زه‌مانی بێ هه‌یبه‌تی

‌هێمن عەبدولقادر

هەیبەتی هیچ شتێک نەما ، هەموو شتێک لە شوێنی خۆی چوو.
جاران ئەگەر لە کۆڵان مامۆستایەکی خۆتت بدیایە حەوت کۆڵان لەترسا هەڵدەهاتی. ئێستا لە فەیس بووک پێکەوە خەریکی شەڕە کۆمێنتن، جاران ڕەئیس عورەفایەکی چوار خەت بە بڕنەوێکەوە یانزە کەسی پێش خۆی دەیا بۆ مەخفەر ، ئێستا کۆڵێک داڵ و نەجمە بەسەر شانتەوەیە لە سەیتەرەکە پێت دەڵێ بۆ کوێ ده‌چی؟!

جاران دەیانووت (مەلاش هەڵە دەکات)، چونکە بەس لە حوجەرەدا خەڵک فێری خوێنەواری دەبوو، ئێستا قەزاو ناحیە نییە سێ جوار کۆلێژی تێدا نەبێت و ماڵ نییە سێ چوار ماستەر و دکتۆرای نەهێنابێت، کەچی هەڵەکانمان ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر ده‌بن.

جاران خەڵک لەپشتی کەنووی ئارد و لە هەورەبان و لەتەنیش ساج و پەرەمێز و لەناو زەرعات و دەغڵ ودان مەوعیدی دا دەنا و كه‌ هاوسه‌رگیرییان ده‌كرد عومرێک پێکەوە دەژیان، ئێستا لە ئەنتالیا و لە کافتریا و لە ئوتێلی پێج ئەستێرەیی ژوان دەبەستن کەچی مانگێک پێکەوە ئیدارە ناکەن!

جاران کە دەچووی بۆ داوای ژن، دەیانووت: با پرسێکی خاڵ و مامەکانی بکەین دوایی جوابتان لێدەگێڕینەوە. ئێستا ده‌ڵێن: مادام خۆیان هەموو شتێکیان براندۆتەوە ئێمە قسەیەکمان نییە.

جاران ئەگەر لە قوتابخانە سفرێکت تیابوایە دەبوویت بە (دەرگای حەوشە) هەرچی هەڵدەسا لێی ده‌دای، ئێستا سێ سفرت بۆ دەهێنێتەوە، کەچی توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێ: قەینا با هەست بە نەقس نەکات (ئێکس بۆکس)ێکی بۆ بکڕە.

جاران سێ ژمارەت لە گۆڤارێک دەر کردایە ، پەنجا ساڵ ناوت دەمایەوە ، ئێستا ساڵی دوو سێ کتێب دەردەکەیت کەچی کەس نات ناسێت!

جاران دەبوایە تەکلیفت لە هەرچی سەرنووسەر و خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوبەری نوسین هەیە بکردایە، تا وتارێکیان لە رۆژنامەیەک بۆ بڵاو دەکردیتەوە، مانگی وتارێکت بەر نەدەکەوت، بەڵام کە ووتارەکەیان بۆ بڵاو دەکردیتەوە شوێنی خۆی دەگرت، ئێستا هەر لە فەیس بووک بپژمە دەیان سایت و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن بابەتەکانت بڵاودەکەنەوە، وەلێ هیچ شوێنێک ناگرێ!

جاران ئەگەر لە تەلەفزیۆن دەرکەوتیتایە شتێکی زۆر موهیم بوو، ئێستا ڕۆژانە تەکلیفیشت لێدەکەن، کەچی هەر جارە و بە بیانوویەک خۆمان دەدزینەوە.

جاران کە ژنت دەگواستەوە بەڕازیلیەکی ئاوێنە عادی، جام سەرچۆپی، بێ مواسەفاتی قەیتانی مۆدێل ٨٧ ی بێ تەبریدت دەستکەوتایە، دەبوایە مانگێک سەرەت بۆ بگرتایە، ئێستا ریزێک لێکزس و وەنەوشە و رەینج رۆڤەری ئۆتۆ پارکی تەبرید مەرکەزی فوول مواسەفاتی راگرتووە، کەچی بە ئەسپ و عەرەبانە ژن دەگوازنه‌وه‌.

جاران مانگی جارێک کە دەچووی بۆ ماڵی باوکت یان ماڵی خەزوورت، بێشکەیەک و دەسترازە و دوو بلوێر و هەندێک خەیار چەمەر و تەرمۆزەیەکت دەخستە سەر چەمچەی تەکسیەک و لە پێشەوە قۆڵت دەر دەهێنا، هوه‌ك ئه‌وه‌ی بچی بۆ دوورگەکانی مەیامی ئەوەندە دڵت خۆش بوو. ئێستا کە دەچی بۆ ماڵی باوکت ، پاوەر بانکێک و شۆرتێک و خەتێکی ئینته‌رنێت لە گیرفانتایە، سەلام دەکەی کەس تاقەتی نییە جوابیشت بداتەوە!

جاران خەڵک جەژنان بە یانی زوو کە هەڵدەستا ماینەکەی یان ئەسپەکەی زین دەکرد و مشکی و جامانەیەکی تێکەڵ دەکرد و تاپڕ یان بڕنەوەکەی دەکرد بەشانیا، تێی ئەچریکان لەو کانی و ئاوە و بەدەم (کیژان دەچنە مێرگۆڵان)ی حەسەن زیرەکەوە، وەک دەڵێن بەهاری تا ئەژنۆ دەهێنا، ئێستا بەیانی ڕۆژ نەبۆتەوە تەرەقە و قومبەلە و یاری ئاگرینی چینی مێشکت دەبا، به خوا قه سه م له (سیرالیون)یش به‌قه‌د ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی ئێمه‌ ته‌قه‌ی تێدا كراوه.

جاران زەلامێکت دەستکەوتایە ناوکی بهێنایەتەوە یان شکاوی لەگەچ بگرتایە، یان شریقەیەکی لێ بدایه‌تایه‌، هەموو خەڵک پێیان دەوت دکتۆر. ئێستا کابرا بۆردی لە ئەڵمانیا یان کەنەدا هێناوە لە پزیشکیدا کەچی پێی دەڵێن (ئوستاز).

جاران یەک مۆز بە پێنج دینار بوو ئێستا لە ئیکوادۆر و ئەمریکای لاتینەوە کۆنتێنەرێک مۆز بەسەرچوار قارەدا دەگاتە ئێرە کەچی هەشت دانەی بە هەزار دینارە! جاران ته نانه ت مۆزیش هه یبه تی‌ خۆی‌ هه بوو
لێی گەڕێن وا تێک چووە قەت چاک نابێت
شێخ رەزا ووتەنی:
درێغ بۆ ئەو زەمانە ، ئەو ڕۆژە ، ئەو عەسرە
کە مەیدانی جرید بازی لە دەوری کانی ئاسکان بوو


PM:02:37:30/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 1373 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی