ترس لە خۆشتن چیە ؟

‌هێمن عەبدولقادر


فۆبیای خۆشتن یاخود ترس لە خۆشتن رەگ و ریشەیەکی کۆنی هەیە نەک لە لای منداڵان بەڵکو لەلای گەورەکانیش ، تەنانەت سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوە دەکەن کە شازادە ئیلیزابێس کە یەکێک بووە لە بە ناو بانگترین کەسایەتیە پاک و تەمیزەکانی ئەوروپا مانگی جارێک خۆی شتووە ،

هەمیشە دایک و باوکەکان گلەیی ئەوە ئەکەن مندالەکانیان لە خۆشتن ئەترسن ، یاخود خۆیان دەشارنەوە یاخود رادەکەن بۆ کۆڵان ، یاخود دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر ئەنجا مل دەدات بچێت بۆ حەمام
....................................................
گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە ئەبنە هۆی ئەم ترسە لە لای منداڵ ،

١-بەپلەی یەکەم پەروەردەی هەڵەی خێزان و دایک و باوکە ، دایک و باوکەکان خۆیان هیچ کات ئامادەیی ئەوەیان تێدانیە لە کاتی (فیلم یان بەرنامەیەکی سیاسی ، یان هەواڵەکان ، یان لەکاتی میوانداری و نوکتە و پێکەنین ) بچن بۆ خۆشتن ، کەچی ئەم مافە بە منداڵەکانیان ڕەوا نابینن لە کاتێکدا مندالەکانیان سەیری فیلم کارتۆن دەکات ، یان لە ناو هاوڕێکانی یاری دەکات ، یان خەوی دێت ، ئەم دایک و باوکە بێ ئەوەی گوێ بە هیچ انطیباعێکی ئەم مندالە بدەن پشتە ملی منداڵەکەیان دەگرن بە گریان و هات و هاوار پەل کێشی ئەکەن بۆ حەمام ، بێ ئەوەی هیچ کات دایک و باوکەکان گوێ بە گریان و هات و هاوار و حەزی مندالەکانیان بدەن ، کە ئەمە هۆکاری سەرەکی ئەو تۆرانەیە کە منداڵ بەرامبەر بە خۆشتن پەیدای دەکات

٢-دۆخی حەمام زیاتر لە ژووری تەحقیقی و موخابەراتی دەچێت نەک شوێنێک کە منداڵ چێژی لێ وەرگرێت (پەنجەرەی بچوک ، تەختەی ڕەق ، لفکەی زبر ، ژووری بچکۆلە ،حەمامی تاریک ،...هتد) ئەمانە زیاتر لە ژووری لێکۆڵینەوە دەچێت نەک ژووری پاک بوونەوە

٣-زۆرینەی دایک و باوکەکان هەمیشە پەلەیانە کاریان هەیە دەیانەوێت کارەکانیان بەخێرایی ئەنجام بدەن خێرا لە حەمام بێنە دەرەوە و فریای (چێشت ، ماڵ پاککردنەوە ، دەوام ..هتد) بکەون ، وەلێ منداڵ گوێ بەم دۆخە نادات ئەو دەیەوێت (یاری بکات ، پێبکەنێت ، لەکاتی خۆشتندا گۆرانی بڵێت ، شامپۆ بڕێژێت ، گڵۆپ دروس بکات ) ئەنجام دانی هەر کام لەمانە منداڵ ئەخاتە ژێر چەپۆک و لێدان و پێداکێشانی دایک و باوکەوە بەتایتبەتی (دایک) ، ئەوکات لە نائاگاهی و لاشعوری منداڵدا ئەوە دەنیسێ و دەچەسپێ کە حەمام شوێنێکە بۆ کوشتنی پێکەنین و یاری و شوێنێکە بۆ لێدان و پیاکێشان

٤- زۆرینەی دایک و باوکەکان بەتایبەتی (دایک)، لەکاتێکدا کە مندالەکانیان دەشۆن بەردەوام خەریکی لۆمە و سەرزەنشتی مندالەکانیان کە (پیس و پۆخڵن ، شێت بووم بەدەستەوە ، جارێکی تر فڵانە شت بڕێژی بەخۆتا وات لێئەکەم ) ئەمە جگە لە ژینگەی حەمام کە ئاوی سارد کاریگەری هەیە لەسەر نائاگاهی منداڵ و ئاوی گەرم و هەڵم و دەنگ دانەوە و ژاوە ژاوی حەمام زیاتر لە فیلمی ترسناک و شوێنی تەعزیب و ئەشکەنجە دان ئەچێت

٥- زۆرینەی خێزانەکان کاتێکیان دیاریکردووە بۆ شتنی منداڵ (هەموو کۆتاییەکی هەفتە یاخود کاتی خەوتن ، یاخود ڕۆژانی هەینی ) ئەم کات و بەروارانە هەمیشە ئیحایەکی چاوەروانکراوی خراپ دەدات بە منداڵ ، ئەو کات خۆشتن لە پێیوستیەوە دەبێتە کردارێکی ڕۆتینی میکانیکی ، دایک و باوکەکان دەبێت ئەوە بزانن منداڵ هەرکات پێویستی بەخۆشتن بوو دەبێت بشۆردرێت نەک پەیوەست بکرێت بە خشتەی دیاریکراو ،

رەنگە کەسێک بپرسێت باشە رێگا چارەکان چیە ؟ چۆن منداڵەکانمان لە (Ablutophobia) فۆبیای خۆشتن رزگار بکەین ؟ وەڵامەکەی ڕوونە هەموو ئەو هۆکارانەی کە باسکران لێی دورکەوەرەوە دەبنە چارەسەری ترسەکە
نوقتە سەری دێڕ ....
هێمن عبدالقادر ... توێژەری کۆمەڵایەتی
.................................................................
*بیرۆکەی ئەم نووسینەم لە کێشەی ژن و مێردێکەوە بۆ هات کە لەسەر شؤردنى منداڵ و لێدانی منداڵ لە حەمام گەشتبوونە رادەی لێک جیابوونەوە .


PM:06:38:08/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 5046 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی