کتێب نوسین وەک مۆدێل و دیاردە

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

جارێکیان لەیەکێک لەخوێندکارەکانمم پرسی: حەزی کتێب خوێندنەوەت هەیە؟ تائێستا چەند کتێبت خوێندۆتەوە؟ خوێندکارەکە لەوەڵامدا وتی "هیچم نەخوێندووەتەوە!، لەژیانمدا یەک کتێبیشم کڕیوە ئەویش بۆ کتێبخانەی قوتابخانەکەمان بوو لەبەرامبەر 10 نمرەدا، بۆ مامۆستای زمانی کوردی_م کڕی"!.

ئەمە هەڵەی خوێندکارێکی ئامادەیی نییە حەز بەخوێندنەوە ناکات، بەڵکو هەڵەی کۆی گشتی ژینگە و پەروەردەی تاک و نرخی! کتێبەکانە کە وادەکات تەنانەت خوێندکارەکانیشمان ئەگەر بۆ نمرە نەبێت؛ کتێب ناکڕن.

لەفەرەنسای سەدەکانی ناوەڕاستدا کتێبەکانی (ئیمانوێل کانت) قەدەغەکرا، بەڵام خوێنەرانی کانت ئەوەندە تاسقی خوێندنەوەبوون، دەچونە ژوورەکانیان و دەرگایان کۆڵۆن دەدا و بەتانییەکانیان دەدایەسەر خۆیاندا و لەژێر بەتانییەکانەوە کتێبەکانی کانت_یان دەخوێندەوە لەترسی دەسەڵاتی کڵێسای ئەوکات.

لەهەرێمی باشووری کوردستانیش دەگوترێت فەوجێکی زۆر و لەشکرێکی بێشومار ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەست دەرکەوتوون کە فەزای گشتی هەرێمی باشووری کوردستانیان شێواندووە بەسەر یەکداو پشکدارن لەو دۆخە نەخوازراوەی کە هەستی پێدەکرێت، هەر ئەم قافڵە زۆرو بۆرە دەستیانداوەتە کتێب نوسین، بۆیە ئێستا کتێبخانەکانمان ئەوەندەی کتێبی نوێی بۆ دەهێنرێت ئەوەندە خوێنەر ڕووی تێناکات، ئێستا لەکوردستان (کتێب چاپکردن) زیاترە لەخوێنەر و کڕیاری کتێب.

زۆرێکی هاوڕێکانم وەک دڵسۆزییەک چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبەی بەندەن کە پێداچونەوەو هەڵەچنیم کردووە، هەر نوسەرە باشەکانی هاوڕێشمن هانم دەدەن ڕۆژێک زووتر بیگەیەنمە کتێبخانەی کوردی، بەڵام لەهیچ کەسێکی ناشارمەوە پێمانوایە لەم دۆخەدا هەر کتێبێک بخەیتەناو کتێبخانەی کوردییەوە وەک فڕێدانی بەردێکە بۆ قوڵایی دەریایەک کە جگە لەوەی دەنگێکی دێت (قوڵت!) هیچ قورساییەکی ئەوتۆی نابێت.

لەجیهاندا بەمەرج نەگیراوە بۆئەوەی ڕۆژنامەنووس و نوسەرێکی باش بیت دەبێت کتێبێک یان دوانت و یان بیست کتێبت نوسیبێت، چەندان نوسەر و شاعیری ناسراو بەیەک کتێب توانییان تەکانێک بە شوناسی خۆیان و ڕەوتی ڕۆشنگەری وڵاتەکانیان بدەن.

نوسەرێک مانگی جارێک و دوو تا سێ مانگ جارێک کتێبێکی پێنج سەد لاپەڕەیی بەنرخی 15 بۆ 25 هەزار دینار فڕێ بداتە بازاڕ، ئەوە جێگای دەستخۆشی نییە!، ئەوە هاوشێوەی کارگەکانی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکی و ڕوسی مەترسیدارە کە لەپێناو پارەزۆربووندا بەردەوام بیر لەچەکی نوێ دەکەنەوە بیخەنە بازاڕەوەو بەپارەی باش بیفرۆشن، لەم کاتەدا ئەو چەکانە چەندە مایەی مەترسی دەبن بۆ سەر کۆمەڵگاکانی جیهان و دەبنەهۆی تێکدانی ئاشتی جیهانی ئەو کتێبانەیش هێندە کارەسات دەخوڵقێنن و خوێنەر توشی ماڵوێرانی دەکەن.

ئێستا نوسین هەڵگری پەیام و خەونی گۆڕانکاری چەندێتی و چۆنێتی نییە لەدووتوێی کتێبدا بەڵکو دیدێکی ئابووریانەی لەپشتە کە زۆر زیاترە لەمافی نوسەر، دواجار ئەوەش بۆخۆی کارەساتە نوسەرێک یان ڕۆژنامەنوسێک لەزۆر شت تێبگات و قسەی لەسەر بکات و کتێبی لەبارەوە بنوسێت، بەڵام لەدۆخی دارایی و دەرونی تاکی کورد تێنەگات و نرخی کتێبەکەی لەتواناو تاقەتی کەم کەسدا بێت بیکڕێت.

(شێخ عەبدوڵڵای بێتوشی کوردی) لەگەڵ براکەیدا (شێخ مەحموود)، لەکوردستانەوە دەڕۆن لەبەغداد بخوێنن، بەڵام پارەی خوێندنیان نابێت، ناچار دەبن کتێبخانەکەیان بفرۆشن بۆ ئەوەی خوێندنەکە تەواوبکەن، لەلایەک حەزیان لەخوێندنە و لەلایەکیشەوە دڵیان نایەت کتێبخانەکە بفرۆشن، بۆیە هەردوکیان ناچار هەموو کتێبەکان لەبەر (حفظ) دەکەن و ئینجا کتێبخانەکەیان دەفرۆشن.

کەواتە ئەمەوێت بڵێم: ئەوکات کتێب لەڕۆح و دڵدا هەڵدەگیرا، ئێستا لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان و هیچیتر.

لەباشووری کوردستان، ئەگەر پەلەپەل و خۆدەرخستن و بەمۆدێلبوونی نوسینی کتێب نەبوایە کە لەحاڵەت و پێویستییەوە بۆتە دیارەو ناپێویست، ئێستا  شۆستەکانی باخی گشتی ئەو هەموو کتێبەی تێدا هەڵنەدرابووەوە و هەڕڕاج نەدەکرا، ئێستا کتێبخانەکان هاواری ئیفلاسبوونیان نەدەکرد بۆئەوەی کتێبەکانیان لەکۆڵ ببێتەوە. لەکوێی دونیادا هەیە کتێب بەجوت و دەستە بفرۆشرێت بە هەزار دینار جگە لەکوردستانەکەی ئێمە؟ ئەمە ئەگەر زۆرو بۆری نەبێت لەنوسینی کتێبدا، ئەمە ئەگەر لێنەپرسینەوەو بێدەربەستی نەبێت ئەدی ناوی بنێین چی؟!


PM:06:10:11/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 2416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی