جەنگی گوتار لەنێوان ئەمریکا و ئێران دا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
یەکێک لەو پاڵنەرانەی هێزی فیکری سیاسەتوان و شرۆڤەکاران بەو ئاراستەیە دەبات کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕوونادات ئەوەیە؛ ئەم ململانێیە تائێستا نەگەیشتۆتە ئاستی پێکدادانی هێزی ڕەق و هێشتا لەچوارچێوەی گوتاری شاشەی تەلەفیزیۆنەکاندا وەستاوە و هەنگاوی کردەیی نەنراوە بۆ دەسپێکی ئەو جەنگە.
هەفتەکانی ڕابردوو دوو گوتاری میدیایی توندمان لەنێوان ئەمریکاو ئێران دا بینی کە یەکێکیان گوتارەکەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنیویۆرک و ئەویتریشیان گوتارێکی ئاگرینی (ئایەتوڵڵا ئەحمەد)ی ئیمام و خەتیبی مزگەوتی مەشهەدی ئێران بوو.
گوتارە 37 دەقیقەییەکەی ترامپ لای زۆرێکمان ڕوونە چۆن هێرشی کردەسەر ئێران و چۆن عەقڵی سەرکردەکانی جیهانی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بەو ئاراستەیە برد کە لەکاتی گوتاری (حەسەن ڕۆحانی ــ سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران) قاعەی کۆبوونەوەکە چۆڵکرا و ئامادەنەبوون گوێ لە ڕۆحانی بگرن.
هەرچی گوتارەکەی (ئایەتوڵڵا)یشە پێمان دەڵێت ئێران یەک ئیمپراتۆر هێزی لەعێراق و سوریاو لوبنان و فەلەستین ...هتد پێکهێناوە، چونکە ئەو پێشنوێژەی مەشهەد دەڵێت "ئێران ئێستا یەک ئێران نییە لەجوگرافیایەکی دیاریکراودا بەڵکو (حەشدی شەعبی لە عێراق) و (ئەنصاروڵڵا لە یەمەن) و (جیهاد ئیسلامی و حەماس لەفەلەستین) و (جەبهەی وەتەنی لە سوریا) و (حیزبوڵڵا لە لوبنان) هەر یەکێکیان بۆ خۆی ئێرانە".
ئەوەی لەم گوتارە توند و ئاگرینانەوە دەیخوێنینەوە ئەوەیە، هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران جگە لە گوتاری میدیاو شاشەکان، هیچ وڵاتێکیان ئامادەی جەنگی ڕەق و هێزی سەربازی نین.
لەفۆرمی پێکدادانیشدا، پێکدادانی میدیایی و شاشەی تەلەفیزیۆنەکان و لەگوتاردا، بەرەو ئەو واقیعە دەچێت کە ئەمریکا دەیەوێت لەم بوارەشدا واخۆی پیشان بدات هێشتا سەردەمی ئەمریکایە، وەک (فەرید زەکەریا) دەڵێت "ئەمریکا لەمیدیاشدا دەیەوێت ئەوە بۆ نەیارەکانی بنێرێت کە جیهان هێشتا سەردەمی ئەمریکایە"، بۆیە ئێستا ئەم پێکدادانە هەمان ویستی یونێڤێرساڵبوونی ئەمریکایە کە (پۆڵ ڕیکۆر)ی فەرەنسی ئاماژەی پێدەکات لەجەنگی ئەمریکاو فەرەنسادا
PM:10:35:29/09/2019
ئهم بابهته 2540
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی