بۆچی ژن و مێردەکان بەردەوام شەڕیانە؟؟

‌هێمن عەبدولقادر

ژن و مێردەکان بەگشتی ئازادی نادەن بەیەکتری چونکە ئەوان لە بنەرەتدا پڕۆسەی هاوسەر گیری بە (گرتن) تێگەشتوون نەک بە (بەخشین) مرۆڤ کاتێک کەسێکی خۆش دەوێت دەبێت ئازادی پێببەخشێت نەک (بیگرێت) .

ئەڵقەی هاوسەرگیری هیچ نیە جگە لە فۆرمێکی بچوکراوەی کۆیلایەتی یاخود گواستنەوەی (کەلەپچە)یە لە دەست و مەچەکەوە بۆ پەنجە ، ئەو مرۆڤەی کە هاوسەری خۆی خۆش بوێت پێویستی بەوە نیە بۆ خەڵک و کۆمەڵگای بسەلمێنێت چونکە خۆشەویستی لە دڵدا ئەزبەردە دەکرێ نەک لە رووکەش بازی ،

هەر ئەم گرتن و کەلەپچەیە کە :-

لەهەفتەی یەکەمی هاوسەر گیری لەبری ئەوەی خۆشەویستی دەست بەگەرم بوون و گەشەکردن بکات کەچی بە پێچەوانەوە رۆژ بەرۆژ بەرەو ساردبوونەوەی زیاتر دەچێت چونکە ژن و مێردەکان هیچ کات بواری یەکتری نادەن وەک دوو مرۆڤی ئازاد مامەلە لەگەڵ یەک بکەن ،

ئێ حەتمەن دیارە کە مرۆڤی کۆت و بەند کراویش هەمیشە چاوی لەوەیە رۆژێک ئازاد بێت ، ئەوکات دەبینین کە زۆرینەی خێزانەکان لەبری ئەوەی خۆش بەخت بن هەمیشە سکالا لەدەستی یەک دەکەن ، لەبری ئەوەی ژمارەی هاوسەرگیریەکان لە جیهاندا زیاد بکەن رۆژ بەرۆژ تەلاق و جیابوونەوەکان زیاد دەکەن.

چونکە لە راستیدا (ئازادی و خۆشەویستی) دوو چەمکی گرێدراون ، هەر شتێک ئازادیت پێ نەبەخشێت خۆشت ناوێت ،ئەو پێڵاوەی کە قاچت دەگرێت لەگەڵیدا رێ ناکەیت ، هەر بەو چەشنە هەر شتێکێش کە خۆشت نەویست ناتوانیت بەئازادی لەگەڵی بژیت و بدوێیت.

لە کلتوری ئێمەدا ئامانجی هاوسەرگیری زیندانی کردنە نەک ئازاد بوون ، هەر پرۆسەیەک هەر بوونەوەرێک لەم سروشتە ئازادیت لێسەندەوە ئیتر خۆی ووردە ووردە دەمرێت

تەماشای ئەو باڵندەیە بکە کە بەئاسماندا بە ئازادی دەفڕێت، لەبەر تیشکی خۆردا چەند جوان دەنوێنێت چۆن یاری دەکات ، نمایش دەکات ، داهێنان دەکات ، هەمیشە دڵخۆشە ، بالەکانی ڕادەوەشێنێ بەڵام هەر ئەو باڵندەیە بگرە و بیخەرە قەفەسێکی ئاڵتوونەوە ، دەست بەجێ جوانیەکەی دەمرێت ، فڕینی بیر دەچێتەوە ، باڵەکانی ئەپوکێتەوە ، دڵخۆشیەکەی دەبێتە دڵتەنگی ، قەفەسی ئاڵتوون رەنگە بۆتۆ بەهادار بێت بەڵام بۆ ئەو کە بەند کراوە هیچ بەهایەکی نیە.

ژیانی ئەو ژن و مێردانەی کەیەکتریان بەند کردووە و ئازادی بەیەکتری نادەن هیچ بەهایەکی نیە گەرچی ماڵەکانیشیان هەمووی لەبەردی گرانبەها و قاپی ئاڵتوون و ئوتومبێلی کەشخە و ناو و ناوبانگی بنەماڵەی گەورە و بڕوانامەی قەبە پێک هاتییت قانع ووتەنی : (باغی بێ نێرگز عەزیزم سەد گوڵی ژاڵەی بەهیچ).

باخێک کە نێرگزی بۆنخۆشی تیا نەبێت سەد گوڵی رەنگا و رەنگی بێ بۆنی ژاڵەی بەهیچ ، ماڵێک کە خۆشەویستی و ئازادی یەکتری تیا نەبێت ، سەد بەردی حەلان و شانازی پووچی بنەماڵە و بڕوانامەی بەرز و سەد پشتێن و بازنی ئاڵتوونی بەهیچ .

نوقتە سەری دێڕ .....


PM:01:06:05/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 13037 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی