جیاوازی نێوان (مۆڵەتی شۆفێری) و (مۆڵەتی دایک و باوکایەتی)

‌هێمن عەبدولقادر

تۆ ئەگەر ئوتومبێلێک بکڕیت نابیت بە (شۆفێر) بەڵکو دەبیت بەخاوەنی ئوتومبێل ، لەراستیدا شۆفێری هونەرە ، مرۆڤ بۆ ئەوەی هەر هونەرێکیش  بەدەست بهێنیت، دەبێت بچیت بخوێنیت بروانامە و مۆڵەتی تیا وەرگریت ،

 مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێت بەشۆفێر و بتوانێت ئاسنێکی بێ رۆح و گیان بئاژووێت دەبێت کوڕاسە وەرگرێت بەشداری تاقی کردنەوە بکات ترایی بدات ، لەهەمووی گرنگتر ئەبێت دەربچێت ئەنجا پێی دەوترێت شۆفێر و مۆڵەتی دەدەنێ .

ئایا سەیرنیە مرۆڤ بۆ ئەوەی مامەلە  لەگەڵ  ئاسن و پلاستیکدا بکات ئەو هەموو رووخسەت و تاقی کردنەوەی ئەوێت  ، کەچی  ئێمە بۆ مامەلە کردن لەگەڵ یەکتری خاوەنی هیچ مۆڵەت و هونەرێک نەبین ؟؟

تۆ ئەگەر لەماڵەکەی خۆتدا گیتارێکت هەبێت یان پیانۆیەک خۆ راستەوخۆ نابیتە ژەنیار ، تەنها دەبیتە خاوەنی ئامێرەکە ، مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێت بەژەنیار دەبێت چی بکات ؟؟

دەبێت بچێت بخوێنێت، دەبێت فێر بێت نۆتەی مۆسیقا بخوێنێتەوە ،دەبێت فێر بێت پەنجەکانی چۆن بەکار بهێنێت ، دەبێت فێر بێت چۆن جوانکاری و ووردەکاری بکات تا ئاوازی نەشاز و ناخۆش نەدات بەگوێی خەڵکدا

کەواتە :-

هەر وەکو چۆن هەبوونی ئوتومبێل مرۆڤ ناکات بە شۆفێر ، هەروەکو چۆن هەبوونی (پیانۆ) تۆ ناکات بە پیانۆ ژەن ، هەر بەم چەشنە تەنها بەهەبوونی منداڵ مانای ئەوە نیە کە تۆ ئەبیت بەدایک یان بەباوک ، لەراستیدا دایکایەتی و باوکایەتی هونەرە ،

ئەو مندالەی کە وردەکاری و جوانکاری زۆری تیا بەکار دێت وەکو ئەو ئامێرە وایە  سبەینێ ئاوازی نەشازی کۆمەڵایەتی نادات بەگوێی خەڵکیدا نابێتە دەسەلاتدارێکی ستەمکاری ملهوڕ، نابێتە کەسێک هەرچی ڕشانەوەی ذیهنی بەدەم و بەمێشکیدا هات بەخەڵکی بڵێت چونکە هونەری تیا بەکار هاتووە،

بەپێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کەهیچ هونەرێکیان تیا بەکار نایەت ، سەرەنجام وەک ئەو ئامێرەی کەبەدەست کەسێکی نەشارەزاوەیە ، لەژیانی رۆژانەیاندا  بەردەوام لەریتم دەردەچن ، ئاوت دەکەن ، نەشاز ئەکەن ، کاتێکیش تووشی شڵەژانێک دەبن لەژیانیاندا نازانن پەنجەکانی بیرکردنەوەیان لەسەر کام تەلی ژیان دابنێن، لەبری ئەوەی ببنە جێگەی رەزامەندی خەڵک دەبنە لۆمەکار

بەم چەشنە تێدەگەین کە :-

هەموو ئەو ئینسانە بێرەحمانەی کەچێژ لە ئازاری خەڵک دەبینن ، هەموو ئەو ئینسانانەی بەو پەری ئەعصاب ساردیەوە خەڵک دەکوژن ، هەموو ئەو ئینسانانەی کە بەبێ ویستی خۆیان بە تاوانێک کەوتوونەتە سوچی زیندان ، یان لەسوجێکی ئەم دنیایەدا پەراوێزکەوتوون ،گوناهی خۆیان نیە بەڵکو  هی ئەوەیە کە دایک و باوکیان هیچ  هونەرێکیان تیا بەکار نەهێناون، چونکە دووبارە دەبێت بیڵێینەوە کە (دایک و باوکایەتی هونەرە )

چۆن بەتەنها هەبوونی ئوتومبێل ناتکات بەشۆفێر ، بەهەمان شێوە تەنها هەبوونی منداڵ ناتکات بەدایک و باوک.

لەبەر ئەوە مناڵەکانتان بەهونەرەوە گەورە بکەن ، زەحمەت بدەنە بەرشانی خۆتان ، ئەگەر ئەتانەوێت دراوسێکەتان کەسێکی باش بێت ، ئەگەر ئەتانەوێت هاوکار و هاوپیشە و هاورێکانی فەیس بووکتان کەسانی باش بن ،ئەگەر ئەتانەوێت خەڵک بەزەیی و تێگەشتنی هەبێت بۆتان و ئێوەش بەزەیی و تێگەشتنتان بۆ خەڵکی هەبێت ،

 ئەگەر ئەتانەوێت حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانتان کەسانی دادپەروەر و باشبن ، ئەگەر ئەتانەوێت ئەو کەسانەی کە سبەینێ ئەبن بەزاواتان یان ئەبن بە بوکتان کەمترین کێشەیان هەبێت لەگەڵتان، زەحمەت بخەنە سەر شانی خۆتان مندالەکانتان بەهونەرەوە گەورە بکەن ، ئەگینا دوای مندالەکانتان دەبنە ئامێرێکی بێ گیان ، مرۆڤ کە بوو بە ئامێر دیارە کە بەزەیی بە هیچ کەس و بە هیچ شتێکدا نایەتەوە.

نوقتە سەری دێڕ .......


AM:09:43:27/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 5351 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی