کورد لە عیراقی دوای هەڵبژاردن

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بەبێ پەیوەستبوون بەعاتیفەو سۆزی ناسیۆنالیستی، ئەگەر گریمانەی ئەوە دابنێین کورد لەهەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاردا، رێژەی 100 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەستدەهێنێت، بەڵام هێشتا ئەوە زەمانەتی بەهێزبوونەوەی کوردنییە لەعێراقی داهاتوو و عێراقی دوای هەڵبژاردنەکاندا.

کورد ئێستا زۆر لاوازە لەبەرامبەر بەغداددا. ئەوەی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەسەر کوردی هێنا، لەدەستدانی خاک و کێشەی ناوخۆیی کوردیش ئەوکارەساتەی بەسەر کورد نەهێناوە. بەنمونە:

لەیەکەم و دووەم کابینەی حکومەتدا لەدوای ساڵی 2003، کورد ئەوکاتیش زۆرێکی ئەو ناوچانەی بەدەستەوە نەبوو کە لەجەنگی داعشدا دەستی کەوتەوەو دواتر لە16ی ئۆکتۆبەرو ڕۆژانی دواتردا لەدەستیدا، بەڵام کورد هێشتا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەکۆی پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەهێزو خاوەن پێگەو بڕیاری تایبەت بوو..

کەواتە؛ ئەوە چەندی و چۆنی خاک نەبوو کورد بەهێزبوو لەعیراقدا. بەپێچەوانەوە ئەوکاتیش زۆرێکی خاکی هەرێم لەژێردەستی هێزەکانی عێراقدابوو. کەچی کوردیش هەربەهێزبوو.

یاخود؛ ئەوەی پێیدەگوترێت کێشەی ناوخۆیی لایەنە کوردییەکانیش، هێندەی ڕیفراندۆم زەرەری لەکورد نەداوە بۆ بەغداد.

چونکە لەکابینەکانی پێشووی حکومەتی عێراق و لەئەنجومەنی نوێنەرانیشدا، لایەنی کوردی دیسان هەڵگری کێشە قوڵە مێژووییە ناوخۆییەکانی بوو، بەڵام هێشتا بەهێزێکی یەکگرتووی زۆرەوە دەڕۆیشتەوە بەغدادو کاریگەری هەبوو لەسەر ناوەندەکانی بڕیار لەعێراقداو گەلێک جومگەی گرنگی دەسەڵاتیشی لەعێراقدا بەدەستەوەبوو.

ریفراندۆمی باشووری کوردستان کە لە25ی ئەیلولی 2017دا ئەنجامدرا. بەهەموو پێوەرێک کوردی بچوککردەوە لەبەرامبەر بەغداددا.

ریفراندۆم هەموو کارتەکانی کوردی سوتاندو نەک لەناوخۆی عێراقدا، لەسەر ئاستی جیهانیش وێنای کوردی ناشیرینکردو کوردی دابڕاند لەو وڵات و لایەنانەی لەپێشتردا دۆست و هاوکاری کوردبوون.
بۆیە لەدوای هەڵبژاردنەکانیش کە بەغداد لەبێکەسییەکەی کورد تێدەگات، ئەوا بەویستی خۆی کورد لاوازو بچوک دەکاتەوە.

کورد لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. قۆناغێک کە ژمارەی کورسی کورد لەئەنجومەنی نوێنەران عێراق ناتوانێت بەهێزی بکاتەوە، وەرگرتنەوەی خاکی باشوورو ناوچە جێناکۆکەکان کە لە16ی ئۆکتۆبەردا کەوتەوە دەست سوپای عێراق ناتوانێت بەهێزی بکاتەوە. بەڵکو تەنها سیاسەت و فەنی سیاسی لەنێوان شیعەو سوننەدا دەتوانێت کورد بەهێزبکاتەوە.

تەنها ڕێگایەک کورد لەعێراقی دوای هەڵبژاردنەکان بەهێز دەکاتەوە ئەوەیە کە، کورد هەردوو لایەنی شیعەو سوننە لەدژی یەکتر بەکاربهێنێت و لەنێوان هەردوو لایەنی عەرەبی شیعەو سوننەدا، خۆی بەهێزبکات و سوود لەناکۆکییەکانیان وەربگرێت.

نابێت لایەنە کوردەکانی بەشدار لەپرۆسەی هەڵبژاردنی عێراقدا، باشووری کوردستان بکەنەوە! شوێنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و لەسەر خوانێکی چەور!، دیسان کورد ببێتەوە قوربانی لەعێراقدا.



PM:12:46:12/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1631 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی