دیوی دووەمی هاتنی دەروێشەکان بۆ سلێمانی

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هاتنی ژمارەیەکی زۆری دەروێش لەڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ سلێمانی کە بە نزیکەی (دوو هەزار) دەروێش مەزەندە دەکرێت، فەوزاو هەوهایەکی زۆری لێکەوتووەتەوە، زۆرینەیەکی دژ تەنها دیوێکی ئەم هاتنە دەبینن کە دیوە تەریقەتی و ڕۆحییەکەیە، ئەمەش وایکردووە ئەو زۆرینەیە بەدیدی ڕەخنەو تەشهیرو گاڵتە لەم هاتنە بڕوانن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم هاتنە تەنها هاتنێکی نەرێنی نییە لەڕۆژگارێکی پڕ ترسدا لەنەخۆشی کۆرۆنا، بەڵکو ئەم هاتنە زیاتر لە ڕەهەندێکی دیکەیشی هەیە کە ئیجابییە.

یەکێک لەو ڕەهەندانەی لەهاتنی ئەم دەروێشانەدا دەکرێت ئێمە وەک ڕەهەندێکی ئیجابی وەریبگرین، ڕەهەندێکی نیشتمانییە، بەزاندن و تێپەڕاندنی سنوری وڵاتێک و دەسەڵاتێکی ترسناک لەوەها ڕۆژگارێکدا و گەیشتنی دەروێشەکان بۆ وڵاتێک و هەرێمیکی دیکە، هەڵگری مانایەکی دڵخۆشکەرە لەڕوانگەی ڕەهەندە نیشتمانییەکەوە. لەم ڕوانگەوە، هاتنی دەروێشەکان پێمان دەڵێت سنورە دەستکردەکانیش ناتوانێت نیشتمانێک لەدڵی ڕۆڵەکانیدا پارچە پارچە بکات و بۆ ئەبەد لێکتر هەڵیوەشێنێتەوە. داخڵبوونی دەروێشەکان بۆ باشووری کوردستان و ماچکردنی خاکی پیرۆزی باشووری کوردستان نیشانەی هەڵگرتنی پەیامێکی نیشتمانیە کە دەمێکە لەم خاکە دابڕاون و ئەوڕۆ ماچی دەکەن و پێی شاد دەبنەوە.

ئەگەر لەدیوی یەکەمی هاتنی دەروێشەکاندا ئێمە نەزەرمان لەسەر پرچی دەروێشەکان و ئەو هۆو وەسیلانەیە کە دەروێشەکان خۆیانی پێ خوێناوی دەکەن، ئەوا لەدیوی دووەمی ئەم هاتنەدا دەبێت سەیری پۆشاکی دەروێشەکانیش بکەین هەڵگری سیمایەکی نەتەوەیی و قەومی میللەتی کوردە. ئەم ڕەهەندە نەتەوەییە پەیامی میللەتێکی گەورەی کوردەو پێماندەڵێت کە خوێن و نەتەوە سنورەکان ناناسێت، تەقەلێکردن و شەهیدکردنی دەروێشە کوردەکان لەڕوویەکەوە بەڵگەی بەهێزی ڕۆحی و تەریقەتی دەروێشەکان بێت ئەوا لەڕوانگەی دووەمدا بەڵگەی بەهێزی ڕۆحێکی باڵای نەتەوەیی و زمان و کەلتووری کوردییە.

ڕەنگە پەیامە ڕاستەوخۆو واقیعێکە پەیامی تەریقەت و عەقیدەیەکی باوی ناو کەلتووری کوردو جیهانیش بێت، بەڵام دەبێت پەیامە ناڕاستەوخۆکەشی وەربگیرێت کە پەیامێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، ئەم پەیامە لەلای کورد ڕوون نییە چونکە کورد نایەێت یان بە گرنگ لێناڕوانێت بەڵام لەڕاستیدا لەلای پاسدارەکانی سنوورو لەلای ئەوانەی لەپەیامی زمانی کوردی و جلوبەرگی کوردی دەگەن، پەیامێکی توندو بەهێزە و تێپەڕاندنی سنورەکان لەلایەن دەروێشەکانەوە ڕەدکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ئەوی دیکەیە. دوژمنەکانی سەر سنور لەپەیامە ڕۆحی و تەریقەتییەکەی ئەم هاتنە ناترسن بەڵکو لەپەیامە ئەمنی و نیشتمانی و نەتەوەییەکەی دەترسن.

کاتێک دەروێشەکان زیاترو زۆرتر ترسیان لەهێزی ئەمنی سەر سنورەکانە وەک ترس لەهێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و ناوچەکانی دیکە، ئەوە مانای ڕاستەقینەی ڕەهەندە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی ئەم هاتنەیە. کە میرنشینی ئەردەڵان تەختوتاراجی تێکچوو، کوردەکانی ناو میرنشینەکەو کوردەکانی ئەو ئەمەش، لەسلێمانی دەمێننەوەو ناگەڕێنەوە ڕۆژهەڵات. بەردەوام شاری سلێمانیش پانتایی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی ڕۆژهەڵاتییەکان بووە و کارێکی چاوەڕوانکراوە لەئایندەدا هاوشێوەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و هاتنی دەروێشەکان، گروپ و دەستەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ڕوو لەناوچەی سلێمانی بکەن.


PM:03:17:10/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 2572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی