کورد لەسەر هێڵی سوننی نوێ!

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



براوەی هەڵبژاردن لەعێراقدا، وەجهی بەرەیی دیاری دەکات. سوننەکان بە وەجهی سیاسی لەسەر هێڵی سوننی جیهانین، شیعەکانیش کە ئێستا وەجهی سیاسی وڵاتن ئۆتۆماتیکی وا وێنای عێراق پیشان دەدەن کە عێراق لەسەر هێڵی شیعییە. ئەشێت عێراق لە گوتار و سیاسەتی خۆیدا خۆی وەک وڵاتێکی بێلایەن و سەربەخۆ لەڕووداوە ناوچەیی و ناوخۆییەکان پیشان بدات، بەڵام هەرگیز دەسەڵاتدارانی بەغداد کە وەجهی سیاسی عێراقن ناتوانن حاشا لەو ڕاستییە بکەن کە لە حوکمڕانی و ئیدارەداندا کەوتوونەتەژێر کاریگەرییەکانی شیعەی ناوچەکە و هیلالی شیعییەوە، چونکە لە عێراقدا هەر لایەنێک پێکهێنەری حوکمەت بوو، ئەو لایەنە هەم هەڵگری وەجهی سیاسی و هەم خاوەن ئیدارەدانی وڵاتیشە.

ئەو بۆچونەی سەرەوە، کەمەکێک بۆ کورد جیاوازە. بەڵام وەک جوڵەی گشتی ناوچەکە و ئەو ڕووداوانەی لەخۆرهەڵاتدا ڕوودەدەن و دواتر وەک ئەوەشی کورد بەشێکە لە عێراق، هەرگیز لۆژیکی نییە پێمانوابێت لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆسەر ئێران! یاخود بۆسەر هەموو ئەو حیزب و گروپە شیعیانەی لەعێراقدان و کەوتوونەتەسەر هێڵی هیلالی شیعی، کورد بتوانێت دوور لەو ئاگرە پریشکی بەرنەکەوێت.

لەم ناوچە پڕ پیلان و سیاسەتکارییەدا، هەرێمی کوردستان هیچ پلانێکی نییە بەرامبەر هەموو ئەو ئەگەرانەی بۆ داهاتووی ناوچەکە دەکرێت. وەک چاودێران دەڵێن "ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەدیلی دوای شیعە دەگەڕێن لەعێراقدا". کورد هەرگیز نابێتە بەدیل، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئەی کورد دەیەوێت لەئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی عێراق بکات؟

لەبەر ئەوەی کورد بەشێکە لە عێراق، بچێتەسەر هێڵی هیلالی شیعی یان هێڵی سوننی نوێ کە وادەگوترێت لەتورکیاوە دێت و بەهەولێر و موسڵ و کەرکوکدا! دەیەوێت بچێتەوە بەغدادو هێڵی شیعی کەل! بکات، بە زیانی خۆی دەشکێتەوە. ئێستا سیاسەتی هەرێم ئاراستەکراوی تورکیا و هێڵی سوننی نوێیە، زۆربەی سەرکردەکانی سوننە کە عێراق جێدەهێڵن سەرەتا چۆتە هەولێر و لەوێوە پەڕیوەتەوە بۆ تورکیا دیارترینیشیان هاشمی و نوجێفییە.

ئەم خۆ بەبەرە حیسابکردنەی کورد لەئێستادا کاریگەری بۆسەر پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر هەبووە و چەندانجار لەبەغداد بە نوێنەرانی کورد گوتراوە کە داڵدەی ژمارەیەک سەرکردەی سوننە دراوە. بەڵام ئەم خۆ حیسابکردنەی کورد بەهێڵی سوننی لەدژی هیلالی شیعی، هیچ سودێکی بە پەیوەندی کورد و ئەمریکا نەگەیاندووە؛ تەنانەت بەئیسرائیلیشەوە. چونکە هێشتا کورد پلانی نییە بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە و بەهۆی کردەی ڕیفراندۆمیشەوە کەوتووینەتە دەرەوەی سیاسەتی ئەمریکاوە.


AM:10:11:02/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 2268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی