینـی گلەیـی و ڕەخنەیە سیاسەتـی هەردوو ئاوایـی زەردو سەوز نیە چونکوم ئەوان تەنانەت لە هونەری ڕەخنەگرتنیش تێناگەن بەڵکو ڕوو لە سوپا  قەڵەم سێبەرەیە کە ئەکرا بەشێکبن لە نوخبەی هەڵکەوتەی کۆمەڵگە نەک حیزب چۆنیان بوێت ئەم قەڵەم سێبەرانە بارەکەیان بەوەلایەیا بۆ بچەرخێنن و هەرچـی و ڕووی ڕەشـی کارە نابەجـێ و پۆخڵەکانیانە بۆیان سپـی بکەنەوە.

ئەبـێ سیاسەت بۆ دروست کردنـی ژیانێکـی هێمن و شایستە و خۆسەری تاکەکانـی کۆمەڵگەبـێ بەڵام ئەگەر ئاڕاستەی پێچەوانەی گرت ناکرێ بکەرەکانـی خەڵکانـی سیاسـیبن بەڵکو لە فەرهەنگـی سیاسـی گەلانـی ئازادیخوازا ئەوانە بە مافیا و بازرگانـی خوێن ناو ئەبرێن چونکوم لەناو هەردوو ئاوایـی زەردو سەوزا نە هێـزی چەپ و ڕادیکاڵ و ئازادیخواز  نە هێزی بۆرجواز و لیبراڵ و نەتەوەی بوونـی ماوە چونکە لۆژیکـی پاراستنـی پلورالیـزمـی سیاسـی، فەرهەنگـی، کۆمەڵایەتـی کاری پێناکرێ بەڵکو  لۆژیکـی دەستکەوت و بازرگانـی نائەخلاقـی تۆقێنەرو نامۆ بە مرۆڤ جێگەی گرتۆتەوانـێ.

لەناو هەردوو ئاوایـی زەردو سەوزا  شەرم، ئەخلاق، ڕێزگرتن لە یاسا، دادوەری سەربەخۆ، فەرهەنگـی سیاسـی باو، هەست کردن بە بەرپرسیاریەتـی بوونـی نەماوە بۆیە ئەوەی دەسەڵاتـی بەدەستەوەیە وڵات بە قنەخشکـێ ئەبا بەڕێوە لۆژیکـی شەقاوەیە نەک حوکمڕانـیەکـی مەدنـی کە وڵاتێکیش لەلایەن بەڵتەجیەوە ببرێ بەڕێوە ئەودەم لەێدا هەموو سەمەرەیەک قابیلـی ڕوودانە  بەڵام ئەوەی نابەجێیە کاری قەڵەم سێبەرەکانە کە ئەبوو  ئەوان پاوەری گۆڕنکاری بن نەک چەسپاندنی حوکمـی قەرەقۆش.

کەوابـێ پارچەیەک پەڕۆ ھیچ لە ئازاری خۆبەدەستەوەدان و دۆڕان ناشکێنێ کە کۆمەڵگە لەناخەوە گەمارۆدراوە و نەخشەی وڵاتیان لە دڵیانا پێئەنێژن هەربۆیە واباشتر بوو لەبری ھەڵکردنی تاکە ئاڵایەك کۆی ئاڵاکان بۆ نیوە داگرن چونکە خودی مرۆڤ و پاراستنـی کەرامەتـی چەقـی دەستکەوتەکانن و پارچەیەک پەڕۆی دروست کراوی دەستـی خودی مرۆڤ سەرە کوت کراوەکانـی پـێ بەرز ناکرێتەوە.


AM:11:05:14/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 5040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی