گرنگیەكانی دانوستان ‌

‌چرۆ شه‌هاب‌


دانوستان هونەری ڕازیكردنەو(یەكێكە لەو چالاكیانەی كە ئامانج لێی گەیشتنە بە وەدەست هێنانی بەرژەوندی دوولایەن لەسەر ئاستی تاك و گروپ و شاندەكان،كە تیایدا خاڵێكی هاوبەش پێكەوەیان دەبەستێت، كە ئامانج لێی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەكە هەردوو لا ڕازی بكات)

لە ڕوانگەی ئەم پێناسەیەوە لە دانوستاندنەكانی شاندی كوردی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی،نزیكیەك هەیە،كەشاند هەبووە لەدانیشتنەكان،هەروەها بەرژەوەندی دوو لایەنە ئامادەگی هەیە و بەرژوەندیەكانی كوردستان وعیراقیشی لەخۆگرتووە،بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە كە نەیانتوانیوە لە دانوستاندنەكاندا بە دەرەنجامی ڕازیبونی هەردوو لایەنەكەوە دەرچەیەكی تەندروست دەستەبەربكەن.

لەڕووی جۆرەكانی دانوستان دەتوانین بەپێی پێوەرە زانستیەكان وە گونجاندنیان لەگەڵ واقعی حاڵی ئەمڕۆدا لەم چەند خاڵەدا ڕوون بكەینەوە:

یەكەم: دانوستان بەمەبەستی كۆتایی هێنانی خێرایە، كە لێرەدا دانوستاندكاران لەسەر كێشەیەكی كتوپڕ دانوستانی خێراو كۆتایی ئەنجام دەدەن واتە دانوستانەكە كۆتایی بە گرفت وكێشەكە دەهێنێت.

دووەم: دانوستان بە ئامانجی هێوركردنەوەی دۆخەكە، لەم جۆرەیاندا كاتێك دۆخێكی دێتە پێش بە شێوازێكی خێرا هەوڵی هێوركردنەوە دەدرێت بەمەبەستی ئەوەی لێكەوتەی خراپ بەدوای خۆیدا نەهێنێت، ئەم جۆرە لە دانوستان دەتوانین زیندوترین نمونەی هاوتای بۆ بهێنینەوە كە دانوستانەكانی چەند ڕۆژی بەر لە ریفراندەم بوو، كە لێرەدا دەتوانین بەپێی دەرەنجامەكان دەریبخەین كە شاندی دانوستاكار نەیان توانیوە سەركەوتن بەدەست بهێن ،ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە لیژنەی باڵای ئەم پرسە بەر لە دانوستاندنەكان بڕیاری كۆتاییان دابوو و تەنانەت لە بانگەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕیفراندەمدا بوون، ئەمەش بێ ئومێدی لەلایەن دانوستكانكارانی بەرامبەرەوە دروست كردبوو،هەربۆیە دانوستاندنەكان لە شكستدا بوون.

سێیەم: دانوستان بە ئامانجی ڕاكێشانی لایەنی بەرامبەر بۆ لای خۆت، ئەم جۆرە لە دانوستان بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكات لایەنی بەرامبەر بەشێوازێك ڕازی بكات و بەلای خۆیدا ڕایبكێشێت كە ئامانجە گەورەكەی خۆی لێ بەدەست بهێنێت.

چوارەم: دانوستان بە ئامانجی ڕاكێشانی هەموان بەلای خۆتدا، لێرەدا نزیكترین نموونە دانوستانی نێوان پارتە سیاسیەكانە، بەردەوام پارتێك لە ڕێگەی دانوستانەكانەوە لەهەوڵی ڕازیكردنی ئەوانی دیكەدایە كە بیانخاتە ژێر ڕكیف و بڕیارە چارەنوس سازەكانەوە.

ئەمانە چەند جۆرێك بون لە دانوستان كە بێگومان كات و شوێن و جۆری كێشەكانیش چەندین شێوازی جیاواز لە جۆرەكانی دانوستان دەخولقێنێت.

لەكۆی دانوستانەكاندا چەند ئامانجێك هەیە كە لایەنی دانوستانكار دەیەوێت بەدی بهێنێت،لەوانە: گۆڕینی ڕای بەرامبەری لایەنەكانی كە،لەگەڵ ئەوەشدا راكێشان و پاڵپشتی لایەنی بەرامبەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی خۆی و پاشان پاڵنانی بەرامبەر بۆ كاردانەوەیەكی نەگونجاو بەپێی پلانێكی پێش وەختە،كە ئەم جۆرە ئامانجە بەتایبەتی لەنێوان پارتە سیاسیەكاندا بەدی دەكرێت و بە گشتیش لەنێوان وڵاتە زلهێزكان بونی هەیە.

لە ڕوانگە زانستیەكانەوە دەركەوتوە كە دواجار دانوستان لەپێناو دیاریكردنی خاڵی هاوبەش و  ناكۆك  ئەنجام دەدرێت،جگە لەمەش دیاریكردنی ئەو خاڵە جەوهەریەی كە لەسەر ناكۆكن و بە هیچ شێوەیەك سازشی لێ ناكرێت بەتایبەت لەو ساتە وەختەدا كە دانوستان ئەنجام دەدرێت، ئەم خاڵەشمان بەدیكرد لە دانوستانەكانی تایبەت بە ڕیفراندەم كە سازش نەكردن بوو لەبەرامبەریدا، بێگومان ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە دەرئەنجامی خراپی لێكەوتەوە و بارودۆخەكەشی بەئاراستەیەكی نەخوازراوی توندا برد.

هەركاتێك لە دانوستاندنەكاندا زەمینە سازی تەواو نەكرابێت ئەوكاتە دانوستانەكان سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە، بیرمان نەچێت كەسایەتی كەس و شاندی دانوستانكار گرنگی گەورەی هەیە لە بەدەست هێنانی ئەنجامی بەهێز و تەندروست و پێویست.

قبوڵكردنی لایەنی دژ لە دانوستانەكان،  یەكێكە لە ئەرك و كارە سەرەكیەكانی لایەنی بەرامبەر بەوەی كە ڕەوامەند بن بەو پرۆسەیەو لەسەر مێزی گفتو گۆ كۆببنەوە.
لە ئامادەكاریەكانی دانوستان پێویستەڕەچاوی ئەمانە بكرێت:

یەكەم: دیاریكردنی ئەندامانی شاندی دانوستان و پێدانی ئەو سەلاحیەتانەی كە تاوەكو كوێ دەتوانن ڕێككەوتن بكەن،بێگومان ئەمەش بە زارەكی نابێت و پێویستە بە نوسراوبێت.

دووەم: دانانی ستراتیژیەتی دانوستان و دیاریكردنی سیاسەتی دانوستانەكان بۆ هەر قۆناغێك لە قۆناغەكان.
سێیەم: ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەی كاری دانوستان لەلایەن شاندەكەوه‌.
چوارەم: دیاریكردنی كات و شوێنی دانوستان بە ڕێككەوتنی هەردوولا و دابین كردنی كار ئاسانیەكان بۆی.
پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە ئایا شاندی دانوستانەكانی كوردستان لەسەر چ پێوەر و بنەمایەكی زانستی دانوستان دەكەن؟


PM:03:47:09/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 3774 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی