ئێران لەنێوان ئەمریکاو ڕوسیادا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

پرسی ئێران بۆ ڕوسیا هەمان پرسی فەنزوێلاو ئۆکرانیا نییە. لەو ئاڵۆزیانەدا کە کەوتۆتە نێوان ئەمریکاو ئێرانەوە، ڕوسیا نایەوێت لەسەر ئێران دەنگ هەڵبڕێت و لەم خاڵەیشدا لەگەڵ ئەمریکا توشی ناکۆکی ببنەوە ، چونکە وەک دەزانرێت خاڵی ناکۆکی ئەمریکا و ڕوسیا زۆرە و ناکرێت ئێرانیشی بچێتەسەر.

سێ شەممەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادێمێر پۆتین لە (سوچی) کۆبوونەوە، دوای دیدارەکە هەردوولا بەخۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند کە لەسەر زۆر شت ڕێککەوتوون . ئەوەی لەم دیدارەدا باس کراوە دوو تەوەری سەرەکی بووە:

یەکەم :
پرسی ڕاپۆرتەکەی (مۆلەر ) کە باسی لە دەستێوەردانی ڕوسیا دەکات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکادا کە گوایە ڕوسیا یاری بە ئەنجامەکان کردووە لەبەرژەوەندی دۆناڵد ترامپ.
بەگوێرەی ئاماژەکان و لێکدانەوەی میدیا جیهانییەکان دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکەی (مۆلەر) گومان و دوودڵی خستبووە دڵی ئەمریکییەکانەوە دژی ڕوسیا، بەڵام کۆبوونەوەی (سوچی) کەشوهەوایەکی باشی خوڵقاند بۆ تێپەڕاندنی ئەو گومانانە.

دووەم :
ڕێککەوتنی ئەمریکاو ڕوسیا لەسەر خاکی سوریا و ئێران.
ئەم پرسە گرنگە و ڕوسیا هاوکاری باشی ئەمریکا دەکات لە سزادانی ئێراندا یان لانی کەم بڕواهێنان بە ئێران کە پابەندی سزاکانی ئەمریکا ببێت و جەنگ ڕوونەدات. ئەمریکایش لەسوریادا هاوکارییەکی باشی ڕوسیا دەکات بۆ پاراستنی خاکی سوریا لەسیناریۆی شەڕی ناوخۆ و دەستتێوەردانی دەرەکی.

ئێران ئەگەرچی لە پرسی سوریادا چووە بەرەی چین و ڕوسیاو پێکەوە پێداگریان لەمانەوەی بەشار ئەسەد کرد و چەندانجار پێکەوە بڕیارەکانی (ژنێڤ)یان  ڤیتۆ دەکرد، بەڵام لێدوانی گەورە بەرپرسانی ڕوسیا لەڕۆژانی ڕابردوودا بۆ پابەندبوونی ئێران بە سزاکانی ئەمریکاوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ڕوسیا لەپرسی ئێراندا پەیوەستە بەڕێککەوتنی (سوچی)یەوە لەگەڵ ئەمریکا.


PM:03:57:25/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 2004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی