دیاردەی بێكاری

‌چرۆ شه‌هاب‌

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو تا ئێستاشی لەسەر بێت دیاردەی بێكاری بەرۆكی دەرچوانی گرتۆتەوە، كە لە بنەڕەتدا بووەتە بەشێكی سەرەكی لە گرفت لە نێو كۆمەڵگە و حكومەت پێوەی دەناڵێنێت. لە بوون و زیادبونی زانكۆ و پەیمانكەكان لەبری ئەوەی هەلی كاری زیاتر بڕەخسێت زۆرترین بێكار دەبن، ئەبێت بپرسین ئایا بۆ بێكاری ڕووی لەناوچەكەمان كردووە؟ ئایا ئەم بێكاریە تەنها بەرۆكی كوردستانی گرتووە یاخود لە دونیادا ئەم دیاردەیە هەیە و ڕولەهەڵكشانە؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر دێنە نێو زیهنی هەر تاكێك لەم كۆمەڵگەیە، هەركەس هەڵدەستێت شیكاری لەسەر ئاستی خۆی بۆدەكات بە بێ ئەوەی توێژینەوەیەكی وورد و باوەڕپێكراوی زانستی لەسەر كرابێت هەرچەندە گرفتی سەرەكی لە ئەنجامدانی توێژینەوەی لەم جۆرە زۆرە كە سەرەكیترینیان گرفتی داتاو زانیاری دروستە، چونكە دامەزراوەیەكی دیارمان نییە كە پەیوەندی داربێت بە تۆماركردنی ئەو كەسانەی بێكارن.
ئەركی ئەنجامدانی ئەم جۆرە توێژینەوەیەش دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت چونكە حكومەت دەتوانێت دامەزراوەیەكی تۆماركردنی بێكاران دروست بكات و لەگەڵ سیستمی بایۆمتری ڕێكی بخات و كەرتی تایبەتیش بە كارمەندەكانیانەوە لەسیستمێكی كەدا تۆماربكرێن تا بتوانرێت بێكاری ڕاستەقینە دەربكەوێت و بتوانرێت لەم ڕێگەیەوە هۆكارەكانی بێكاری دەست نیشان بكات و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە و ساڵ بەساڵ ڕێژەی بێكاری بەرەو كەم كردنەوە ببات.
لە هەر وڵات و ناوچەیەك ڕێژەی بێكاری زۆربێت بێگومان سیستمی حوكمڕانی دەكەوێتە مەترسیەوە، هەربۆیە گەر حكومەتەكان لەهەوڵی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری نەبن زەرەر مەندی یەكەم خۆیان دەبن. بێگومان بونی بێكاری دەگەڕێتەوە بۆچەند هۆكارێك ئەوانیش:

یەكەم: هۆكاری سیاسی
ئەم هۆكارە پەیوەندیدارە بە سیاسەتی وڵاتەوە و خۆی لە دوو هۆكاردا دەبینێتەوە ئەوانیش هۆكاری دابەزینی ئاستی هاوكاری و پشتیوانی كەرتی كار لەلایەن حكومەتەوە.

دووەم: هۆكاریشیان غیابی گەشەسەندنی سیاسیە لەسەر دۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتودا

سێهەم: هۆكاری ئابوری
هۆكارەئابوریەكانی بێكاری كە یارمەتی دەرە بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەكە دەگەڕێتەوە بۆ زۆربونی فەرمانبەران و كەمی شوێنی كار ، ئەمەش لەكاتێكدا ڕوودەدات كە ڕێژەی دەرچون لە زانكۆو پەیمانگاكان زۆر زیاترە لە بونی شوێنی كاركردن لە كەرتەكانی گشتی و تایبەتدا، لەلایەكی كەوە هۆكارێكی گرنگ هەیە كە ئەویش گۆڕینی دەستی كارە بە تەكنەلۆجیا ئەم هۆكارەش یارمەتی دەرێكی باشە بۆ كۆمپانیاكان كە بە بودجەیەكی كەمتر و خێراتر كارەكانیان ئەنجام دەدەن، لایەنە خراپەكەشی ئەوەیە كە هەلی كاركردن كەم دەكاتەوە.

چوارەم: هۆكارە كۆمەڵایەتیەكان
ئەم جۆرە هۆكارە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان و بڵاوبونەوەی هەژاری، لەبەرامبەریشدا ناتوانرێت هەلی كار بڕەخسێندرێت بۆ بێكارەكان، هەروەها زۆربونی ڕێژەی گەنجانێك كە توانای كاركردنیان هەیەو بەهۆی بێكاریەوە دوچاری بێهیوایی بوون.
كەواتە پێویست دەكات لەسەر حكومەت هەستێت بە دامەزراندنی دامەزراوەیەكی هاوبەش لە كەرتی گشتی و تایبەت،كە ئەركی ئەم دامزراوەیە ئەوە دەبێت كە هەستێت بە ڕێكخستنەوەی دامەزراوە تایبەت و گشتیەكان و كاربكات لەسەرهەلی كار بۆ دەرچوان و بێكاران بڕەخسێندرێنێت.لە لایەكی كەوە پێویست دەكات زانكۆو پەیمانگەكان سیستمی خولی هاوینە چالاك بكەنەوە بۆ خوێندكارەكانی كۆتا قۆناغی خوێندن ، چونكە ئەم شێوازەی ڕاهێنان و بەشداری كردن لە خولەكان هەلی كاردەڕەخسێنێت و بەم شێوەیە ڕۆژ بەڕۆژ بێكاری بەرەو ئاستێكی باش دادەبەزێندرێت.


AM:11:33:28/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 3430 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی