هێزی پیكەنین بەرامبەر بە هێزی ووشە ‌

‌هێمن عەبدولقادر

ستەمكاریی چیە؟ جگە لە بەردەوام نەهیشتنی پانتایی پێكەنین‌و شادی‌و پڕكردنی بە دڵەڕاوكێ‌و خەمباریی.
ستەمكارەكان كێن؟

ستەمكارەكان هەمیشە بەو فەزا خەمبارانەدا دەناسرێنەوە كە بەردەوام بە كۆمەڵگادا بڵاوی دەكەنەوە لە ترس‌و تۆقاندن‌و كوشتن‌و بڕین‌و نەهێشتنی پانتایی شادی، بەڵام وەك میشیل فۆكۆ گوتویەتی «لە كوێ دەسەڵات هەبوو هەر لەوێش بەرگری هەیە». كەواتە «هەر قاقای پێكەنینێك تێكشكاندنی ئەو كلتورە بێدەنگ‌و غەمگینەیە كە ستەمكار بەسەر كۆمەڵگادا دەیسەپێنێت».

پێكەنین‌و نوكتە‌و گاڵتەجاڕیی شێوازێكی دیالۆگە، كە سانسۆر ناكرێت،‌ نە بە چاو و گوێی ستەمكار نە بە مێشك‌و بیركردنەوەی فەیلەسوف.

فۆكۆ، راستی گوتووە: كاتێك «هەموو بیركردنەوەكان دەربارەی دیكتاتۆر‌و كورسییەكەی دەستەوستان دەوەستن، تەنها راڤەیەك كە ئەو دۆخە هەڵیدەگرێت بریتیە لە پێكەنین» . كاتێك دەیان ساڵ ئامرازەكانی بەرەنگاربوونەوە لە نووسین‌و قسەكردن ناتوانن بەرەنگاری دیكتاتۆریەت ببنەوە، ئەوكات ئیتر دەبێت شوێنەكە جێبهێڵرێت بۆ پێكەنین» (پێكەنین‌و جنێو)، (پێكەنین‌و نوكتە)،(پێكەنین‌و شاردنەوەی گرێی دەروونی) كۆمەڵێك شتی زۆر لەیەكتر جیاوازن. ئیشی پێكەنین تەنها جنێودان‌و سوكایەتی كردن نییە، بەڵكو ئەوەیە بزانین كە :-
پێكەنین، بەتەنها جوڵەیەكی خۆنەویستانەی ماسولكەیی نییە، كە چەناگەو شەویلگەكان بەشێوەیەكی كاتی بكاتەوە، وەزیفەی سەرەكی پێكەنین بریتیە لە ئاگاهی‌و لە هۆشیاری دان.

 پێكەنین ئەگەر مەعریفەیەكی قوڵ یان باكگراوندێكی گەورەی رۆشنبیری لە پشتەوە نەبێت، ئەوكات لەبری ئەوەی تیرەكەت ئامانجەكە بپێكێت بە پێچەوانەوە خودی خاوەنەكەی دەكاتە كەرەستەی پێ رابواردن. بەمانایەكی تر ئەو شمشێرەی كە بەدەستتەوەیە بۆ راوەشاندن‌و یاری كردن‌و بەرگری كردن ئەگەر شارەزاییەكی قوڵی لەپشتەوە نەبێت، ئەوكات (پێكەنین) لەبری ئەوەی بەرامبەرەكەت ببڕێت، خۆت بریندار دەكات، چونكە پێكەنین‌و (هۆشیاری پێكەنین) جگە لەوەی (پیاو)ی خۆی دەوێت، وەك عەزیز نەسینش دەڵێت (ئەم كارە پیاوی گەورەشی دەوێت لێی تێبگات.

ئەگەر دیقەت لە فیلمی (the great dictator) بدەین، زۆر بەئاسانی ئەوەمان پێدەڵێت: نازیەت‌و خودی هیتلەر پێش ئەوەی بە دەستی سوپای هاوپەیمانان‌و سوپای سووری سۆڤیەت بشكێت، چاپلن بە هونەرە گاڵتە ئامێزەكەی شكۆی ئەو كابرا ترسناكەی شكاند .هێتلەر هێشتا لە گۆرەپانی بەرلین ئاگر لە زاری دەهاتە دەرەوە، كاتێك جاپلن كردی بەكەرەستەی پێ رابواردن. ئەگەر ئەمریكا لە رووی سەربازیەوە خەڵكیان لە چنگی هێتلەر رزگار كردبێت، ئەوا چاپلن لەرووی سایكۆلۆژی‌و رۆحییەوە ئەو كارەی كرد، كەواتە هیچ شتێك لە دەرەوەی پێكەنین نییە، هیچ كەسێكیش لەوە بەدبەختتر نییە كە دەبێتە كەرەستەی پێ رابواردن، بەڵام رابواردنێك كە پاڵپشت بێت بە (زمان زانین و یاری كردن بە وشەو هونەری وەڵامدانەوە‌و تێكستی قوڵی فیكری، نەك قسەی سەرپێی‌و جنێودان‌و هەڵچوونی كاتی.

دیكتاتۆرەكان دەبێت چەند نەگبەت بن، ئەو كاتەی لە بری ئەوەی مەحكوم بن بە لێكدانەوەی وشەی ناو كتێبەكان، مە حكوم دەبن بە كەرەستەی پێ رابواردن‌و پیكەنین. ئامانجی سەرەتایی‌و كۆتای پێكەنینش هیچ نیە، جگە لە ئاگایی دان. پێكەنینێك كە پاڵپشت بوو بە مەعریفەیەكی قوڵ دەتوانێت نەك دیكتاتۆریەت بروخێنێت، بەڵكو بەردیش بخاتە جووڵە.


AM:10:20:24/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 6309 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی