16ی ئۆکتۆبەر لەکەرکوک، 13ی ئۆکتۆبەر لەمەنبج و کۆبانێ

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ئەو ڕێککەوتنەی ئەم ئێوارەیە (13ی ئۆکتۆبەر) هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەئاگایی ئەمریکاو ڕوسیا لەگەڵ حکومەتی سوریا ئیمزایکرد دژی تورکیا، دەقاودەق ڕووداوی (16ی ئۆکتۆبەر)ە لەکەرکوک دژی ئەو سیناریۆیەی تورکیا کە ویستی لەڕێی ڕیفراندۆمەوە کەرکوکی پێ وێران بکات.

ئەگەر هێزە کوردییەکانی خۆرئاوای کوردستان لەبەرامبەر سوپای تورکی فاشیست و تیرۆریستدا تێکبشکایەو ناوچەکە بکەوتایەتە دەست تورک، هێشتا بۆ کورد شوورەیی نەبوو لەسەر دەستی سوپایەکی گەورەی ناتۆ تێکبشکێت. بەپێچەوانەوە عەیبەیەکی گەورەبوو دووەم گەورەترین هێزی ناتۆ وێرانبووە بەدەست هەسەدەوە.

ئێستا کە هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا ڕێککەوتووە تاکو بێتەوە مەنبج و کۆبانێ، عەقڵانیترین کارێکە کە هەسەدە لەنێوان خراپ و خراپتریندا، یەکەمیانی هەڵبژارد. ئەم کارەی هەسەدە ڕێگرییە هەم لەداگیرکاری تورکیا و هەم لەوێرانکردنی مەنبج و کۆبانێ، بەشێوەی عەفرین.

ئەوەی لەم کارەدا دەیبینینەوە، هەمان وێنەی 16ی ئۆکتۆبەرە لەکەرکوک کاتێک سوپای عێراق پەلاماری کەرکوکی داو نەهێڵرا کەرکوک وێران ببێت و تورکیا دەستی بگاتە کەرکوک.

لەنێوان وێنەی 16ی ئۆکتۆبەری کەرکوک لە باشووری کوردستان و 13ی ئۆکتۆبەری مەنبج و کۆبانێ لە خۆرئاوای کوردستان، وێنەیەکی زۆر لێکچووە، هەردوو جوڵە سیاسییەکە بەرگرییە لەداگیرکاری و پیلانگێڕی تورکیا بۆسەر خاکی کوردان و داگیرکردنی و لەناوبردنی کوردو دەستگرتن بەسەر سامانی ژێرزەوییەکەیدا.

هەردوو عەقڵە سەربازییەکەی پشت ئەم دوو جوڵەیە، ئەوە دەسەلمێنن کە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و ڕێکارە یاساییەکان بۆ جوڵەی سوپا لەنێوان شارەکانی یەک جوگرافیادا، باشترە لەداگیرکاری هێزێکی دەرەکی فاشیستی وەک تورکیا.

ئەم دوو وێنە هاوبەشە پێماندەڵێت سیاسەت هونەرێکی باڵایە، ئەگەر لەڕووی سەربازییەوە نەتوانراوە ڕووبەڕووی تورکیا بووەستنەوە، ئەوا دەتوانن بەجوڵەیەکی سیاسی هەموو خەونەکانی تورکیا بزڕێنرێت و هەموو نەخشە گێرەشێوێنییەکانی تورکیا تێکبدرێت.

وەک چۆن 16ی ئۆکتۆبەری کەرکوک ڕێگریکردن بوو لە دەرکەوتنەوەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش کە چاویانبڕیبووە کەرکوک و ناوچە کوردییەکان، ئەوا 13ی ئۆکتۆبەریش لەمەنبج و کۆبانێ و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا تیرێکە هەم چۆلەکەی خەونی ئەردۆغانی کوشت و هەم دەرکەوتنەوەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیشی وەستاند.


PM:04:13:14/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی