پێگەی کورد لە بڕۆکسل

‌هەرمن ئەحمەد

له دوای جەنگی جیهانی  دووەمەوە,  یهکێتی ئەوروپا وەک دەزگایەکی  سەرو نیشتمانی هاتە دامەزراندن, بە ئامانجی نزیکبوونەوەی وڵاتانی ئەوروپی  و سەرکەوتن بەسەر ئەو قەیرانانەنی کە رووبەڕووی ئەووروپا بوونەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم.

سەرەتای یەکێتیەکە لە نێوان ئەلمانیا, هۆڵەندا, فەڕەنسا, ئیتاڵیا, بەلجیکا و لۆکسمبۆرگ بوو، ئەو شەش وڵاتە دامەزراندنی جڤاکی ئابووری ئەورووپا بوون, بە ئامانجی رێکكەوتنی بازرگانی پاشان گۆڕانکارییان کرد و یەکێتی ئەوروپایان دامەزراند, بڕۆکسل بوو بە ناوەندێکی گرنگی ئەوروپا, هەرچەندە لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا بارەگای یەکێتی ئەوروپا هەیە، بەڵام بڕۆکسل دەستنیشانکرا بە پایتەختی یەکێتی ئەوروپا، ئەمە پێگەی ئەم شارەی لە رووی سیاسی و ناوەندی بڕیاردانەوە زۆر بەهێزکرد، جیا لەوەش لە رووی شوێنی جوگرافییەوە  برۆکسل  ئەکەویتە چەقی ئەوروپا و چەندین وڵاتی خاوەن بڕیار بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ئەم تایبەتمەندییانە بوونە فاکتەری گرنگ بۆ گردبوونەوەی چەند دەزگایەکی پێگەدار وەک, یەکێتی  ئەوروپا , پەرلەمانی ئەوروپا, هاوپەیمانی ئەتڵەسی ناتۆ, هەروەها هەندێک ئۆرگان و ناوەندی بڕیاری تر, کە بوونیان هەیە لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری.

کورد و برۆکسل
گەر واقع بینانە بڕوانینە ئەرک و مافە نەتەوایەتییەکان، پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی وردبینانە هەیە, لەمەڕ ئەجێنداو میتۆد و سروشتی  کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان, دۆستە وەهمیەکانی رابردوو  بگۆڕدرێن بۆ دۆستی راستەقینەو تەنگانە. زۆر وڵات هەن دەیانەوێ گرفتی کورد, هەرێمی کوردستان لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان بچووک بکەنەوە و مافی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەیی لە ناو هەرچوار وڵاتی داگیرکەر بتوێنەوە.

لە بەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتیە، کورد لەبەردەم چەند ئەلتەرناتیڤێکە:
وەچەرخانێکی گرنگ و بەهێزکردنی گوتاری سیاسی لە برۆکسلی ناوەندی بڕیار, بەشێوەیەک پەل بهاوێژرێت بۆ پەرلەمانی ئەوروپا و کۆمسیۆنی ئەوروپا، هەروەها بۆ بواری سەربازی ناتۆ.

کەواتە پێویستە ئێمەی کورد با لە بڕۆکسل خۆمان کۆبکەینەوە، ئەمەش پێویستی بە جددییەت لە کارکردن و یەکخستنەوەی رەنگ و دەنگی کورد هەیە, ئەو سیاسەتە سەتحەی رابردوو لە ناو سندووقێکی داخراو قفڵ بدەین و کلیلەکەی بخەینە بەردەم یەکێتی ئەوروپا تا لەبڕۆکسڵەوە نەخشەی نوێ دابڕێژین بۆ گەیشتن بە ئامانج.

دەزانم کە ئەوروپا ئەو فریشتەیە نییە کە چارەسەری هەموو گرفتەکانمان بکات, هەڵبەتە خۆخستنە نیوباڵی سیاسەتی ئەوروپاییەکان زۆر راستترو باشترە لە سیاسەتی دوژمنەکانمان، با هەنگاوەکان لە بڕۆکسڵەوە دەست پێ بکات, گەر دەمانەوێت  دۆستێک پەیدا بکەین لە گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژهەڵاتی ناویندا پێگەو قورساییان هەبێت, بۆیە  کورد زۆر بژاردەی لە بەردەستە، گەر مەبەست بێت دەتواندرێت کار لەسەر  پرسە گرنگەکان بکات. هەر کاتیک لە بۆنەیەک بەشدار ئەبم هیندەی کێوی پیرەمەگرون خەم ئەچێت بە ناخمدا, چونکە یەکڕیزی نەتەواییمان هەستی پێ ناکرێت, هەر گروپێک یا پارچەیەکی کوردستان بە جیا کاردەکات, لۆبیەکی لاواز و بچووک چۆن کێشەی میللەتێکی گەورەی چل ملیۆنی چارەسەر ئەکات؟

لەم قۆناخەدا ئەرکەکان قوڕسترن، کارەکان پیویستیان بە ئەجێندایەکی نەتەوەیی دوور لە ئەجێندای كەسی و حزبی ھەیە, بینیمان پڕۆسەی ریفراندۆم و قەیرانی سیاسی و ئابووری و شەڕی ساردی نێوان بەغدا و هەولێر و لەدەستدانی متمانەی رۆژئاواییەکان, باشووری کوردستانی بە چ ئاکامێک گەیاند.

لێرەو لەوێ دەنگی ناڕەزایی زۆر بەرزکرایەوە بەرامبەر بەو سیاسەتە نادروستە کە بەجۆرێک چارەکە سەدەیەک تەمەنی برد، ئێستا کاتی گۆڕینی ستراتیژیەتی سیاسەتە، گەرەكە رۆح بداتەوە بەو کەیسە سیاسییانەی بوونە فاکتەری شکستی هەرێم و لە بەرژەوەندی ئایندەی كوردستان بیخاتەگەڕ.


PM:12:07:18/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2685 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی