‌سلێمانی و یەكێتی، سەدام و ئەردۆغان
PM:11:57:23/03/2018
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئەوەی مێژووی سلێمانی لەناو ڕێڕەوی شۆڕش و بەرخودانی كورددا نەخوێندبێتەوە تێناگات بۆچی سلێمانی هەمیشە خۆشویستراونییە لەلای دوژمنانی كوردو كوردستان.

لەدوای ساڵانی 1975ەوەو دەركەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وەك حیزبێكی نەتەوەیی و داكۆكیكار لەدۆزی ڕەوای كورد، ئیتر سلێمانی و یەكێتی وەك دوانەیەكی هاوڕەنگ و هاوسنور، بۆ دوژمن بوونە یەك شت.

سلێمانی بۆ یەكێتی و یەكێتیش بۆ سلێمانی لەڕێگەی دەمارە سۆزی نەتەوەییەوە گەیشتنەوە یەكتر. وەك چۆن سلێمانی جێگای هەڵكەوتنی كوڕە ئازاو فیداییەكانی كوردبوو، ئاوهایش یەكێتی هێزی بزواندنی ئەو ڕۆحە بزۆك و سركەبوو كە هەمیشە مایەی ترس و تۆقاندنی دوژمن بووە.

گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی لەساڵی خوێندنی  1982ــ 1981دا بۆ هەولێر لەلایەن حكومەتی بەعس و سەدام حسێنی دیكتاتۆرەوە، هەوڵك بوو بۆ كزكردنی ئەم جوگرافیایەی سلێمانی لەڕووی سیاسی و نەتەوەیی و ئابووری و زانستی و ....هتدەوە. بەڵام ئەم هەوڵە ئیفلیجەی سەدام حسێن نەك نەیتوانی سلێمانی لەجوڵەی سیاسی و زانستی و نەتەوەیی بووەستێنێت، بەڵكو سلێمانی لەڕاپەڕین و شەڕی ئەمنەسوورەكەدا، وەڵامێكی جەرگبڕی سەدامی دایەوە.

ئەم دوو ناوە "سلێمانی و یەكێتی" لەكاتێكدا دەبنە تەواوكەری یەكتری و بەبێ سلێمانی جوگرافیای نەتەوەییمان كەموكورتییەكی زۆری تێدەكەوێت، بەهەمانشێوە سلێمانیش جوگرافیایەكە بەبێ خەباتی سیاسی و دیموكراسی و ....هتدی یەكێتی، تەواونابێت. تەنانەت دەتوانین بڵێین سلێمانی و یەكێتی بەرهەمی یەكترین.

لەئێستایشدا، بڕیاری وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، دیسانەوە پەستانێكی هاوشێوەی سەدام حسێنەو مایەپوچ دەبێت و سلێمانی چەندێك چووەژێر باری داواكانی سەدام حسێن، هەرئەوەندەیش دەچێتەژێر باری داواكانی توركیاو ئەردۆغان.

ئەردۆغان و یەڵدرم دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم پەستانەوە سلێمانی گۆشەگیربكەن و جوڵەی سیاسی و ئابووری و ...هتد لەم پارێزگایەدا لاواز بكەن. بەڵام ئەو هەوڵەیش بێسوود دەبێت.

لەم بڕیارەی توركیادا بۆ وەستاندنی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەتەنها سلێمانی یان یەكێتی نەكراوەتە ئامانج، بەڵكو هەردووكیان پێكەوە ئامانجن. چونكە لەكاتێكدا سلێمانی دەستەمۆی داگیركەرێكی وەك توركیا نابێت و جێی توركیای تێدا نابێتەوە، هاوكات ئەوە یەكێتییشە لەلایەكەوە چەندان هەوڵی پیلانگێڕی وەك ؟"میتە تورەكەسەرەكان"ی ساڵی 2003ی توركیا و میتەكانی دوكانی پوچەڵكردووەتەوەو لەلایەكیتریشەوە یەكێتی بەردەوام هاوكاریی گەیاندووەتە كۆبانێ و عەفرین.

ئەم هەوڵەیتری توركیا دوای ئەوەدێت كە توركیا نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لەتوركیا دەركرد. بەڵام دوای ئەوەی توركیا بۆی دەركەوت دەركردنی نوێنەرەكەی یەكێتی بەس نییە بۆ دابڕانی یەكێتی لەهێزە شۆڕشگێڕەكانی وەك PKKو HDPو PYD، ئێستا سیناریۆیتر دەخاتەكارو دەیەوێت یەكێتی لەهەڵوێستە نەتەوەییەكانی سارد بكاتەوە.

ئێمە پێمانوایە، توركیا بەهەموو شێوەیەك یەكێتی و PKKو تەواوی هێزە شۆڕشگێڕە كوردییەكانیتری خستۆتە یەك لیستەوەو بەئاشكرا دژیان وەستاوەتەوە. ئەمەش تەنها بۆ كپكردن و بێدەنگكردنیان وەك داكۆكیكەری ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لەتەواوی پارچەكانیتری  كوردستاندا.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.