حەز بە تاریکی دەکەین

‌هەرمن ئەحمەد


منداڵ بووم، لە دوای تەواو بوونی وانەکان، مامۆستا لێی ئەپرسین کێ تێنەگەیشتووە؟ هەموومان بێدەنگ ئەبووین. مامۆستا خۆی بە ئەیروونی وەڵامی ئەدایەوە (هیچ کەس ) دیسانەوە دووبارەی‌ ئەکردەوەو ئەی‌ گوت  ئەی‌ کێ تێگەیشتووە؟ دیسانەوە هەرهەموومان بێدەنگ ئەبووین، مامۆستا وەڵامی ئەدایەوە (هیچ کەس). دۆخەكە هەر وەک ئێستا وایە، ئەو پرسیارە دەبێت لە خۆمانی کەین.

 ئایا باوەڕمان  بە مۆدێرنیزم ودیموکراسی هەیە؟
ئازانم و تێناگەم دژی‌ چین و لەگەڵ چین؟ ئەمانەوی براکوژی‌ نەکەین، بەڵام هەر خۆمان هەڵگری شۆڕشی براکوژین. لەگەڵ خۆپیشانداین، بەڵام لە خۆپیشاندەرانیش ئەترسین، چونکە باش ئەزانین ئاکامەکانی چی ئەبێت، چ کارەساتیک رووئەدات.

نازانم خێرو چاکەی‌ عەرەب و تورک و فارس و غەرب چی بووە بۆ ئێمە؟ پارچە پارچەیان کردین وەک خاک، وا خەریکە  خۆشمان لە ناوخۆمان یەکتر پارچەپارچە ئەکەین، ناکۆکیەکانی نێوان سوننەو شیعە، کاتۆلیکو پرۆتستانت، یەهودی‌ و ئیسلام لەسەر ئایدۆلۆژیای فکری دینداری و ئایینە، ئەی‌ ھی ئێمە لەسەر چیە؟ هەموومان باش ئەزانین لە سەر چیە! لەسەر زۆرینەی‌ دەسەڵات و پێگەیە، لەسەر دابەشکردنی‌ خێرو خێراتی کوردستانە، کێ زیاتری‌ بەرکەوێ لەو کێکە پڕ کرێم و شوکولاتەیە، کە میللەتیش تەماشا قەپەکانیان کات چۆن بە قوڕگیانا ئەچێتە خوارێ، میللەتی نەگبەت و سادەش زۆر خۆش باوەڕە، بە سۆزو سادەییەوە مامەڵە ئەکەن، ئەم فرە حزبانەش میللەت وەک ئامرازیک بەکار ئەهێنن بۆ سەرخستنی‌ مەرامە سیاسیەکانیان.

وەک دەبینین رۆژ بەڕۆژ توندوتیژی‌ و نائارامی سەرتاسەری شارەکانی کوردستانی گرتۆتەوە، لە ئێستادا پێویستمان بە نوخبەیەک کەسایەتی‌ هەیە دوور لەئینتیمای حزبی ببنە فریادڕەس بۆ هێورکردنەوەی‌ ئەم گرژی و ئالۆزییە، هەر وەک چۆن لە وڵاتی تونس چوار سەندیکا لیژنەیەکی چوارقۆڵیان بۆ گفتووگۆی‌ نیشتیمانی پێکهێنا. چونکە لەو کاتە پرۆسەی‌ دیموکراسی لە تونس بەهۆی ئاڵۆزی سیاسی خۆپیشاندانی جەماوەری روو لە هەڵدێرو هەڵکشان بوو، ئەو چوار سەندیکایە بوون بە فریادڕەس بۆ ئەو وڵاتە، رۆڵیان هەبوو لە بەرقەرارکردنی ئاشتی‌ و دیوکراسی لە تونس، بۆ ئێمەش زۆر گرنگە کە سەندیکاکان، رێكخراوەکان، کەسایتەکان رۆڵ  و ئەرکی خۆیان بنوێنن تا ئەو ئەزموونە تاڵەی‌ ساڵانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، چونکە کاریگەریەکانی رابردوو تا ئێستا ئاسەوارەکانی  بە رۆحی‌ گەلدا ماوەو لەبیر نەچۆتەوە، حزبەکانیش سەرکەوتوو نەبوون لە رەواندنەوەی‌ ئەو نەهامەتییانە.

وەک دەبینین ئێستا لەبەردەم شەپۆڵێکی ناڕەزاییداین کە لە هەناوی‌ میللەتەوە هەڵئەقوڵێ، گەنجەکانمان لە هەموو شوێنێک کەوتوونەتە خۆپیشاندان، ئەم نارەزاییانە بە راددەیەکی زۆر وەزعەکەی ئاڵۆزترو خراپترکردووە، دووبارەو سێبارە حزبەکان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دژواردان، دەبێت ئیتر لەوە تێبگەن کە شۆرشی‌ نوێی گەنجان رەحم بە کەس ناکات، چونکە گەنج تینووی ئازادیە، بێزار بوون لەم رەوشە نا لەبارەی‌ بەسەریان هاتووە، میللەت بەتایبەتی گەنج منداڵێکی ساویلکە نییە تا بێ باک بێت، بەلایەوە گرنگە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەشداربیت لە بونیاتنانی وڵات، دەیەوێت بزانێ کە بڕیارێک دەرئەچێت بۆچی‌ دەرئەچێ یان بۆ دەرناچێ، ئەو دۆخەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە لەخۆوە نەبووە، تا هەمووان تووشی شۆک بکات، بەڵکو چاوەڕان کراوبوو.

ئەو شەپۆڵەی نارەزاییەكان بۆ داو اكردنی مافەكانیانە، بۆ دابین كردنی پێداویستیە سادەكانی ژیانیانە، زۆر گونجاوە خەڵكی بە شێوەیەكی مەدەنیانە نا رەزایی و توورەییان دەر ببڕن، بەڵام پەلاماردانی یەكتر، ھێرش كردنە سەر یەكتر، یەكتر سووتاندن و بریندار كردن، ئەو پەری نامەدەنیەتە، گرنگە خەڵكی كە داوای مافەكانیان دەكەن، بوار بە ھیش لایەن و كەسێن نەدەن و ئاراستەیان بكەن، گرنگە ئەو داواكردنی مافە ھەر بە مەدەنیانە بمێنێتەوەو ئەجێندای دیكەی تێكدەرانەی تێ نەكەوێت كە بەرەو وێران كردن و دووبارە كردنەوەی مێژوو ھانیان بدات. تەواوی حزبەكانی ھەرێم لەو دۆخە بەرپرسن، پێویست ناكات ھیچ یەكێكیان خۆی لا بدات لە بەرپرسیاریەت، ئەو دۆخە، ململانێكانی ئەوان ھێناویەتە كایەوە، ھیچیان ئامادە نین لەسەر بەرژەوەندیەكانیان سازش ناكەن، لەسەر حسابی میللەت و قووتی ژیانیان. بە داخەوە بە ھەموویان دۆخەكەیان بەرەو ئەو ئاڵۆزیانە برد، وا خەریكە بەو حاڵەوە بەرەو براكوژی و دوو ئیدارەیی ھەنگاو دەنێینەوە، گەر ھەر دۆخێك بێتە كایەوە، ئەو ململانلیانە بەرەو ھەر ئاقارێك ھەنگاو بنێن، ھەر ئەو حزبانە بەرپرسن لێی، گەر چارەسەری نەكەن و ژیانی میللەت خۆش نەكەن و ئەو نا ئارامییە تێ نەپەرێنن، حەقە میللەت سزایان بدات و بە تۆمەتی تێكدانی كوردستان و كردنە قوربانیی بەرژەوەندیەكانیان.


PM:12:24:11/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 2590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی