میدیای نوێ و لێكەوتەكانی

‌چرۆ شه‌هاب‌

بواری میدیا بەگشتی ژیانی مرۆڤایەتی داگیر كردووە، سەرەتا دەبێت لەم نێوەندی داگیركاریەدا بزانین میدیای نوێ چییە؟ چونكە لای هەموان ئاشكرایە كە میدیای باو یاخود تەقلیدی ئەو میدیایەیە كە خۆی لە ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕادیۆو تەلەفیزیۆندا دەبینێتەوە.

میدیای نوێ شۆڕشێكی گەورەی زانیارییە كە بەبێ ئەوەی هەستی پێبكەین زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگە بەرجەستەی دەكەن، ئەم جۆرە لە میدیا بە گرنگترین قۆناغەكانی گەشەسەندنی دێت لە ڕوی مرۆڤایەتیەوە و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە كەرتی میدیا بۆ دوو بەرە دابەش ببێت، كە ئەوانیش میدیای تەقلیدی و میدیای نوێیە.

لەگەڵ گەشەسەندی تەكنەلۆجیا، میدیای نوێ خۆی خزاندۆتە نێو دەستی هەموومان وەك بەكارهێنانی تەلەفۆنە زیرەكەكان و بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و سود وەرگرتن لێی لە بڵاوكردنەوەی وێنە و هەواڵ و ڤیدیۆو سەرجەم ئەو شتانەی كە دەمانەوێت لە تۆڕەكان بڵاوی بكەینەوە و هەموو شێوازەكانی مۆنتاژی فۆتۆیی و ڤیدیۆیی تیادا ئەنجام بدەین وتەنانەت بە ئاسانی دەتوانین پەخشیان بكەین، كەواتە هەموو ئەمانە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت،كاریگەری نەرێنی لەسەر بەها كۆمەڵایەتیەكان دروست دەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتی نەتوانێت بە سانایی و ئاسایی بجوڵێتەوە، چونكە بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژی.

لەبیرمان نەچێت میدیای نوێ لەم ساڵانەی دواییدا توانی وەسیلەیەك بێت لە هەڵگیرسانی خۆپیشاندان و شۆڕشی نوێی بەهاری عەرەبی لە هەندێك وڵاتی عەرەبیدا وەك چۆن لەم چەند ڕۆژەی پێشودا پشتیوان و هاندەری خۆپیشاندانەكانی وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

كەواتە واپێویست دەكات بزانین لەپاڵ میدیای نوێ و دیجیتاڵ میدیادا كامانەن ئەو دیاردانەی ئەمڕۆ دەركەوتوون لەپاڵ ئەم میدیایەدا كە ئەمەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دیاردانەی :
یەكەم: توانیویەتی توێژێكی تری میدیاكار دەربخات كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكیان بە بواری كاري میدیاوە نییە.
دووەم: دەركەوتنی بڵندگۆی نوێ،كە مرۆڤەكان دەتوانن بە ئاسانی پەیوەندی بەیەكتریەوە بكەن و بە شێوازێكی خێرا و ئازادانە كۆمێنت و قسە لەسەر بابەتی یەكدی بڵێن.
سێیەم: دەركەوتنی میدیای جەماوەر بۆ جەماوەر.

چوارەم: ئەوەی میدیا تەقلیدییەكان ناتوانن لە كەناڵەكانیانەوە باسی بكەن لە ڕێگەی ئەم جۆرە لە میدیای نوێ دەیخەنە بەردەست و بەرچاو و ڕای گشتی.

پێنجەم: پەرتبونی جەماوەر، كە دەبێتە هۆی پەرت بونی جەماوەر بەشێوازی گروپی بچوك،كە لەكاتێكدا میدیای تەقلیدی جەماوەرێكی پان وبەرینی هەبوو.

شەشەم: دەركەوتنی دیاردەی كۆمەڵگەی خۆسەپێنەری تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان، كە ئەمەش كۆمەڵەكەسانێكن موخاتەبەی كۆمەڵگەو كەسانی تر دەكەن بەهۆی ئەم میدیانوێیەوە بەو مەبەستەی دەیانەوێت.
پسپۆڕانی زانستی نوێی میدیایی بۆیان دەركەوتووە كە میدیای نوێ لەبەر ئەم هۆكارانە جێگای گومانە:
یەكەم:كەمتر جێگەی متمانەی بینەر و خوێنەرێتی بەتایبەتی ئینتەرنێتیەكان، چونكە بڵاوكردنەوەكان بەردەوام جێگەی گومانن و كەسە سەرەكییەكان كه‌ لەگەڵ میدیای نوێ مامەڵە دەكەن دیارنین.

دووەم: ئازادییه‌که‌ی كە هیچ سنورێكی نییە و كات وشوێنی دیار نییە، پەنا دەباتە بەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و بۆچونی هەڵە.
كە هەموو ئەمانە ڕێگە خۆشكەر دەبن لەبەردەم دروست بونی هەموو جۆرە تاوانێك لەڕێگەی ئەم جۆرە میدیا نوێیەوە.

كەواتە چۆن دەتوانین ببینە بەربەست لە بەكارهێنانە هەڵەكانی میدیای نوێ؟ بۆ ئەمەش بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە یاسایەكە ئەمە ڕێك بخات وەك چۆن یاسای ڕۆژنامەگەری میدیای ڕێك خستووە.
كەواتە پرسیارە دروستەكە ئەوەیە، ئایا لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم میدیای نوێیە بەرەوكوێمان دەبات؟ وە لە بونی ئەم فەوزایەی تیایدا دەژین میدیای نوێ چۆن دەهێڵێت كۆمەڵگە بە هێمنی و ئاسودەیی بژی؟


PM:04:03:04/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 2254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی