ریفراندۆمێکی شووم

‌هەرمن ئەحمەد

ئەم دۆخە سەختەی کە ئێستا دەگوزەرێ،  پێمان دەڵێ ئەم پیلانە نوێ نییە و زەمەنێکە  ئامادە کراوە، دەرکەوت  کە کێ خیانەتكارە و مێژووش رەحم بە کەس ناکات،  ئەم رۆژە رەشانە لە پەرتوکی بیرەوەریەکانی تاکی کورد تۆمار ئەکرێن، لە ئێستادا ھەمووان لە ناو یەک کەشتیداین، میللەت باجی بێ دەسەڵاتی و کوردبوونی دەدات، دەسەڵاتدارانیشمان باجی لووتبەرزی و پەیوەست بوون بە کورسیەکەیەوە ئەدەن، تێکەڵکردنی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی مافێکی دیموکراتی گەلی کوردستانە،  بەڵام ئایا کورد ئامادەسازی تێدایە بۆ چەسپاندنی بنەمای دەوڵەت  لەسەر بنەمای دیموکراسیەت و چەمکەکانی ئازادی و سەروەری یاسا و ھاووڵاتیبوونی یەکسان، مافی ژنان، سەرچاوەی سەرکەوتن و  بانگەشەی پڕۆسەی  بە دیموکراتیزەکردنی  دەوڵەتە  لە گوتارەوە بکرێت بە کردار.

گونجاوتر دەبوو کە لەم دۆخە پڕ قەیران و  ناتەباییەی  کە لە نێو ماڵێ کوردیدا ھەیە پرسی ڕیفراندۆم رابگیرایە و بەدیلە نێودەوڵەتییەكە قبووڵ بكرێت. حەکیمانەتریش دەبوو ئەم دۆخەی دوای ریفراندۆم  رووی نەدەدا، سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان سەلماندی کە بە نەفەسی تۆڵەو رق مامەڵەی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، ھۆکاری شکستی ریفڕاندۆم دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک پشتوانی نێودەوڵەتیمان نەبوو، ھاوپەیمانان دژی ئەم پڕۆسەیە وەستانەوە، شەقامی کوردی لە نێوان چەند بەرەیەکدا دابەشبوون، ھەروەھا ھۆکاری ئەم بێ متمانەیە بە دەسەڵات بۆ ئەو حوکمڕانیەی کە 26 ساڵە فەشەلی ھێناوە، کە ھەرێمێکی پارچە پارچە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانمان زاڵترە بەسەر پرسە نەتەوەیەتیەکانمان.

26 ساڵە ھەرێمێک ھاوشێوەی دەوڵەت خۆی بەڕێوە دەبات، بەڵام دەوڵەتێکی بێ ناوەڕۆک پڕ لەشەرمەزاریی - فایلی سەرکردەکانمان لە لیستی رەشدان، ھەر لە شەڕی براکوژی - پرسی گەندەڵی - نەدانی مووچە - داڕمانی کەرتی ئابووری ، تەندروستی ، پەروەردەیی ، ...ھتد.

لە لایەكی دیكەوە، نوێنەرانمان  لە نوێنەرایەتیەکانی ھەرێم لەدەرەوەی وڵات لە بواری دیپلۆماسیدا بە پێی خواست و پێویست نین. دیپلۆماسی نێونەتەوەیی کەناڵێکی بەسوودو رووناکی بەخشە بۆ خەباتی ناوخۆی وڵات. ئەگەر گەورەیی خەبات و تێکۆشانی ناوخۆو ناوچەیی لەگەڵ خەباتی دیپلۆماسی بەراورد بکەین، ئەوا، لە بواری دیپلۆماسیدا، دەبینین کە سستی ھەیە.

ھەروەھا  شکستێکی تری لە روانگەی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان بۆ نوێنەری حزب و حکومەت -  راوێژکارەکانی سەرۆکی ھەرێم دەگەڕێتەوە کە ئاستی دیبلۆماسی لەو ئاستە بەھێزەدا نەبوو  دۆسییەی دیپلۆماسی کورد وەک مەلەفێکی داخراو بێ باک تەماشای لێ دەکرێ.

ھەڵبەتە ئەمە روونە کە دەڵێین نوێنەرایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو نەیانتوانی لەسەر ئاستی ئەو وڵاتانەی کە نوێنەرن، لۆبیەکی بەھێز دروست بکەن، چەندین ساڵە نوێنەرەکانمان نوێنەرایەتی کورد دەكات، وەک دەرکەوت بە پێی پێویست نەتواندراوە پشتیوانی و دۆست ھاوپەیمانی دروست بکەن، دەکرا باشتر بکرایە، چونکە زەمەنێکی چەند ساڵەیە نوێنەرمان ھەیە وەک بیندرا، لە سەردانەکەی کاک مه‌سعود بارزانی بۆ بەلجیکا، شکستی لۆبی کوردی دەبیندرا، لە کۆی 751  پەرلەمانتاران چەند پەرلەمانتار ئامادەی ئەو دانیشتنە بوون، کە بیندرا وەک پێویست کاری بۆ ساز نەکرابوو.

ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا پێمان دەڵێ کە کورد چەند کورت بینە و ستراتیژیەتی نییە بۆ داھاتوو، ئەم سیناریۆیانە بۆ گەوجاندنی خەڵکە، چونکە دەسەڵات لە لێواری مەرگدا بوو ، پرۆژەی ڕیفراندۆم شکستی ھێنا، میکانزم و سیستەمی سیاسی شێونراوە و بوێرانە مامەڵە لەگەل ئەم پێشھاتانە کەناڵی دیاڵۆگی دژوارتر کرد، سەرۆکی ھەرێم  دەکرا بوێرانەتر مامەڵەی لەگەل ئەم دۆخە نەویستراوە بکردایە، سەربەخۆی بەیان بکردایە، چ مانایەکی ھەیە ریفراندۆم  بە بێ سەربەخۆیی.

لە ئێستادا فەزایەکی پڕ ناکۆکی لە نێوان پارتە سیاسیەکان لە ئارادایە، پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان فەشەل لە دوای فەشەل تۆمار ئەکا، راستتر وایە میکانیزم و سیستەمی دیپلۆماسی لە کەناڵی تایبەت و پسپۆڕییەوە رێکبخرێت، جێگیرکردن و رێکخستنی کاری دیپلۆماسیی لە چوارچێوەی روانین و و ستراتیژی دروستی سیاسی و درێژخایەنی نەتەوەیی و نیشتیمانی زامن بکرێت.

ئەم سیستەمە سیاسیە شکستێکی گەورەی خواردووە کۆمەڵێک رەھەند و دەستێوەردانی دەرەکی ھەیە لەسەر فکری حزبەکان، بۆیە بەردەوام ناکۆکیەکان زیاتر تەشەنە ئەستێنێ، ئەم ھێرشە میدیایەی کە بەردەوام لە گەمەدایە ئەرکە نەتەییەکان قورستر ئەکا. ئێستا کاتی فرە دەنگی و فرە یەکڕیزیە بەرژەوەندیە نەتەوەەیەکان باڵاتر بێت لەسەر پرسە حزبی و كەسییەكان. لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە رێبگیرێت لە روودانی شەڕی براكوژی و پێویستە لایەنەكان ئەو پەڕی كار بكەن، بۆ ئەوەی ئەو درزەی ھەیە لە نێو كورد، فراوانتر نەبێت و كەمی بكەنەوەڵ دوژمن ھەمیشە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی درزێك بدۆزێتەوە تا خۆی بخزێنێتە نێو ماڵی كورد و پەرتەوازەی بكات، بۆیە یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد گرنگە كاری ھەرە لە پێشینەی ھەموو حزب و لایەن و كەسەكان بێت.


PM:09:06:21/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 3225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی