نوێنەرانی کورد لەخولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەراندا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

خۆگۆڕینی جوان و جلی ئاڵوواڵای کاندیدەکان لەئاهەنگی ناسینیاندا لەلایەن حیزبەکانیانەوە و خۆدەرخستنیان لەسەر شاشەی تیڤییەکان و ماڵەبەماڵکردنیان بۆئەوەی دەنگی خەڵک بەدەستبهێنن، تێپەڕەو تەنها تاکو ۱۲ی ئایارە. ئەم خۆدەرخستنە دەرخستنی تواناو بەهرەی کاندیدەکانی لەگەڵ نییە.

قورسترین شەڕێک لەماوەی پانزدە ساڵی ڕابردووی کورددا لەبەغداد نەکراوە، پێویستە کورد لەخولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا بیکات. ئەوکات توانای کاندیدەکانیشمان دەردەکەوێت.

هەرکاندیدێک ئەگەر لەدڵەوە بۆ شەڕی مافە دەستوورییەکانی کورد دەچێتە بەغداد، ئەوا نابێت خۆشحاڵبێت بەسەرکەوتنی لەهەڵبژاردنی ئایندەدا، چونکە چانسی ڕاستەقینەی خەمخۆرەکانی کورد وایە، قورسترین شەڕی یاسایی و دەستووری ڕووبەڕووی نوێنەرە کوردەکانی کابینەی چوار دەبێتەوە.

بەپێچەوانەی هەر بڕوایەکیتر، پێمانوایە گەڕانەوەی کورد بۆ بەغداد؛ عەیبە نییەو ناکرێت کاندیدان و هەموو نوێنەرانی کورد شەرمنانەو بەدوودڵییەوە بچنەوە بەغداد.

ئەوەی عەیبەیە بۆ کورد بەگشتی ئەوەیە؛ بچێتەوە بەغدادو هیچ پرۆژەو ئەجێندایەکی نەبێت بۆ دوای شکستی ڕیفراندۆم و بەتایبەتتر دوای هەڵبژاردنی ۱۲ی ئایار.

ئەرکی کاندیدانی کورد لەخولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا گەلێک جوداو قورسترە لەکاندیدانی کورد لەخولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە لەلایەک بەشە بودجەی کورد پێویستی بەجەنگێکی قورستر هەیە جیاواز لەخولەکانیتر کە بەشە بودجەی کورد ۱۷%بووەو ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ ۱۲%، لەلایەکیتریشەوە مەسەلەی خاک و ڕیفراندۆم و موچەو نەوت و زۆر شتیتر کە مایەی ئاڵۆزی و ناکۆکی نێوان هەولێرو بەغدادن، پێویستیان بەهەوڵی زۆرو جدی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەیان. ئەمە جگە لەتەواوی ئەو پرسە گرنگانەی خولەکانی پێشوو بەهەڵواسراوی ماونەتەوەو چارەسەرنەکراون.

ئەگەر کاندیدان و نوێنەرانی کورد بەگشتی، لەئێستاوە ڕۆپۆشێکیان هەیە بەناوی عەیبە یاخود شەرمکردن لەچوونەوە بۆ بەغداد، ئەوا پێش ئەوەی ئەم شەرمە ببێتە شوناسێکی خراپ بۆ نوێنەرە کوردەکان و پێش ئەوەی سایکۆڵۆژیای نوێنەرەکان بخوێنرێتەوە، پێویستە ئەو کاندیدانەی دەچنە بەغداد لەئێستاوە دەستبەرداری بەرژەوەندی مادیان ببن و ئەو نەنگییە بەسەر خۆیان و کوردیش لەبەغداد نەهێنن. بەڵکو ئەوپەڕی هەوڵبدەن بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاربووی کورد.

ڕاستە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان کوردی گەڕاندەوە بۆ سەرەتای هاوکێشەیەکی شیتەڵنەکراوی سەدساڵەی عێراق کە ناوی ماف و چارەسەری کێشەی کوردە لەعێراقداو جارێکیتر دەبێت سەرلەنوێ کورد هەنگاو بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی بنێتەوە. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە لەجیهاندا نمونەی کەتەلۆنییەکانی ئیسپانیامان هەیە دوای شکستی ڕیفراندۆمەکەیان، ئێستا نوێنەرەکانی کەتەلۆنیا بەگروتینێکی نوێوە چونەوەناو حکومەتی ئیسپانیاو ئەگەرچی لە٨۰% دەنگیشیان بەبڵێ دا بۆ جیابوونەوە لەئیسپانیا.

دەبێت نوێنەرە کوردەکان بۆ ئەم حکومەتە نوێیەی عێراق و لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، زۆر باشترو جدیتر بچنەوە بەغداد، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن ئەم خولە پێویستی بەشەڕی جۆری زیاترو زۆرتر دەبێت. ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێش ئەوەی ئیشی کاندیدەکان بێت لەسەر بەغداد پێویستە بەغدادو سیاسەتەکەی کاربکاتەسەر نوێنەرە کوردەکان و ببێتەمایەی یەکگروویی و یەکدەنگی کورد بەگشتی.

ئەم خولەی پەرلەمان پێویست بوو بۆ کورد کە لەڕوانگەی زانیاری و جەستەییشەوە! کاندیدی بەهێز بنێرێتە بەغداد.

ئەگەر کاندیدەکان پێیانوایە ئەم خولەیش وەک خولەکانی پێشوو کات بەفیڕۆدان و بەسەربردنی مانگ و ساڵەو وەرگرتنی موچەی باشە بەبێ پرنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، ئەوا کارێکی نالۆژیکی نا سیاسی و خراپەو ئەم خولەیش بەبێ چنینەوەی دەستکەوتەکان تێدەپەڕێت.


AM:11:07:22/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی