میدیای کوردى و چەوساندنەوەى یاسایی میدیاوانان

‌شوان ئادەم ئەیڤەس

 

چەوساندنەوەى میدیاوانان، دیاردەیەکى هەنوکەیی نێو نێوەندە حزبیی و ناحزبییەکانى میدیاى کوردییە. لەگەڵ هاوردەکردنى داعش بۆ عێراق و هەڵتۆقینى قەیرانى دارایی حزبە بەشدارو رەدووکەوتووەکانى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، بەرگێکى یاساییترى بەبەردا کراو دەرهاویشتەکانى ئەو دیاردەیە ئاشکراتر بەدەرکەوتن. داهێنانى ئەم چەوساندنەوە یاساییە، زیاتر لەو بەندو بڕگانەى گرێبەستەکاندا زەقبووەوە کە وەک پێشمەرجێکى دەستبەکاربوون، لەلایەن هەندێ لە دەزگا میدیاییەکانەوە دەخرانە بەردەم ئەوانەى هەلێکى کارکردنیان لەو دەزگایەدا دەستدەکەوت، تاوەکو دواتر بەمەرجى هەبوونى کەفالەتنامە لەبەردەم دادنووسدا واژۆ لەسەر خاڵ بە خاڵى گرێبەستەکان بکەن. 

گرێبەستى کارکردن (employment contract) رێککەوتنێکى دوولایەنەیە، ئامانج لێی رەخساندنى وتووێژێکى دادەوەرانەو گەڵاڵەکردنى بڕگەو مادەکانییەتى لە رێی ئاشکراکردنى ناوەخنى ئیشەکە (job description)و رەخساندنى هەلى یەکسان بۆ وەرگرتنى سیڤى خوازیاران. ئەم گرێبەستە، بەڵگەنامەیەکى یاسایی نووسراوە کە دەبێت پەیوەندیی کارکردنى نێوان فەرمانبەر یان کرێکارو خاوەنکار، ملکەچى مەرجەکان و حوکمەکان (terms and conditions)ی نێوانیان بێت کە لەسەرى رێکدەکەون. ئەگەر لایەنى دووەم ناوەڕۆکى ئەو گرێبەستەى پەسەندنەبوو کە لایەنى یەکەم دەیخاتە بەردەم، ئەوا دەکرێت وتووێژى زیاتر بکرێت بەئامانجى لێکنزیکبوونەوەو رێککەوتن لەسەر ئەرک و مافەکانى هەرلایەکیان. هاوکات گرێبەستى کارکردن لەنێوان کەرتى تایبەتیى و گشتییشدا دەکرێت و چەند بوارێک دەگرێتەخۆ، لەوانە ماوەى گرێبەستەکە، کاتى دەستپێکردن و دەستهەڵگرتن، بەرپرسیارییەتە سەرەکییەکانى ئیشەکە، مووچەکەى، کرێی کارکردن لە رۆژانى پشوو، مۆڵەتدان لە رۆژانى پشوو، ژمارەى مۆڵەتى ساڵانە، مۆڵەتدانى تەندروستیی بە پارە، پارەدانى ئیشى زیادە، پاداشتکردنى پێشبینیکراو لەگەڵ دیاریکردنى جۆرى پاداشتەکان، دابەشکردنى قازانجەکان و چۆنیەتى دیاریکردنى، کرێی گواستنەوەو هاتوچۆکردن، لەگەڵ هەر ئیمتیازو وردەکارییەکى تر کە دەشێ بەپێی رێککەوتنى دوولایەنە دەقنوس بکرێن.

ئەگەرچى بڕواهێنان بە پێویستیی وەرگرتنى سیڤى و هەبوونى گرێبەستى کارکردن لەنێوان خاوەنکارو کرێکاردا، دەشێ بە بەشێک لە گۆڕانکاری و نوێبوونەوەى ژینگەى میدیایی ئەم هەرێمە لێکبدرێتەوە. بەڵام هەروەکچۆن لە هاوردەکردنى تەکنۆلۆژیادا بەتەنها تەکنیکەکەى گەیشت و لۆژێکى بەکارهێنانى لاى تاکى کورد هێشتا نەگەیشتووە یان نەخەمڵیوە، بەهەمانشێوە لەگەڵ رووکردنە مۆدێلى گرێبەستى کارکردنی میدیاییدا، بەهۆى جیاکاریی و ناهاوسەنگیی و بەهەند وەرنەگرتنى بەرژەوەندییەکانى لایەنى یەکەم و دووەمى گرێبەستەکان، میدیاوانان رووبەڕووى جۆرێکى نوێی چەوساندنەوەى یاسایی بوونەوە. ئێستا وایلێهاتووە لایەنى یەکەم بەوپەڕى شانازییەوەو لە چوارچێوەى کۆت و بەندى یاساییدا هەموو هێزو تواناو سەلیقەى کارکردنى لایەنى دووەم هەڵدەمژێت، بەبێ ئەوەى لانیکەمى مافەکانى لایەنى دووەم بەهەند وەربگیرێت کە سەرەکیترینیان کەمنەکردنەوەى موچەکەى و دابینکردنییەتى لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا. کاتێکیش لایەنى دووەم بەدەنگ دێت و لەپاى راپەڕاندنى ئەرکە پیشەیی و یاساییەکانى خۆیدا داواى مافە پیشەیی و یاساییەکانى دەکات، دەستبەجێ لایەنى یەکەم بڕیارى سزادانى کاتیی یان دوورخستنەوەى هەمیشەیی بەسەر لایەنى دووەمدا دەسەپێنێت و تاکلایانانە گرێبەستەکەى نێوانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەو جۆرە مامەڵەکردنەى خاوەنى میدیاکان لەگەڵ میدیاکاران، هەمان ئەو مامەڵە چەوسێنەرانەیە کە کەرتى گشتیی یان بەدیاریکراوتر حکومەتى هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرەکانییدا دەیکات. رەنگبێت تاقە جیاوازییەکی نێوانیان ئەوە بێت کە کەرتى گشتیی دەوامى فەرمانبەرەکانى لە هەفتەیەکەوە بۆ دوو رۆژ یان کەمتر لە پێنج کاژێر کەمکردووەتەوە، بەڵام کەرتى تایبەت لەگەڵ دەستکاریکردن و دابەزاندنى مووچەى کارمەندەکانى، جگەلەوەى کاژێرەکانى کارکردنیان بۆ زیاد دەکات و کارى زیادەیان پێدەکات، کرێی ماندووبونیشیان نادات و بۆیشیان پاشەکەوت ناکات!


PM:05:57:19/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 4117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی