ھەڵەیەک کە نابێت "نەوەی نوێ" بیکات

‌شوان ئادەم ئەیڤەس


جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید ھەڵەیەکی ستراتیژیی زۆر گەورە دەکات، ئەگەربێتو بەربژێرە سەرکەوتووەکانی نەنێرێتە پەرلەمانی کوردستان و بایکۆتی دانیشتنەکانی خولی پێنجەم بکات بۆ چاودێرییکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەرکردنی یاسای نوێ و پەسەندکردنی بودجەی ساڵانە.

ھەڵە ستراتیژییەکەی لەبەرئەوە نییە کە ئەو تۆمەتانەی بەسەردا ساغدەبێتەوە کە ھێزە رکەبەرەکانی دیکە لەگەڵ درووستبوونی ھەر گروپێکی نوێی فشاردا دەیھۆننەوە. لەبەرئەوەش نییە کە بەپێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان مۆدێلێکی نوێی سیاسەتکردن تاقیدەکاتەوە؛ بەگۆڕینی گروپی کۆمپانیا بازرگانییەکانی بۆ رێکخستنێکی سیاسیی بەناوی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەڵکو لەبەر ھۆکارێکی زۆر سادەیە: ھەر دەنگدەرێک متمانەی خۆی دەبەخشێتە لیست و بەربژێرێکی دیاریکراو، مەبەستییەتی نوێنەرایەتی ئەو بکات و ببێتە دەنگ و رەنگی خواستەکانی لەنێو دانیشتنەکانی پەرلەماندا، نەک لەسەر شاشەو شەقامەکان. شەقام و شاشەکان چەندە پێویست و گرنگشیش بن ناتوانن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەم ھەرێمەدا بکەن؛ ئەگەر حزبێکی دەسەڵاتدار یان فراکسیۆنێکی پەرلەمانیی کاریگەری لەپشتەوە نەبێت.

بەپێچەوانەی خۆرئاواوە، لە کولتوری خۆرھەڵاتییدا کشانەوەو بایکۆت و وازھێنان ئەوەندەی ئاماژەن بۆ "دەست و پێ سپیلکەیی"، ئاماژەنین بۆ "سەرکەوتن"و کارامەیی لەبەڕێوەبردنی گرفت و قەیرانەکاندا. ئەوەندەی نیشانەن بۆ "راکردن لەواقیع"، ئەوەندە دەربڕی "ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی" نین. واتە ئەوەندەی گرێ دەروونییەکان زاڵ و زەقن لەدەربڕینی ھەڵوێستەکاندا، ھێندە دەرھاویشتەی پلان و پرۆژە و پرۆگرامی بیرلێکراوە نین. لەم کولتورەدا، ئەوەی تائێستا سەرکەوتوو بووەو توانای مانەوەو بەردەوامیی ھەبووە، تەنھاو تەنھا کودەتای سەربازیی بووە نەک خەباتی پەرلەمانیی و دیپلۆماسی. ئەوانەی دوایین بڕیارەکانیان یەکلایی کردوەتەوە، ئەوانە بوون کە خاوەن میلیشیاو "شەرعیەتی شۆڕشگێرانە"ن. واتە گۆڕینی ئەم کولتورە خۆرھەڵاتییە، خەبات و خەونی جوتیاری کوردی دەوێت، تاوەکو ھەناسەدرێژ و چیکڵدانە فراوان بێت بۆ سەوزبوونی چرۆی گۆڕان و نوێبوونەوە لە رێی ھەزمکردنی واقیعی کێبرکێ و ئەنجامی دەنگدان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

وەک پێشتر تاقیکرایەوە، لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بەبردنەوەی ٢٥ کورسی بوویە دووەم گەورەترین فراکسیۆن و حزب لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستاندا، بەڵام تەنانەت لەپاش دروستبوونی گروپێکی فشارو ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر؛ رێنوێنی و سەرکردایەتیکردنی فیزیکیی نەوشیروان مستەفاش نەیتوانی لانیکەم سیستمێکی سیساسیی ھاوچەرخ بکاتە مۆدیلی حوکمڕانیی کورد لەباشوری کوردستاندا. ئەزمونیی پەرلەمانیی کاتێک مانابەخش و کاریگەرە کە دەرھاویشتەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەو کولتوری دیموکراسیی بێت، نەک ئەوەی ببێتە رووپۆشێکی ساختە بۆ شاردنەوەی حوكمی بنەماڵەیی و دەستەو گروپی مافیا رەفتار. ھەربۆیە ئەگەر بڕیاربێت لەژێر ھەرپاساوێكى رەواو ناڕەوادا بیر لەرێگەچارەی سەربازیی نەکرێتەوە، دەبێت زۆر بە چڕیی دەست و پەنجە لەگەڵ خەباتی پەرلەمانییدا نەرم بکرێت و لەوێوە فراکسیۆنی گەورەتری ئۆپۆزیسیۆن بە ھێزی شاشەو شەقام پشتئەستور بکرێت.

یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان چەندە خراپ و پڕ کەموکورتی بن، بەڵام ھێشتا بەشێوەیەکی رووکەش و لاوەکییش بێت کاریان پێدەکرێت و بۆ پرسە جۆربەجۆرەکان رەوایەتیی لەوانەوە وەردەگیرێت. لەو روانگەیەوە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان لە زمانی بڕیاردەرەکەیەوە دووپاتیکردوەتەوە کە لە ئەگەری بایکۆتکردنی ھەر لیستێکدا، دەنگەکانی ئەو لیستە وەلادەنرێت و جارێکی دیکە ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان ئەنجامدەدرێن و کورسییەکان دەدرێنە لایەنەکانی دیکە. ھەربۆیە "ئەگەری پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ نەچنە پەرلەمان و بەشدارنەبن، ئەوا دەنگەکانی ئەو قەوارەیە لادەبرێت و دووبارە کۆی دەنگەکان دابەشدەکرێنەوە بەسەر لایەنەکاندا، ھەر لایەنێک بە رێژەی خۆی کورسی بەردەکەوێت". لەوەھا دۆخێکیشدا، ئەگەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە رێی شاشەو شەقامەوە کونە مشک لەدەسەڵاتدارانیش بکاتە قەیسەری، ھێشتا ناتوانێت بچوکترین یاسا بگۆڕێت کە لەپەرلەمانەوەی دەردەچێت.

گۆڕینی حزب و گروپی فشاری میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ فراکسیۆن و بەرەی ناڕازی پەرلەمانی، پێویستیی بە ئیرادەو ئیدارەیەکی بەھێزە کە وەک ئەوانەی پێشوو لەترسا بێت یان لەبرسا؛ چۆک دانەدەن و توانای مانەوەو بەردەوامییان لەرەوایەتی پرۆژەکانیانەوە بەدەستبھێنن.


PM:01:50:04/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 4373 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی