ئیمامەتی ئیمام ئۆغڵۆ

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بۆ جاری دووەم (ئیمام ئۆغڵۆ) کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆک شارەوانی ئەستەنبوڵ بەڕێژەی %54 بەرامبەر ڕێژەی %45 لەکاندیدی ئاکپارتی (بیناڵی یەڵدرم)ی بردەوەو بووە سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ.

هێشتا ڕوون نییە کوردەکانی باکوری کوردستان و بەتایبەت ئەستەنبوڵی گەورە و پایتەختی بازرگانی تورکیا لەسەر چی بنەمایەک دەنگیان بە نوێنەری جەهەپە (ئیمام ئۆغڵۆ)داوە! و بەربژێری ئاکپارتی (بیناڵی یەڵدرم)یان ڕەدکردەوە؟ ئایا بۆ کورد لەنێوان تورکێکی جەهەپەیی و تورکێکی ئاکپارتیدا جیاوازی هەیە؟ بەڵام ئەوەندە دەزانین کۆدەنگی کورد لەخۆشحاڵیاندا بۆ سەرکەوتنی ئیمام ئۆغڵۆ بۆ وێنە ناپەسەندە سیاسییەکەی (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) دەگەڕێتەوە کە خزاوەتە هزرو خەیاڵدانی تاکی کوردەوە.

جێگیربوونی ئەو ڕاستییەی کە کورد توانی لەهەردوو هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵدا لە(۳۱ی ئازار)و (۲۳ی حوزەیران)ی ۲۰۱۹دا؛  قورسایی دەنگ و دەسەڵات لەلای ئاکپارتییەوە بگوازێتەوە بۆ لای جەهەپە، بەرپرسیارێتییەکی قورس دەخاتە ئەستۆی (ئیمام ئۆغڵۆ) کە تەنها وەک نوێنەرو ئیمامێکی تورکە جەهەپەییەکان دەرنەکەوێت. بەڵکو دەبێت ئیمامێکی یەکسانیخوازبێت لەنێوان کوردانی دەنگدەری هەدەپەو ئەو تورکانەیشدا کە دەنگدەری جەهەپەن.

قۆناغی دوای دووبارە هەڵبژاردن لەئەستەنبوڵ و دووبارە سەرکەوتنی ئیمام ئۆغڵۆ بەهاوکاری کورد، ئەو پرسیارە جەوهەریانە دێنێتە گۆڕێ کە : ئایا لەنێوان جەهەپەو هەدەپەدا ڕێککەوتنێک هەیە کە لەبەرامبەر دەنگدانی هەدەپە بەئیمام ئۆغڵۆ  ئەوا جەهەپەیش شتێک بدات بە هەدەپە؟ ئەی ئایا ئەم کارکردنە پێکەوە لێرەداو لەدوای ۲۳ی حوزەیران کۆتایی دێت یاخود نەخێر هاوکاریکردنەکە ماوە درێژە و چاویان لەکاری گەورەترە لەئایندەدا؟ ئەی ئایا ئەو خاڵە گرنگە بۆ کورد چییە کە ئەو بڕوایەی لای هەدەپە دروستکردووە کە نوێنەری جەهەپە جودابکاتەوە لە نوێنەری ئاکپارتی؟

ئەگەر هەدەپە تەنها بەلۆژیکی "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە" کاریکردبێت و ڕێککەوتنێک و هاوپەیمانییەک لەسەر بنەمایەکی دروست لەنێوان هەردوولادا نەبێت، ئەوا هەدەپە کارێکی گەورەی نەکردووە بەو ئەندازەیەی کرانەوەی زیاتر بەڕووی کورددا بێت، یان جارێکیتر پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکاتەوە. لەبەرامبەردا ئەگەریش کلیچدارئۆغڵۆ و جەهەپەو ئیمام ئۆغڵۆ چاویان لەوەیە لەئەستەنبوڵەوە بکشێن بۆ تەواوی دەسەڵات لەتورکیادا، پێویستە ئیمام ئۆغڵو تەنها ئیمام و واجیهەی جەهەپە نەبێت لەدەسەڵاتدا. پێویستە ڕۆڵی ئیمامێکی عادل بگێڕێت لەپێشەوایەتیکردنی تورک و کورد بۆسەر یەک مێزی گفتوگۆو ڕێککەوتن و گەڕانەوەی ماف بۆ ماف خوراوان کە کوردە بەپلەی یەکەم.

ئێستا بەهەرشێوەیەک بێت (ئیمام ئۆغڵۆ) گەیشتەسەر کورسی سەرۆک شارەوانی ئەستەنبوڵ و بەتەعبیرێکیتر ئێستا ئیمام ئۆغڵۆ ئیمامی ئەستەنبوڵییەکانە بەتایبەت جەهەپەو هەدەپە، ئەگەر ئیمام ئۆغڵۆ پێیوابێت لێرەدا کاری بە کورد نەماوەو ئیدی لێیان جودا دەبێتەوە، ئەوا هەڵەدەکات و ئیدی کوردەکان لەپشت ئەم ئیمامەوە! ئاراستە وەرناگرن بەویستی خۆی کورد بجوڵێنێت.

ئەگەر ئیمام! بییەوێت کوردەکان بۆ دوعاکانی ئەو بۆ دۆڕانی ئەردۆغان لەتەواوی وڵاتدا ئامینی بۆ بکەن، ئەوا دەبێت گەلێک هەنگاوی گەورەو ئیجابی بنێت لەبەرژەوەندی کورد. بەبێ پاداشتی گەورە! بۆ کورد جەهەپەو ئۆغڵۆ ناتوانن بازدانی گەورە بکەن و سەرکەوتنی نوێ لەهەڵبژاردنەکانی ئایندەدا تۆمار بکەن.


AM:10:55:24/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی