هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت یان نا لەسوودی یەکێتییە

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


کەسێکی تایبەت لەگردی زەرگەتە پێیوتم "هەڵبژاردن ناکرێت و پارتی و گۆڕان، بەناوی پێویستی دۆخەکەوە هەڵبژاردن دوادەخەن”.

ئیدی من بەدواداچونی زیاترم نەکردووە بزانین هەڵبژاردن دەکرێت یان نا. بەڵام ئەوەندەی لەیەکێتییەوە نزیکم و لەدەزگا ڕاگەیاندنەکانیدا کاردەکەم یان قسە دەکەم، دەزانم یەکێتی بۆ هەردوو ئەگەرەکە خۆی حازرکردووە.

نازانم سوودی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بۆ هەرلایەنێکیتر چۆنە. بەڵام دەزانم ئەم هەڵبژاردنە لەهەردوو بارەکەدا بۆ یەکێتی سوودبەخشەو بەقازانجێکی گەورەی یەکێتی دەشکێتەوە.

لەئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، سوودەکانی بۆ یەکێتی چییە؟

یەکەم/ یەکێتی ئێستا لەڕووی کێشەو ئاریشە ناوخۆییەکانیەوە بارودۆخی زۆرباشەو وەک تیمێکی دڵسۆز بۆ سەرخستنی لیستی ۱۰٥ کاردەکەن. لەهەڵبژاردنی ۱۲ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا ئەمەمان بەباشی بینی.

دووەم/ کەسێکی گونجاو و خۆشەویستی ناو یەکێتییەکان سەرۆکی لیستەکەیەو کاریگەرییەکی باشی لەسەر دەنگدەر دەبێت. جگە لەڕێژەیەکی باشی کاندیدەکان کە ناسراون و لەناو دەستەی ڕۆشنبیران و زانستخوازاندان.

سێیەم/ یەکێتی و یەکێتییەکان لەدوای هەڵبژاردنی ۱۲ی ئایارەوە لەدۆخێکی دەروونی باشدان و هەمووان پێمانوایە ئیتر قۆناغی سەرکەوتن و بەهێزبوونەوەی یەکێتی دەستی پێکردوەو پەلەی سەرکەوتنی نوێمانە.

چوارەم/ لەئێستادا ژمارەیەک کەسایەتی باشی سیاسی! یان کۆمەڵایەتی گەڕاونەتەوەناو یەکێتی کە کاریگەری باشی لەسەر دەنگدەری یەکێتی دەبێت و لەم هەڵبژاردنەدا کێرڤی دەنگەکانی یەکێتی بەرزدەکەنەوە

بەم چوار خاڵەی سەرەوە لەسوودی یەکێتییە هەڵبژاردن بکرێت. وەک چۆن لە۱۲ی ئایار شەپۆلە سەوزەکە گەیشت، ئەم هەڵبژاردنەیش کاروانە! سەوزەکە دەگات.

ئەگەر هەڵبژاردنیش ئەنجامنەدرێت، ئەوا هەر لەسوودی یەکێتی دەبێت. چۆن؟

یەکەم/ پێش هەر شتێک یەکێتی دەرفەتێکیتری دێتەپێش بۆ پرسی کۆنگرە. یەکێتی دەتوانێت لەماوەی دواخستنی هەڵبژاردندا پەیامی نوێبوونەوە بداتە یەکێتییەکان و دەنگدەرانی کوردستان و هەوڵەکانی بۆ بەستنی کۆنگرە دەست پێبکاتەوە.

دووەم/ لەم ئەگەرەدا یەکێتی سەرقاڵنابێت بەهەڵبژاردنی ناوخۆی هەرێمەوەو فۆکس دەخاتەسەر تواناو قورسایی یەکێتی لەبەغدادو بەدەستهێنانی مافی زیاتری کورد.

سێیەم/ هەرچی چیرۆکی یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار "ئەگەر بەرهەم ساڵحیش هەژمار بکەین” لەم دۆخەدا ئاسان دەبێت و یەکێتی دەتوانێت ئاسانتر یەک کێشەی پۆست لەبەغداد چارەسەر بکات، وەک لەوەی کێشەی پۆستەکانی هەرێمیشی لەگەڵدا بێت.

ئێستا قسەکە ئەوەیە؛ ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، ئەوا دڵنیام یەکێتی خۆی بۆ هەڵبژاردن حازرکردووە. بۆ دڵنیایی زیاتر لەم بۆچونەمان، ئێمە دوو نمونە دێنینەوە:

۱ــ کاتێک قوباد تاڵەبانی لەگەڵ تیمێکی باشی یەکێتیدا ناوچەکانی کوردستان دەگەڕێت، لایەنەکانیتری دەرەوەی یەکێتی دەڵێت: قوباد تاڵەبانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات. ئەی کەواتە بەپێی ئەم بۆچونە یەکێتی خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردووەو ناترسێت.

۲ــ ئەم خاڵە ئێستاو پێش هەڵبژاردن دەیدرکێنم و بەڵگەیە لەسەر ئامادەیی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن ئەویش ئەوەیە؛ من دووجار ئاگادارکراومەتەوە کە یەکێکم لەتیمەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵبژارن لەگوندەکانی گەرمیاندا.

بەڵێ و دووبارەی دەکەمەوە کە یەکێتی کێشەی لەگەڵ هیچ ئەگەرێکیان نییەو دەیەوێت لەهەردوو ئەگەرەکەش قازانج بکات و دەرفەتەکان لەدەست نەدات.


AM:12:53:05/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 2198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی