قوباد تاڵەبانی لەیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا و لە شاشەکانەوە زۆرێکی بەرپرسەکانمان بینی بە جلی جوان و بۆینباخی تایبەت و سەروقژی بۆیاخکراوەوە و لەپشت دەیان لۆگۆی کەناڵەکانەوە ، پیرۆزبایی خۆیان دەنارد بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران.
تا چەندە بڕوایان بەو پیرۆزباییانە هەیە ، ئەوەش جێدێڵم بۆ وێژدان و بیرکردنەوەی خۆیان.

ئەو بەرپرسەی من دەمەوێت جیای بکەمەوە لە زۆرێکی بەرپرسەکان لەم یادەدا، (قوباد تاڵەبانی)یە.
هێشتان نە لە دیداری تایبەت و نە لە بۆنەیەکدا ڕێککەوتی تاڵەبانیم نەکردووە بیبینم و خۆمی پێبناسێنم.

ئەمڕۆ کە ۲۲ی نیسان دەکاتە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی، ژمارەیەک تێلەفۆنی کرد و وەک هەر تێلەفۆنێکیتر جوابم دایەوە.
ــ چۆنیت کاک ئازاد؟ خۆتیت؟
بەڵێ فەرموو کێیت جەنابت؟
ــ من (قوباد تاڵەبانی)م . هیچ ئیشکم نەبوو، تەنها پیرۆزبایی یادی ڕۆژنامەگەری کوردیت لێدەکەم..........هتد

ئەم پەیوەندییە تێلەفۆنییە بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێک، بەهای مادی نییە، بەڵکو بەهایەکی ڕۆحی هەیە کە ئەم بەها ڕۆحییە لە چەندانجار بەهای مادی گرنگترە و گەورەترە کە کەسێکی باڵای حیزبەکەت و حکومەتەکەت ئاگای لێت بێت و ئەگەر ڕووبەڕوو یەکترتان نەبینیوەو یەکتر ناناسن، ئەوا لەڕێگەی وەزیفەکەتەوە یەکتر بناسن و ئاگاتان لەکاری یەکتربێت.

ئەوەندەی من ئاگاداربم، ئەم تێلەفۆنکردنەی قوباد تاڵەبانی بۆ میدیاکارێک (ڕەنگە بۆ میدیاکاریتریشی بکات) مۆدێلێکی نوێیە یان داهێنانێکی جوانە کە بەرپرسێک دەیەوێت لەنێوان خۆی و میدیاکاراندا لینکێک دروست بکات . پاشان هاندەرێکیش دەبێت بۆ ئێمە تاکو باشترو ئیتیکیتر بنوسین و کاربکەین.


PM:07:53:22/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 1456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی