کۆنگرە باشترە

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لەپێش هەڵبژاردنی ۱۲ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشدا، سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەوپەڕی دڵنیاییەوە لەوتارەکانیاندا باسیان لەبەستنی کۆنگرەی چواری حیزبەکەیان دەکرد لەدوای هەڵبژاردنەکان.

گەڕانەوەی زۆرێکی دەنگە تۆراوەکان بۆلای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەهەڵبژاردنی ۱۲ی ئایاردا، هێزی وتاردانی ئەو سەرکردانەی یەکێتی بوو کە پێداگریان لەسەر نوێکردنەوەی یەکێتی دەکرد. بەڵام وانزیکەی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوەو کۆنگرەی یەکێتی دەنگی نییەو کاتەکەی دیاری نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی من، گومان لەمەبەستەکانی پشتی بەستنی کۆنگرەی ئەمجارە هەیە. هەندێک سەرکردەی یەکێتی پێیانوایە کۆنگرە ئاوتیان دەکاتە دەرەوەو ناوێرن ئۆکەی لەسەر بەرواری بەستنی کۆنگرە بکەن. هەندێکیتر لەسەرکردەکانی یەکێتی نایانەوێت بڕیاری تاک لایەنەبدەن و یەکێتی توشی لێکدابڕان و ئینشیقاقێکیتر بکەن.

ئێستا وێنەی یەکێتی لەبەردەم دوو ئەگەردایە. ئەگەری یەکەم ئەگەر کۆنگرە ببەسترێت، هەندێک کەسی بەرپرسی ناو یەکێتی بەهۆی دەرنەچونیان لەکۆنگرەی نوێی حیزبەکە دەچنەدەرەوەی یەکێتی و یەکێتی جێدەهێڵن و خۆیان دەکەنە دڵتۆراو و لەئێستاوە لانەیتریان لەنێو حیزبیتردا بۆ خۆیان ئامادەکردووە. ئەگەری دووەمیش ئەوەیە ئەگەر کۆنگرە نەبەسترێت دیسان ڕێژەیەکیتر دەنگدەرو توێژی ڕۆشنبیری ناوحیزبەکە عاجزدەبن و وەک جاری پێشوو لەیەکێتی دووردەکەونەوە. چونکە وەک وتمان گەڕانەوەی دەنگە تۆراوەکان بۆلای یەکێتی لەهەڵبژاردنی ۱۲ی ئایاردا بەمەرجی بەستنی کۆنگرە بووە.

لەهەردوو ئەگەرەکەدا، هەر بەستنی کۆنگرە باشترو گرنگترە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان. کۆنگرە شەنوکەوکردنی شایستەو ناشایستەکانە لەناو یەکێتیدا، فیلتەرێکە تەنها مادە زیانبەخشەکان بۆناو ماکینەیەکی گەورەی وەک یەکێتی دەگرێت کە لەپێشوویشدا هەرئەو مادانەبوون! جوڵەی ئەم ماکینەیەیان لاوازکردو لەپێشبڕکێ دیموکراسیەکانی هەرێم و عێراقیشدا دوایانخست و لاوازیان کرد.
 
لەنێوان دوو ئەگەری خراپدا کە نابێت شەرم لەوتنی بکەین، هەر کۆنگرە باشترە بۆ یەکێتی. لەئەگەری بەستنی کۆنگرەدا یەکێتی دووجار قازانج دەکات، لەلایەک نوێ دەبێتەوەو لەلایەکیش هەموو ئەو کەسانەی مایەی توڕەیی دەنگدەری یەکێتین جارێکیتر ناگەنەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی. لەئەگەری نەبەستنی کۆنگرەیشدا هەمیشە یەکێتی لەبەردەم دوو زەرەری گەورەدایە، لەلایەک هەمیشە خەڵکە دڵسۆزو وشیارەکەی یەکێتی لەحیزبەکەیان دووردەکەونەوەو بڕوایان بەسەرکردایەتی حیزبەکە نامێنێت، لەلایەکیتریشەوە نەبەستنی کۆنگرە ئەم حیزبە بچوکتر دەکاتەوەو جگە لەبازرگانیکردن لەسایەی یەکێتیدا هەر هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی یەکێتی لەلایەن هەندێک بەرژەوەندخوازی ناویەکێتییەوە کۆتایی دێت و ناگاتە ئەنجام.


PM:12:12:08/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1045 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی