پەلاماردان، لە دیدگای کۆمەڵناسیەوە

‌هێمن عەبدولقادر


لە کۆمەڵگا تۆتالیتێرەکان دەسەڵات دۆخێکی سایکۆلۆژی وەها دروست دەکات کە هەموو کۆمەڵگا ببێت بە بەشێک لە کردەی توندو تیژی و (پەلاماردان) ، لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا چوارینەی (تاوانبار ، قوربانی ، تەماشاکار ، چاودێر) بوونی نامێنێت ، بەمانایەکی تر لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا هیچ کەسێک ناتوانێت تا کۆتایی پارێزگاری لە شوناس و شوێن و پێگەی خۆی بکات.

ئەوەی کە ئەمڕۆ قوربانیە ، بەیانی دەبێتە تاوانبار ، ئەوەی کە ئەمڕۆ هێرش ئەکاتە سەر خەڵک سبەینێ هێرشی دەکرێتە سەر ، لە کۆمەڵگا تۆتالیتێرەکاندا تەنانەت ، ئەوانەشی کە تەماشاکەر و چاودێر و بێ وەی و بێ کێشەن ناتوانن تاسەر خۆیان بپارێزن لە کردەی توندو تیژی و پەلاماردان.

لەم کۆمەڵگایانەدا (دۆخی لەناکاو) سەروەرە ، لەدۆخی لەناکاویشدا (ئەمڕۆ دەسەڵاتداری بەڵام بەیانی کەهەڵئەستی هیچ دەسەڵاتێکت نەماوە) ، لە دۆخی لەناکاودا دوێنێ پیاوی چاک بوویت بەیانی لەناوجەرگەی شار لە سێدارە دەدرێیت ، لەدۆخی لەناکاودا ئەمڕۆ ستایشت ئەکەن ، کەچی بەیانی پەلامار ئەدرێیت.

کاتێک کردەی پەلاماردان دەبێتە ئاهەنگێکی دەستە جەمعی ، ئیتر لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا تەنانەت تاوانیش مانا ئەخلاقیەکەی خۆی لەدەست دەدات ، هەڵپەڕین لەسەر لاشە و وێنەی قوربانی بەتەنها مانای سەرکەوتن نیە بەسەر دوژمندا ، بەڵکو مانای ئەوەیە کە تۆ دەمریت و من دەژیم ، بەمانایەکی تر تاکە زەمانەتی زیندوو مانەوەی من ئەوەیە کە تۆ بمریت و من لەسەر تەرمەکەت و وێنەکەت هەڵپەڕم.

لە کۆمەڵگای ئایدۆلۆژیدا تاکە زەمانەتی مانەوەی ئینسان ئەوەیە کە ببیت بە بەشێک لە پڕۆسەی توندو تیژی و پەلاماردان ئەمە ئەو دۆخەیە کە رژێمە تۆتالیتارێکان فۆرمەکەیان لە جەنگەڵەوە وەر گرتووە ، لەجەنگەڵیشدا تەنها یەک یاسا هەیە ئەویش ئەوەیە ( کەهیچ یاسایەک نیە)

لەجەنگەڵدا تەنها کار بەیەک میتۆد دەکرێت (ئەگەر نەکوژیت ، دەکوژرێیت) (ئەگەر پەلامار نەدەیت، پالامارت ئەدەن) هەر ئەم میتۆدەیە کە زۆرینەی خەڵک ناچار دەکات بەبێ ویستی خۆیان ببنە گورگێکی ئایدۆلۆژی ، گورگێک کە پەلاماری رانەکە (کۆمەڵگا) بدات ، گەرچی زۆر بێ وەیش بێت.

کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی (ڤۆڵڤگانگ سۆفسکی) لە کتێبەکەیدا بەناوی (سەرەتایەک دەربارەی توندو تیژی) دا دەڵێت :-

هەموو کۆمەڵە و گروپ و کۆمەڵگایەک تا ئەو شوێنە ڕێزی میوان ئەگرن کە جانتاکەی نەکاتەوە ، هەرکاتێک میوان جانتاکەی کردەوە و ویستی ماڵی تایبەت بەخۆی هەبێت ، هەرکاتێک هەرکەسێک ویستی بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی هەبێت و نەبێتە بەشێک لەو چوارچێوە گشتیەی کە (دەوڵەت ، حیزب ، ئاین ، نەتەوە ) بۆی دیاری دەکات ، ئیتر دەبێتە کەرەستەی پەلاماردان.

بۆیە دەبینین هەر لەخۆڕا نەبووە لەمێژوودا کە ژمارەی ئەندامانی پارت و ئایدۆلۆژیا تۆتالیتارەکانی وەک نازیزم و فاشیزم ملیۆنان کەس بوون ، چونکە تاکە زەمانەتی مانەوەی ئینسان لەودۆخەدا بۆ ئەوەی پەلاماری (جەستەیی و ڕۆحی) نەدرێت ئەوەیە کە ببێتە ئەندام لەو گروپانەدا ،وە ئەگەرنا، نەبویتە بەشێک لەو گروپانە ئەبێت بەردەوام چاوەڕێ بیت پەلامار بدرێێت.


PM:04:02:11/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 4673 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی