پەیوەندییە گشتییەكان و هونەری گفتوگۆ

‌چرۆ شه‌هاب‌

گفتوگۆ لە بە یەكێك لە هونەرە گرنگەكانی ئیقناع پێهێنان دێت لەنێوان دوو كەس یاخود زیاتر، شارەزایی نەبون لە هونەری گفتوگۆ و پەیوەست نەبون بە بنەماكانیەوە لێك تێنگەیشتن بەرەو ئاستێكی قوڵ دەبات و هەندێك جاریش لێك تێنەگیشتنە شۆڕدەبێتەوە بۆ دروست بونی ڕق و كینە لەنێوان ئەو كەسانەی كە گفتوگۆكە دەكەن.

لە كاتی هەڵبژاردنەكان و زۆربونی بەریەك كەوتنەكان بەهۆی ململانێكانی پارتەكان و بەكارهێنانی سەرجەم چین و توێژەكان لە شێوازی بەڕێوەچونی بانگەشەكان بێگومان ئەم بەریەك كەوتنە ڕۆژانە لە ئاستێكی نزمەوە هەڵدەكشێت بۆ بەرزترین ئاست، گرنگترینیش ئەوەیە كە كەسانی گفتوگۆكار بتوانن كۆنتڕۆڵی خۆیان بكەن لە ڕووی دەرونیەوە تاوەكو هەڵچون ڕوونەدات.

لەم بوارە ئەگەر بەشێوازە زانستییەكە لێی بڕوانین دەبینن گفتگۆ» بە باشترین وەسیلەی گەیاندن دێت بەمەبەستی ئیقناع پێكردن و باشكردنییەتی ، لەهەمان كاتدا ئاڕاستەیەكە لە بەدەستهێنانی ڕێكخستنی ڕەفتارە مرۆییەكان، گفتوگۆ ڕازیكردنی تاكەلە ڕاهێنانی قەبوڵكردنی ڕەخنەو مامەڵەكردنی ئەرێنی» .

لەلایەكی ترەوە گفتوگۆكردن ڕێزگرتنی ئەوانی ترە لە سەر ئەو بنەمایانەی گفتوگۆكەی پێدا تێپەڕدەبێت و بەشێوەیەكی گشتی وەسیلەیەكی بونیادنەری چارەسەرییە كە هاوكارە لە چارەسەركردنی زۆرترین گرفتەكان.
ئەگەر لە ڕووی بنەما زانستیەكانەوە لە گفتوگۆ بڕوانین پێویستە بزانین چۆن گفتوگۆیەكی بەسود و بونیادنەر ئەنجام دەدەین؟ بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پابەدنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە ببین:

یەكەم: دیاریكردنی ئەو ئامانج و نییەتەی كە لە پشت گفتوگۆكەوە خۆی حەشاردەدات، لەگەڵ ئەمەشدا تێگەیشتنی تەواو لە بابەتەكە و پارێزگاریكردن لێی لەكاتی گفتوگۆكە و بەلاڕێنەبردنی بابەتەسەرەكییەكە، لەگەڵ ئەمانەشدا پێویست دەكات ماوەی گفتوگۆكە كورت بكرێتەوە و هەموو تواناكا بەكار بهێندرێت بەمەبەستی ڕێزگرتنی هەردوولا بۆ یەكتری.

دووەم: ئامادەباشی لەڕووی دەرونی و عەقڵی و ئامادەبونێكی خۆڕاگر و كۆنتڕۆڵكردنی قسەكەر لەڕووی دەرونیەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا پێویست دەكات گوێگرێكی زۆر باش بێت و ڕای بەرامبەری پێ قەبوڵ بكرێت، بە هەمان شێوە لەكاتی گفتوگۆكاندا نابێت هەوڵی ئەوە بدرێت كەسەكان لە ئاستی زیاد لە پێویست گەورە بكرێن یاخود بەكەم لێیان بڕوانرێت و ڕقاوی بكرێن، هەر بۆیە گرنگە زەمینە سازیەكی ئەرێنی سازبكرێت لە كاتی گفتوگۆكان و هەوڵ بدرێت لە گفتوگۆكان بە ئاڕاستە ئەرێنیەكەدا ببرێت و پەیوەستبین بە داد پەروەری و هێمنی و ڕاستگۆیی و گەیاندنی وشەكانمان بە ئەمانەتەوە بگەیەنینە بەرامبەر، هەروەها كار لەسەر ئەوە بكەین هەموو ڕایەكان بە ئاسانی لە بەرامبەرەكە وەربگرین و قەبوڵی گفتوگۆكە بكەین لەڕوە ئەرێنیەكەیەوە.

سێیەم: پێویست دەكات خۆمان لابدەین لەوەی كە حوكم بەسەر كەسی گفتوگۆكاردا نەدەین تەنانەت ئەگەر هەڵەش بوو بۆ ئەوەی گفتوگۆكە لە بارودۆخەكەی دەرنەچێت و بەرەو ئاڕاستەیەك بچێت نەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت.
چوارەم: كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ كەسێك دەكرێت پێویستە كەسی بەرامبەر بە هەموو هەستەكانیەوە گوێگربێت، بۆ ئەوەی قسەكەر هەست بە گرنگی بەرامبەرەكەی بكات لە ڕوانینی بۆ بابەتەكەی.

پێنجەم: هەڵبژاردنی كات و شوێنی گونجاو و ڕەچاوكردنی ئەو واقیعەی تێدایت،ئەمەش بە هەدوو لایەن دەستەبەردەكرێت.

كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ كەسانێك دەكرێت پێویستە موراعاتی كەسی بەرامبەر بكرێت لەوەی لەوانەیە ئەو كەسە هەست بە ماندووی و بێتاقەتی و ئیرهاقێكی زۆر بكات ، هەندێك جار گفتوگۆ لەگەڵ كەسێك دەكرێت ئەگەر برسی و ماندوو بوو یاخود لە شوێنێكی تەسك ونەگونجاو بوو ئەوكاتە گفتوگۆكە بە ئاراستەیەكی كەدا دەڕوات كە خوازراو نابێت.

بەشێوەیەكی گشتی پێویستە لەكاتی گفتوگۆكاندا موراعاتی قسەكەر بكرێت لە ڕووەكانی دەرونی و ئابوری و تەندروستی و تەمەن.

لە بەشێكی گرنگی گفتوگۆدا وە ئەوكەسانەی زۆر گرنگی بە ئەنجامدانی گفتوگۆدەدەن پێویستە ئاگاداری بنەما سەرەكیەكانی گفتوگۆببن، ئەو بنەمایانەش خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە كە:
یەكەم: پێویست دەكات گوێگرێكی زۆر باش بیت،چونكە ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو ئەو كات ناتوانرێت ئامانجی سەرەكی گفتوگۆكە بپێكرێت و بە ئاڕاستەیەكی كەدا هەنگاوی هەڵە دەنرێت.

دووەم: نییەت باشی، پێویستە كەسی گفتوگۆكار نییەت باشی خۆی لە ئەنجامی گفتوگۆكە دەربخات بەوەی كە هیچ نییەتێكی گوماناوی لە گفتوگۆكەدا نیە و ببێتە جێگەی متمانە.

سێیەم: كەسی گفتوگۆكار پێویستە كەسێكی سەرنج ڕاكێش بێت، بەو مانایەی وا پێویست دەكات لەكاتی گفتوگۆكاندا بەشێوازێك ڕەفتار بكات كە لەگەڵ شوێن و كات و جۆری گفتوگۆكە گونجاوبێت و شێوازی دەربڕینەكانی جیاوازبن.
چوارەم: گفتوگۆكار پێویستی بەوەیە كە باشترین دەستەواژە لە دەستپێكی قسەكانیدا بەكار بهێنێت و جێگەی سەرنجی بەرامبەر بێت.

پێنجەم: پێویست ناكات هەندێك وشەو دەستەواژە بەكار بهێنرێت كە بەرامبەر وا هەست بكات فەرزكرێت بەسەریدا ،یاخود بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەیتەوە.
شەشەم: كۆنترۆڵكردنی خود، لێرەدا پێویستە لە كاتی گفتوگۆكاندا هەردوولا توانای كۆنترۆڵكردنی خۆیان هەبێت و نەكەونە هەڵەی هەڵچونەكانەوە.

كەواتە لە كۆتایی ئەم بابەتە بۆمان دەردەكەوێت ئەگەر بتوانین گفتوگۆیەكی تەندروست بكەین دەشێت پابەندی سەرجەم بنەماكانی گفتوگۆ ببن، كە بەداخەوە ئەمڕۆ و بەتایبەتتر لە بونی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ئەم شێوازە لە گفتوگۆی تەندروست غیابی هەیە.


PM:02:35:19/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 4171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی