هونەری دایکایەتی و باوکایەتی

‌هێمن عەبدولقادر

دایک و باوک پێیوستە هەمیشە لە مندالەکەی بپرسێت (کوڕەکەم.. کچەکەم ئایا تۆ بە چ ڕەفتارێکی ئێمە نیگەرانیت) من ئەزانم ئەم دۆخە زۆر قورسە، بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکدا کە منداڵ بۆی نەبێت لە بەر چاوی گەورەکان تەنانەت قاچ ڕابکێشێ، کارێکی زۆر زەحمەتە ئینسان لەو کۆمەڵگایە بتوانێت بە (بەها) و نرخەوە تەحەمولی ئەوە بکات منداڵەکەی یان کەسێک لە خۆی بچوکتر ئامۆژگاری بکات.

ئەوە لە منداڵەکەت بپرسە کە بە (چ ڕەفتارێکی تۆ نیگەرانە) بەڵام دەبێت پێش وەختە خۆت بۆ تەسلیم بوون ئامادەکردبێت، نەک بۆ بەرەنگاربوونەوە، دەبێت خۆت بۆ گوێگرتن ئامادە کردبێت نەک بۆ وەڵامدانەوە.

ئەوکاتە تەنها بەبێ دەنگی گوێ لەو وەڵامانە بگرە کە منداڵەکەت پێت ئەڵێ، توشی شۆک ئەبیت، چونکە منداڵەکان کینە و بوغز نازانن، ئەوان لە دڵەوە قسە دەکەن، منداڵەکان ڕستەی (مەطاطی) و فرە مانات پێ ناڵێن، منداڵەکان سیاسی نین درۆ بکەن، منداڵەکان نووسەر و ڕۆشنبیر نین وشە بە لوغز و ڕستە بە کینایە بەکاربهێنن، ئەوان نە (فرت و فێڵی) زمان ئەزانن و نە موجامەلە و پیاهەڵدانی مەسڵەحتچیانە، ئەوان ڕێک و ڕەوان پێت دەڵێن کەم و کورتیەکە لە کوێدایە.

زۆرینەی وەڵامی منداڵەکان ئەگەر نەتوانن بەم زمانەش دەری بڕن بریتی دەبێت لە :-

١-کاتێک تۆ و دایکم شەڕ دەکەن، من زۆر دەترسم یان کاتێک تۆ و باوکم شەڕ دەکەن، من زۆر دەترسم.
٢-تۆ هەمیشە توڕەیت.
٣-دەنگ زۆر بەرز ئەکەیتەوە، لەسەر بچوکترین شت ئەیکەیت بە کێشە.
٤- من هەمیشە لە تورەیی تۆ ئەترسم.

لەو دۆخەدا تۆ هیچ بەرەنگاری و وەڵامێک مەدەرەوە، بۆ تەنها جارێکیش بێت پاساو مەهێنەرەوە، تەنها ئەو وەڵامە قبوڵ بکە، کە منداڵەکەت پێی وتویت، هیچ گومانێکیشت لە وەڵامی منداڵەکەت نەبێت، تەنانەت وردترین و پێشەکەوتووترین ئامێری زانستی ناتوانێت بەقەد وەڵامی منداڵەکەت دەقیق و ووردبێت.

کە گوێت لە وەڵامی منداڵەکەت بوو، ئەو کات دەزانی منداڵەکان چەند بێ ڕەحمانە ڕاستگۆن، دوای ئەوەی گوێت لە وەڵامی منداڵەکەت بوو، پێویستە ئەوە بزانیت هەر قسە و ڕەفتارێک کە تۆ ئەنجامی دەدەیت بە باش و بەخراپ، هەتا ساڵانێکی زۆر کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵەکەت هەیە.

(مامۆستای زانکۆ، مامۆستای قوتابخانە، مامۆستای پەرستگاکان، توێژەرەکان، کۆمەڵناسەکان، دەروونناسەکان، نووسەرەکان، وەرگێڕەکان، ڕۆشنبیرەکان، دەسەڵاتدارەکان، باوک و دایکەکان) تەنها لەبەر ئەوەی کە (عقدی زەواج) و (عەقدی اجتماعی) و (عەقدی بڕوانامە) و (عەقدی خوێنەر) و (عەقدی کار)یان هەیە، پێیان وایە هیچ کەسێک ناتوانێت وەک ئەمان وەڵامی قوڵ و مانادار بداتەوە، بۆیە هەمیشە لە غروریەکی سەیردا دەژین.

هەر وەک بەختیار عەلی لە ووتاری (مامۆستا - قوتابی)دا دەڵێت :- ئەم چینانە (لە شوێنێکی بچوکی مەعریفەدا گیردەخۆن)، چونکە قەت گوێیان لەوەڵامی ئەوانەی خوار خۆیان نەبووە، بۆیە ووردە ووردە ئەپوکێنەوە.

تۆ ئەگەر ئەتەوێت وەک دایک وەکو باوک نەپوکێیتەوە بۆ تەنها یەکجاریش بێت گوێ لە وەڵامی منداڵەکەت بگرە، ئەوکات دەزانی منداڵەکان چەندە هۆشمەندن، چەند بە جوانی لە شتەکان تێگەشتوون، هێندەش بێ مێشک نین کە ئێمە هەمیشە پەراوێزمان خستوون.

منداڵەکان بوونەوەری پرسیارکەری ئیزعاجن، بەختیار وتەنی ئەوان وەکو گەورەکان لە شوێنێکی بچوکی مەعریفەدا گیریان نەخواردووە، بۆیە دەبینیت وەڵامی منداڵەکەت خراپ ئازارت دەدات، چونکە بێ کینایە و پەردە هەمیشە وەڵامه كانيان ڕوون و قوڵن.


PM:06:47:19/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 2016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی