دەست بە عادل عەبدولمەهدییەوە بگرن!

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


دۆخی دوای پرۆسەی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری کەرکوک، کوردی بەجۆرێک لەبەرامبەر بەغداددا لاوازکردبوو، دەقاودەق وێنای نیسکۆی 1975مان لەبەر دەگرتەوەو دەمانشوبهاند بەو کارەساتەی کە لەخەیاڵدانی کورددا بەیەکێک لەڕووداوە زۆر خەمبارو پڕ ئازارەکان دادەنرێت.

بەڵام یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دوای ڕیفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر کە لەلایەک کورد بەبەهێزی بەشداری تێداکردو لەلایەکیش کە (عادل عەبدولمەهدی) بووە سەرۆک وەزیران، دیسان دەرفەتی بەهێزبوونەوەی بەکوردداوە ئەگەر کورد خۆی لێزان و سیاسی بێت.

بەپێی تیۆریاکەی (جۆزیف نای) لەبارەی (هێزی نەرم)ەوە، بەمەرج وەرنەگیراوە هەموو سەرکەوتن و بردنەوەکان هەمیشە لەڕێی هێزی ڕەقەوە بێت. بەپێی قسەی (نای) سێ بنەمای هێزی نەر کە پێکدێن لە 1ــ فەرهەنگەکەی 2ــ بەها سیاسییەکانی 3 ــ سیاسەتی دەرەوە، لەزۆر وێستگەدا خاڵی یەکلاکەرەوەو هۆکاری بردنەوەن.

ئێستا هەمووان لەوە دڵنیاین کورد بەهۆی هێزی ڕەقەوە لەعێراقدا بەهێز نابێتەوە. بەڵکو دەرفەتێک هاتۆتەپێش بۆ کورد کە لەڕێگای هەم بەها سیاسییەکانی لەبەغداد و هەم سیاسەتی دەرەوەیشی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدیدا ، یارییەکی نوێ دەستپێبکەن و لەماوەیەکی کەمدا بگەڕێنەوە بۆ ئەو ئاستەی کە دانانی سەرۆکوەزیرانێک لەبەغداد پێویستی بە ڕەزامەندی کورد هەبوو.

لە زانستیی فیزیادا هاوکێشەیەک هەیە دەڵێت " هەموو پەستانێک تەقینەوەی بەدوادا دێت" . ئەگەر کورد دەست بە عادل عەبدولمەهدییەوە نەگرێت، ئەوا ئەو هەموو پەستانەی هەردوو لایەنی هاوپەیمانی (بینا) و (ئیسلاح) خستوویانەتەسەر سەرۆک وەزیران تەقینەوەیەکی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت.

ئێستا لایەنی شیعە و سوننەیش گەلێک لە عادل عەبدولمەهدی توڕەن بەهۆی سیاسەتە نەرمەکانییەوە لەگەڵ هەرێم، بۆیە پێویستە کورد لەڕێگەی ئەو پەیوەندییەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیەتی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ بەغداد بەرەوپێش ببات و لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا جێ پێی خۆی بەهێزتر بکاتەوە لە بەغداد.

کورد دەرفەتی نزیکی عادل عەبدولمەدی بۆ هاتۆتەپێش و پێویستە دەستی پێوەبگرێت، ئەگەر نا هەر چرکەیەک عادل عەبدولمەهدی لەدەسەڵات دوورخرایەوە "وەک ئەوەی ئێستا هەوڵی دوورخستنەوەی دەدرێت" ئەوا هەر شیعەیەکیتر ببێتە سەرۆکوەزیران، تۆڵەی چەند مانگی ڕابردوو بەزیادیشەوە لەکورد دەکاتەوە.


PM:10:28:14/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی