وشیاری تاک لەدەمی قەیرانەکاندا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
دوانەی (خولانەوەی مێژوویی) و نەبوونی (لیدەر و سەرمەشقێکی نەتەوەیی) لەناو کورددا وەها بەسەر کورددا شکاوەتەوە کە هەموو جۆرەکانی قەیران، قەیرانی سیاسی، نەتەوەیی، ئابووری، تەندروستی و ...هتد، لەجەستەی ئەم میللەتەدا دەربکەوێت.
پرسی وشیاری تاک لەناو کورددا پرسێکە گەلێک مایەی نیگەرانییە ئەگەر بەزەرووریەتی جیهانی لێیبڕوانین نەک ناوچەیی!. شەڕی تێپەڕاندنی قەیرانەکانیش لەلای تاکی کورد پارادۆکسە بەشەڕی مێژوویی تاکی ئەوروپی بۆ تێپەڕاندنی هەر قەیرانێک لەهەناوی کۆمەڵگاکانیاندا سەری هەڵدابێت؛ دیارترین نمونەیش شەڕی تێپەڕاندنی سەدە تاریکەکانی ئەوروپایە. ئێمە نەک ئاستی وشیاریمان دنەمان نادات قەیرانەکان تێپەڕێنین و دووبارە نەبنەوە بەڵکو نەبوونی وشیاری و ڕۆشنبیری گشتیمان وادەکات ئەزموونی قەیرانەکان نەکەین.
ئەمریکییەکان قسەیەکی باویان هەیە دەڵێن "پلانی داهاتووت دابنێ، بانەبیتە پلانی ئەوانی دیکە". ئەو هەموو قەیران و دۆخە خراپانەی یاری بە پرۆژە و خەونە مێژووییەکانی کورد کردووە، نەبوونەتە مایەی گەڵاڵەبوونی وشیاری و ڕۆشنبیری تاکی ئێمە لەئاست هەر قەیرانێک و دانانی پلانێک بۆ تێپەڕاندنیان، بۆیە هەمیشە قەیرانەکانمان بەپلانی ئەوانیتر بووە.
بنواڕە دابەشبوونی نەتەوەییمان چی قەیرانێکە تائێستا نەمانتوانیوە خۆمانی لێ ڕزگاربکەین؟ یان تەماشای دۆخی ئابووریمان بکە بە دواکەوتنی یەک موچە چی فەوزایەک و گرژبوونێکی سیاسی بەدوای خۆیدا دێنێت؟ بنواڕە دۆخی تەندروستیمان چی کارەساتێکە!. بۆیە لێرەدا مرۆڤی وشیار و ڕۆشنبیرو عاقڵ ئەو مرۆڤە نییە چاوەڕێی حکومەت یان خێرخوایەک! یان کەرتی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی بکات قەیرانی تەندروستی تێپەڕێنێت، بەڵکو مرۆڤی وشیار و ڕۆشنبیر ئەوەیە هەوڵ بدات ئیشی بەتەندروستی نەبێت.
بەداخەوە، وەک چۆن حکومەت و حیزبەکان توانای تێپەڕاندنی هەموو ئەو قەیرانانەیان نییە کە ڕەگەکانی مێژوویین و لەواقیعی ئێمەدا هەن، بەهەمان شێوە پاشخانی فیکری تاکەکانیشمان هێندە زەخیرەی پێویستی تێدا نییە! بەوشیاری و ڕۆشنبیری خۆیان بتوانن نەبنە پوشوپەڵاشی دەم زریانی قەیرانەکان و شەڕی دەستەویەخەی قەیرانەکان بکەن.
مادام ڕۆشنبیری و وشیاری تاک لەعالەمی ئێمەدا غیابەو وجودێکی کاریگەری نییە، ئەوا قەیرانەکانیش بەردەوام دەبن و لە زۆرەوە بۆ زۆرتر و لەگەورەوە بۆ گەورەتر هەڵدەکشێن.
ژینگە داخراو و قەپاتەکان، ژینگەی لەبارن بۆ کەڵەکەبوونی قەیرانی زیاتر، لەم ژینگە داخراوانەدا بەو پێیەی هێزێک لەشێوەی هێزی ڕۆشنبیری و وشیاری تاک نییە ئەم داخراوییە تێکبشکێنێت، ئەوا هێندە قەیرانەکان پێکدادەدەن تاکو ورد دەبنەوە بۆ گەلێک قەیرانیتر.
ژینگەی کوردستان لەو چەشنە ژینگانەیە قەیرانەکان لەسەر یەکتر دەژین! و گەورە دەبن. قەیرانەکان تۆڕێکی گەورەیان پێکهێناوەو لەغیابی سەرکردەیەکی خەمخۆر لەلایەک و وشیاری تاکیش لەلایەکیترەوە، تادێت ئەم قەیرانانە زۆرترو باڵایان کەڵەگەتتر دەبێت.
PM:02:10:18/03/2020
ئهم بابهته 3752
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی