یەک وشە و هەرێمی کوردستان

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەو دەمەی هەموو ئەوروپاو جیهان بەدەست ناعەدالەتی و جیاوازی ڕەگەزی و جیاوازی ڕەش پێست و سپی پێستەوە دەیناڵاند و هەموو کۆمەڵگاکان لەدۆخێکی خراپی یاسایی و ئابووری و ....هتددا بوو، دەستەی خەمخۆرانی ئازادی و دیموکراسی و دەستەی ڕۆشنبیران و هەموو ئەوانەی خەمخۆری دۆخی هاوڵاتیان بوون، سەرقاڵی جێگیرکردنی تەنها یەک وشەبوون بۆ چاککردنی ئەو دۆخە خراپەی کۆمەڵگاکانیان. چەند نوسەرێکی ئەوروپیش چەند کتێبێکیان بڵاوکردەوە بەناوی "یەک وشە"، ئەو یەک وشەیەیش نەپارەبوو، نەپێدانی موچەبوو، نەپێدانی زەوی بوو، نە کارەباو نەقیرتاوکردنی ڕێگاوبان و ...هتد بوو، بەڵکو ئەو وشەیە بریتی بوو لەوشەی (یاسا). کۆی گشتی ئەو کەسانەی داوای سەروەربوونی یاسایان دەکرد، پێیانوابوو کۆمەڵگاکانیان لەگرێژنەدەرچووەو تەنها سەروەربوونی یاسا دەتوانێت چاکی بکاتەوەو یەکسانی بگێڕێتەوە. لەدواجاردا ئەوەش جێگیرکرا.

ئەو دۆخەشی ئێستا لە باشووری کوردستان هەیە، ‌ئەوەندە خراپ و نەخوازراوەو ئەوەندە هاوڵاتیان توشی ڕەشبینی و نائومێدی بووە، ئەوەندە قەیرانی جیاواز جیاواز لەم وڵاتەدا سەری هەڵداوە، لەهەرکوێیەکەوە قسە لەم دۆخە ناوخۆییە بکرێت و لەبارەیەوە بنوسیت، زریکەی گیانی دێت و هاواری لێهەڵدەستێت. هیچ بوارو کایەیەکی ژیان نەماوە لەم وڵاتەدا هاوڵاتیان و دەستەی ڕۆشنبیران و نوسەران هەزاران وشە و کتێبی قەبارە ئەستووری!! لەبارەوە نەنوسن، بەڵام هەموو قسەو نوسینەکان بەهیچ چوون، چونکە لەئەساسدا  ئەم دەسەڵاتە نەک کاری بە "یەک وشە ــ یاسا" نەکرد و یاسای نەکردە هێزی بڕیاردان و چاکەخوازی و یەکسانی، بەڵکو حیزب و بەرپرسان کەوتنەسەرەوەی یاساو هەموو شتێک بووە قوربانی مەرامی حیزبی.

هیچ کایەیەکی ئەم وڵاتە نییە لەهەزاران قسە زیاتری لەبارەوە نەوترابێت و گلەیی لەئاست نەکرابێت، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەو هەموو قسەیەی لەبارەی شێوازی خراپی حکومڕانی و دۆخی دارایی و ئابووری و ڕێگاوبان و کارەباو ...هتدەوە وترا، لەلایەک نیشانەی دڵسۆزی میللەت و هەستکردنی هاوڵاتیانە بە کەموکورتییەکانی حکومەت لەم هەرێمە، لەلایەکیتریشەوە بازدانی کاربەدەستانە بەسەر هەڵەکانی حکومەت و حیزب لەم وڵاتەو گوێنەگرتن بووە لەڕەخنەی شارەزایان و دڵسۆزان. گەشتنی دۆخی وڵات بەم دۆخەی ئێستا تێیکەوتووە بەشێکیشی ئەنجامی ئەو خوێندنەوە (یار و نەیار)ییەیە کە کەوتۆتە نێوانی حکومەت و حیزب لەلایەک و هاوڵاتیان و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە! لەلایەکیترەوە.

ئێستاش ئەگەر بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی (یەک وشە ــ یاسا)، ئەبێت پێش ئەوەی مەبەستمان بێت یاسا سەروەربکرێت، ئەبێت یاسا بەسەر هەموو ئەوانەدا جێبەجێ بکرێت و دادگایی بکرێن کە وڵاتی بەم شێوەیە و بەم دۆخە گەیاندو میللەتی بێهیوا کرد لەشۆڕش و ڕاپەڕین. تاکو هێزی کارکردنی ئەو یەک وشەیە (یاسا) نەخرێتەسەرو بەرژەوەندی تاکەکەس و حیزب و حکومەتەوە هەرگیز باشووری کوردستان لەم حاڵەتە باشتر نابێت و بەرەو خراپتریش دەڕوات. ئەوەی لە29 ساڵی ڕابردوودا حوکمی کردووە حیزب بووە نەک یاسا، ئەوەیشی بەرهەم هاتووە حیزب و کاربەدەستی نابەرپرس بەرهەمی هێناوە.


AM:09:34:04/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی