زمانی جەستە (درۆزنەكان سەرلووتیان دەخورێنن)

‌چرۆ شه‌هاب‌



زمانی جەستە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەبواری پەیوەندی كردن لەگەڵ بەرامبەر و هیچ كاتێك لە زمانی دەنگی كەمتر نەبوە و نابێت، چونكە زمانی جەستە لە 55% و شێوازی دەربڕینی دەنگی لە 38% و 7% دەربڕینەكانە بە وشە و قسەكردن .

بونی زمانی جەستە لەلای هەموو تاكێك بەگشتی و لای سیاسیەكان بەتایبەتی گرنگی خۆی هەیە، ئەگەر لە ڕوانگەی سیاسیەوە سەیری زمانی جەستە بكەین، لە ڕووی جوڵەی دەست و سەر و دەموچاو دەبینین هەریەكێكیان ئاماژەیەكە، ئەم جۆرە لە ئاماژانە بەردەوام بونەتە جێگەی سەرنجی میدیاكاران بەتایبەت لەكاتی دیدار و چاوپێكەوتنە میدیاییەكانەوە لەگەڵ بەرپرسان و دەستەڵات داران، چونكە لەڕێگەی شێوازی دەركەوتنیان و بەكارهێنانی هەندێك لە ئاماژەكان دەیانەوێت بێتاقەتی و ناڕازی بون و دڵەڕاوكێكانیان بشارنەوە، ئەمەش لەخۆیدا دەرنەخستنی ڕاستیەكانە.

لە زمانی جەستەدا دەتوانین پەیوەندیكردنی نا زارەكی بەسەر چەند جۆرێكدا دابەش دەبێت ئەوانیش:

یەكەم: دەربڕینەكانی دەموچاو، ئەم جۆرە لە پەیوەندیكردن لەگەڵ بەرامبەر زۆر گرنگە، چونكە دەربڕینەكانی دەموچاو دەتوانێت هەستەكانی تاك دەربخات لەبەرامبەر هەر كار و كاردانەوەیەك بەبێ ئەوەی پەنا بۆ دەربڕینە وشەییەكان ببات و ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم جۆرە دەربڕینانەی دەموچاو لە جیهاندا یەك شێوازە.

دووەم: جوڵەی جەستە، ئەم جۆرەیان بەهەمان شێوە لە جیهاندا یەك شێوەیە و دەتوانرێت لەسەر شێوازەكانی ڕۆشتن و دانیشتن و جوڵەكان لێكدانەوە بكرێت،چونكە جوڵەی جەستە سەروەتێكی زانیاریە كە كاتێك لەگەڵ بەرامبەرەكەماندا مامەڵە دەكەین.

سێیەم: ئاماژەكان، ئەمەش شێوازی جوڵەی بەكارهێنانی دەستەكان دەگرێتەوە لەكاتی گفتوگۆ یاخود وتار خوێندنەوەكان بە تایبەت كاتێك قسەكەر دەیەوێت تەبریرێك بۆ قسەكانی بهێنێتەوە.

چوارەم: پەیوەندیكردنی چاوەكان: هەستی چاو زۆر گرنگە چونكە وەك دەوترێت چاوەكان ناتوانن درۆبكەن، هەربۆیە بەگرنگترین پەیوەندیكردنی نازارەكی ئەژمار دەكرێت،چونكە دەتوانێت ئاڕاستەی گفتوگۆكان بگۆڕێت.

پێنجەم: دەنگ، دەتوانرێت لەڕێگەی دەنگەوە پەیوەندیەكانمان ئەنجام بدەین ،ئەگەر هاتوو كەمترین وشەش بەكاربێنین، بەڵام دەتوانین لەڕێگەی شێوازی دەربڕینی وشەكانەوە توڕەیی و بێزاری و خۆشی و ناخۆشی و بێ متمانەیی و لاوازی دەرببڕین، ئەویش لەڕێگای تۆنی دەنگ و ئاوازی دەربڕینی دەنگەكە.

شەشەم: ڕواڵەت، جۆری بەكارهێنانی جل وبەرگ و ڕەنگەكانی و هەروەها شێوازی بڕین و چاككردنی قژ دەتوانین گەورەترین كاریگەری لەبەرامبەر بكەین، چونكە بەیەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی پەیوەندیكردن دادەنرێت.
بەهۆی گرنگی زمانی جەستەوە دەشێت تایبەتمەندی گەورە هەبێت لە زمانی جەستەدا، كەئەوانیش تایبەتمەندی زمانی پەیوەندیكردنی هاوچەرخە كە پشت دەبەستێت بە دەربڕینەكانی جەستە كە ئەوەش زانستێكە دەخوێندرێت لە پەیوەندیكردنی نازارەكی.

لەگەڵ ئەمەشدا جوڵەی جەستە دەكەوێتە پێش قسەكردن، چونكە هەر جوڵەیەك دەربڕینی مێشكە، كە نایەوێت بە وشە دەریببڕێت و زانستی زمانی جەستە هەندێك جوڵە دەردەخات كە مرۆڤەكان بە شێوازێكی لاشعوری دەریدەبڕن، وەك ئەوەی كە جوڵە جەستەییە لاشعوریەكان ئاوێنەی ئەو مانایانەبن كە دەمانەوێت لە ناخی خۆماندا بیان شارینەوە.

ئەگەر لەڕووی گرنگیەوە لە پەیوەندیكردنی نازارەكی بڕوانین دەبینین چەند ڕۆڵێك دەبینێت كە ئەوانیش:

یەكەم: دووبارەبونەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت كە كاتێك بەشێوازی نازارەكی دووبارەی ئەو وشە زارەكیە دەكەیت كە دەتەوێت بوترێت.
دووەم: ناڕێكی، لەم شێوازی ڕۆڵەی نازارەكیەدا واتاكان پێچەوانەی ئەو بابەتەیە كە دەتەوێت بیگەیەنیتە بەرامبەر.

سێیەم: گۆڕینەوە، لێرەدا قسەكەر بە نازارەكی دەتوانێت كاری پەیوەندیكردنەكەی ئەنجام بدات وەك لەوەی بە زارەكی بیڵێت، وەك ئەوەی دەتوانرێت بە چاو پەیامێك بگەیەنیت .

چوارەم: تەواوكار، دەتوارێت لەگەڵ زارەكیدا نازارەكی تەواوكاری ئەو بابەتەبێت كە قسەكەر دەیەوێت بیگەیەنێت.

پێنجەم: دیالێكت، لەم بەشەدا كاتێك قسەكەر پەیامێك دەگەیەنێت بەڵام شێوازی دیالێكتی ناڕوونەو ناتوانرێت لێی تێبگەیت ئەو كاتە پەیوەندیكردنی نازارەكی خۆی دەخزێنێتە ناو بابەتەكە بە ئامانجی ڕەوینەوەی لێك نەگەیشتنەكە.

لەبواری زمانی جەستە و بەكارهێنانەكانی زارەكی ونازارەكی بەتایبەتی لەبواری میدیادا سەرنجتان بۆ ئەم نمونانە ڕادەكێشم.

نمونەی یەكەم خۆی لە هەردوو دەستدا دەبینێتەوە ، كاتێك كەسێك دەستەكانی بە شێوازێكی ئیسراحەتە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەستی كراوە ڕاستگۆیی و ئەمانەتی كەسەكە دەردەخات.

لە نمونەی دووەمدا كاتێك بەدەست سەلام دەكەیت و سەلامكردنەكە بەهێزەوەیە، ئەمش دەریدەخات كە بەزمانی جەستە دەڵێت من كەسێكی بەهێزترم لە تۆ ،ئیتر ئەو بەهێزیە لە ڕووی بەژن و باڵا یان مادی یاخود بەكەسێتی.

یەكێك لەخاڵەگرنگەكانی زمانی جەستە دەركەوتنی درۆكردنە، كاتێك كەسێك بە درۆیەك وەڵامی بەرامبەرەكەی دەداتەوە، ڕاستەوخۆ جۆرێك لە هۆرمۆنی جەستە پاڵدەنرێت بۆ ئەو شوێنانەی كە زۆرترین موولوولەی خوێنی تێدایە و پێویستی بە خوران دەبێت،هەربۆیە درۆزنەكان پەنادەبەن بۆ خوراندنی سەرلوتیان.

كوردستانى نوىَ


AM:10:04:02/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 10824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی