ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان و پێشێلكردنی له‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا
شوان ئادەم ئەیڤەس
پێشێلكردنی مافی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان له‌سه‌روه‌ختی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان، له‌رێی ژانره جیاوازه‌كانی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه به‌یه‌كێك له‌دیارده مه‌ترسییداره‌كانی سه‌رده‌می جیهانگیریی داده‌نرێت، هاوكات دژ و پێچه‌وانه‌شه له‌گه‌ڵ بنه‌ما یاساییه‌كان و پرنسیپه‌كانی ئیتیكی رۆژنامه‌گه‌ری.
مافی تایبه‌تمه‌ندێتی PRIVACY RIGHT یاخود ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان به‌یه‌كێك له مافه شارستانییه ناسیاسییه‌كان داده‌نرێ و به‌پێی جیاوازی شوێن، كات، كه‌س، لایه‌ن، كولتوور، دابونه‌ریتی ئایینی و كۆمه‌ڵایە‌تی گه‌لان له گۆڕاندایه‌و دۆخێكی نه‌گۆڕو چه‌سپاوی نییه. ئه‌م مافه په‌یوه‌سته به‌ئازادیی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی كه‌سه‌كانه‌وه، له‌و خاڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه ژیانی گشتیی تیایدا كۆتاییدێت.
پسپۆڕی زانستی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ماتیۆ كیران پێیوایه، تایبه‌تمه‌ندی ژیانی تایبه‌ت به‌واتای چه‌ند لایه‌نێكی ژیانمان دێت كه خۆڕسكانه كۆنتڕۆڵی ده‌كه‌ین و كه‌سی دیكه هیچ مافێكی پێوه‌ی نییه تا خۆمان ڕێگای پێنه‌ده‌ین، به‌و پێیه‌ش تایبه‌تمه‌ندێتی مافێكی بنه‌ڕه‌تییه به‌رامبه‌ر به گروپه كۆمه‌ڵایە‌تی یان فه‌رمییه‌كان كه دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمانن.
له ڕاستییدا كاتێك پاڵێوراوانی لیسته ركه‌به‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردن دێنه نێو جیهانی سیاسه‌ته‌وه، ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت كه ده‌بنه فیگه‌رێكی گشتیی و میدیا تیشك ده‌خاته سه‌ر زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ژیانیان كه په‌یوه‌ندیداره به كار‌و پۆسته‌كانیان، له‌هه‌مانكاتدا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه هه‌ندێ لایه‌نی ژیانیان به‌شاراوه‌یی بهێڵنه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كاروباره‌كانیان وه‌ك به‌رپرسێك، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌بێـت به‌ژیانی گشتییانه‌وه، هه‌ربۆیه ده‌توانرێ ژیانی تایبه‌ت به‌مافی ته‌نهایی، مافی سنوورداركردنی ده‌سگه‌یشتن به ژیانی تاكه‌كه‌س و توانای دروستكردنی له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ده‌ستڕاگه‌یشتنێكی ڕێگه‌پێنه‌دراو بۆژیانی خه‌ڵك، مافی به‌نهێنی مانه‌وه‌ی هه‌ندێ كاروباری تاكه‌كه‌س و كۆنتڕۆڵكردنی زانیاری كه‌سی، مافی پشتیوانی له‌تاكه‌كه‌س و كه‌رامه‌تی مرۆیی له‌گه‌ڵ مافی ده‌سته‌به‌ركردنی ڕاشكاوێتی بۆ كه‌سه‌كان، پێناسه بكرێت.
به‌شێكی زۆر له ڕۆژنامه‌وانان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان جیاوازی بكرێت له ڕووماڵكردنی ژیانی تایبه‌تی هه‌ریه‌ك له‌به‌رپرسان و ناوداران و خه‌ڵكانی ئاسایی، چونكه كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی ده‌بێ له‌سه‌ر ئیشوكار و بواری چالاكی كه‌سه‌كان بێت نه‌ك ژیانی تایبه‌تییان، جگه‌له‌وه‌ش به‌پێی ئاست و پله‌ی به‌رپرسیارێتی و ناسراوێتی كه‌سه‌كان، به‌هاو گرنگی ئاشكراكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له‌یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه ده‌گۆڕێت.
ساڵی 1996 ڕه‌خنه‌گری بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریی لۆرد وه‌یكهام، حه‌وت پرسیاری خسته به‌رده‌ست هه‌واڵسازو داڕێژه‌رانی نێو میدیاكان، تا به‌رله‌وه‌ی هه‌رشتێك له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی كه‌سایه‌تییه گشتییه‌كان بخه‌نه‌ڕوو بیری لێبكه‌نه‌وه، ئینجا بڕیاری ئاشكراكردن و بڵاوکردنە‌وه‌ی بده‌ن، ئه‌و حه‌وت پرسیاره‌ش ئه‌مانه‌ن:
* ئایا به ڕاست ئه‌وه‌ی بڵاوی ده‌كه‌یته‌وه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتییدایه؟
* له‌بڵاوكردنه‌وی نهێنی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان (جگه‌له‌و ڕێگایه) هیچ ڕێگایه‌كی دیكه نییه بگیرێته‌به‌ر؟
* ئایا وێنه‌گرتن پێویسته یان هه‌ر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌یه؟
* ئایا هیچ ڕێگه چاره‌یه‌ك نییه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیان له‌سه‌ر خه‌ڵكی بێ‌تاوان و داماو، وه‌ك خزم و كه‌سوكارو منداڵی ئه‌و كه‌سه؟
* ئایا پێویسته خزمایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و كه‌سه بخرێنه‌ڕوو؟
* ئایا به‌راوردكردن له‌نێوان هه‌ڵوێستی پێشوی كه‌سێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ئێستاییدا، كاتێكی زۆری به‌سه‌ردا نه‌ڕۆشتوه یاخود ئه‌و به‌راوردكارییه دادپه‌روه‌رانه‌یه؟
* ئایا ئه‌گه‌ر هیچ كه‌سێك داوایه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه تۆمار نه‌كردبێت كه تۆ زانیارییه‌كانی نێو ژیانی تایبه‌تی بڵاودە‌كه‌یته‌وه، به‌رده‌وام ده‌بیت له‌سه‌ر ئاشكراكردن و بڵاوکردنە‌وه‌ی؟
وه‌یكهام، له خستنه‌ڕووی ئه‌و پرسیارانه‌دا مه‌به‌ستی بوو ڕۆژنامه‌وانان هانبدات تا ئه‌وپه‌ڕی توانا هه‌وڵبده‌ن بابه‌تیی بن و كاروباری پیشه‌یی و وه‌زیفی كه‌سه‌كان بكه‌نه بابه‌تی ئیشكردنیان نه‌ك ژیانی تایبه‌تیان، ئه‌وه‌ش بۆ ڕاماڵینی ته‌می ئه‌و گومان و زانیاریانه‌ی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كان هه‌یانه بیر له ڕێگه‌چاره‌ی وردتر بكه‌نه‌وه، چونكه پاراستنی ژیان و سه‌روه‌ری كه‌سه‌كان و شكۆ‌و كه‌سایه‌تیان گرنگه‌و نابێ یاری به‌ناوناوبانگی هیچ كه‌سێكه‌وه بكرێت، هه‌ربۆیه یاساناسی ئه‌مه‌ریكی WILLIAM L. PROSSER، ده‌ستنیشانی چوار ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كی په‌لاماردان و پێشێلكردنی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كانی كردووه كه ئه‌وانیش:
* په‌لاماردانی مادیی یان خۆهه‌ڵقورتاندن له كاروباره تایبه‌تییه‌كان و نهێنی كه‌سه‌كان.
* ئاشكراكردنی گشتیی نهێنییه تایبه‌تییه‌كان بۆ هه‌موان، واته ئاشكراكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی نهێنی ژیانی تایبه‌تی كه‌سێك كه حه‌ز نه‌كات خه‌ڵكی به‌و نهێنییه‌ی بزانن و به‌چاوی گومانه‌وه سه‌یر بكرێت.
* خستنه‌ژێر ڕووناكییه‌كی دروستكراو، به واتای ڕووناكی خستنه‌سه‌ر كه‌سێك و ده‌رخستن و بڵاوكردنه‌وه‌ی، بێئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندیی و به‌هایه‌كی هه‌واڵیی هه‌بێت.
* ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناوی كه‌سێ یان وێنه‌كه‌ی بۆ به‌جێهێنانی سوود و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سێكی دیكه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره پرسێكی پێكرابێ یاخود ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگیرابێ.
له‌ده‌ره‌نجامدا، پاراستنی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان له‌هه‌ر بارودۆخێكدا بێت مافێكی یاسایی هه‌ر تاكه‌كه‌سێك و ئه‌ركێكی پیشه‌یی هه‌ر رۆژنامه‌وانێكیشه كه پابه‌ندبێ پێوەی و پێشێلی نه‌كات، به‌دیاریكراوتر له‌سه‌روه‌ختی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دا كه لیسته ركه‌به‌ره‌كان هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر له‌پێناو چنینه‌وه‌ی ده‌نگێكی زیاتردا.
له‌رۆژگاری ئه‌مڕۆدا كه رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌لكترۆنیی بووه‌ته ئامرازێكی خێرایی گه‌یاندنی زانیاریی و هه‌واڵه‌كان، زۆرجار رۆژنامه‌وانان له‌رێی په‌لاماردانی ژیانی تایبه‌تی كاندیده‌كان و كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی لیسته به‌شداربووه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه، ده‌بنه بریكاری هێزه ركه‌به‌ره‌كان و ئیتیكی پیشه‌ی رۆژنامه‌وانیی پێشێل ده‌كه‌ن.
سه‌رنج: ئه‌م وتاره له‌یه‌كه‌م ژماره‌ی پاشكۆی ده‌نگدانی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، رۆژی پێنجشه‌ممه 5. 9. 2013 بڵاوكراوه‌ته‌وه
PM:07:05:14/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 4125
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی