کتێبەکەی ئۆجەلان و دیموکراسییەکەی یەکێتی

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



کاتێک دەوترێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کتێبەکانی ڕێبەری مەزنی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلانی قەدەغەکردووە لەسلێمانیدا، ڕاستەوخۆ ئەو حاڵەتەم دێتە خەیاڵ کە دەسەڵاتی کڵێسا کتێبەکانی ئیمانوێل کانتیان قەدەغە کرد !

کاتێک دەوترێت هێزەکانی یەکێتی لەسلێمانی دەرگای سینەما سالمیان داخستووە لەبەر بڵاوبوونەوەی فیلمێک لەسەر ساکینە چانسیز، ئەوەم دێتە خەیاڵ کە پیاوانی کڵێسا هەڵیانکوتایەسەر ساڵۆنی بارۆن دۆڵباک و هەرچی نوسەرو ڕۆشنبیری تێدابوو توشی ئەشکەنجە بوونەوە!

هەنوکە شەپۆلێک لەڕەخنە لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە پێیانوایە یاساغکردنی کتێبەکانی ئۆجەلان و داخستنی سینەما سالم نیشانەی نادیموکراسییەت و دۆستایەتی ئەم هێزەیە لەگەڵ نەیارانی کورد، بەڵام دەبێت لەبەرامبەردا بپرسینەوە: ئەی کرانەوەی زیاتر لەبیست ساڵی دەسەڵاتی سلێمانی بەڕووی چالاکی تەواوی هێزەکانی باکورو خۆرهەڵات و خۆرئاوادا چی مانایەک بەدەسەڵاتی یەکێتی دەدات؟

بەم لۆژیکە بێت کە یاساغکردنی کتێبێک و داخستنی سینەمایەک یەکێتی بکاتە ئەهریمەن و شایانی ڕەجمکردن بێت، ئەی دەبێت مێژووی پێش ئەم ڕەجمکردن و بەردبارانکردنە شایانی چی بێت؟
بێگومان ئەگەر ئێستا خەتاکە هی یەکێتی بێت و توانیبێتی ئەم دەسەڵاتە بەجێ بگەیەنێت، ئەوا ئەوکاتیش هەمان دەسەڵات هەبووە.
ناکرێت ناشیرینییەکانی یەک جوڵە بۆ یەکێتی پێناسە بێت، بەڵام جوانی زیاتر لەبیست ساڵ ئازادی ناوچەی سەوزو هاوکاری یەکێتی بۆ هەڤاڵان و گەریلاکانی ناوچەکانیتری کوردستان باسنەکرێت.

ئەم بابەتە کاتی و تیژپەڕە!. چونکە کە کڵێسا کتێبەکانی کانتی قەدەغەکرد، نەیتوانی خوێنەری کتێبەکانیشی بنبڕبکات، ئەوەبوو خوێنەرانی کانت لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە و لەژێر بەتانیدا کتێبەکانی کانتیان دەخوێندەوە، بۆیە یەکێتیش ئەگەر ئەوکتێبانەیش قەدەغە بکات، ناتوانێت خوێنەرەکانی ئۆجەلان بنبڕبکات و ئەم کانییە وشک بکات.

دەرئەنجام... ئەگەر خوێنەرێک ئەوەندە جدی و بەتوانایە لەقوڵی فیکرو تێزەکانی ئۆجەلان دەگات، ئەوا دەبێت لەباسوخواسێکیش !! تێبگات کە گوایە ئەم کتێبانە قەدەغە دەکرێن!


AM:11:11:09/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 2507 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی