یەکێتیی و گۆڕان؛ یەک نەخۆشی و یەک چارەسەر

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

دەبێت ڕاشکاوبین. چ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و چ بزوتنەوەی گۆڕانیش، بەم دۆخە دابەشبووەوە لەنێوان نەوەی پیرو گەنج لەلایەک و لەلایەکیتریشەوە بەهۆی بوونی ویستێک لەلای بەشێکی پلەباڵاکانی هەردوو حیزب بۆ نزیکایەتیان لەپارتی دیموکرات، ئەم دوو هێزە لەئێستادا یەکناگرنەوە.

ئێستا بزوتنەوەی گۆڕانیش هەمان نەخۆشی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی هەیە لەدابەشبوونی سەرکردایەتییەکەی بۆ ویستی یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتیی یان لانی کەم سەرنەگرتنی ڕێککەوتننامەکەی دەباشان.
واتە؛ وەک چۆن لەناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا ویستێک هەیە بۆ سەرنەگرتنی ئەو ڕێککەوتننامەیە، بەهەمانشێوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا هەمان ویست هەیە.

لەناو یەکێتیی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕانیشدا هەردوو هێڵەکە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەچنە خزمەت پرۆژەو سیاریۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ یەکنەگرتنەوەی هەردوو هێزەکە.

لەناو یەکێتییدا هەموو ئەو ئەندامانەی نزیکایەتییەکی ئابووری و ناوچەییان لەگەڵ پارتی هەیە نایانەوێت لەپارتی بکشێنەوەو بچنەسەر هێڵی گۆڕان.
لەناو گۆڕانیشدا، دەنگێک هەیە نایانەوێت بێنەوە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لەترۆپکی گەشەو دەرکەوتنەوە داکشێن بۆ ون بوون و نەمان لەدوای تێکەڵکردنەوەی هەردوولا.

بەپێوەری ئەو ئاماژانەی ئەمڕۆ دەخوێنرێتەوە، نەوە نوێیەکەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان تەواو دژن بەسیاسەتی سەرکردایەتی بزوتنەوەکەیان و نەرمی نواندنیان لەئاست سیاسەت و داواکانی پارتیداو پێیانوایە هەندێک ئەندامی بزوتنەوەکەیان لەلایەن پارتییەوە کڕدراون!، وەک چۆن ئەم قسەیە بۆ یەکێتیی و نەوە نوێیەکەی یەکێتییش ڕاستەو ئەندامان و قەڵەم بەدەستەکانیش لەڕیزەکانی یەکێتیی گلەییان لەم سیاسەتە هەیەو داوای وازهێنانیان دەکەن.

نەک کۆبوونەوەیەک؛ دەیان کۆبوونەوەی وەفدی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەئێستادا ئومێدێک بەکۆمەڵگەی کوردی و دەنگدەرانی هەردوولا نادات بۆ یەکگرتنەوەی ئەم دووهێزە یان هیچ نەبێت ئیشکردنی هاوبەشیان پێکەوە.
چونکە بەپێی زانیارییەکان هەندێکجار لەهەردوو لایەنی کۆبوونەوەکە ئەندامی شاندی دانوستانکار هەیە لەدوای کۆبوونەوەکان زانیارییەکان دەداتە پارتی و دڵخۆشیان دەکات و پێیاندەڵێت "کۆبوونەوەکە هیچی لێسەوز نەبووە!"

ئەم دوو هێزە هەرگیز یەکناگرنەوە تاکو دوو ئەگەر ڕوونەدات:

یەکەم/
لەلایەک یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەمانگی (دوو)دا کۆنگرە ببەستێت و هەموو ئەو گەنجە خوێن گەرمانە بهێنێتەسەرەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی یەکێتیی کە هەڵگری ڕێبازی ڕاستەقینەی مام جەلالن و بەهێزی پارەو نەوت و کۆمپانیا ڕامناکرێن و ناچنەژێر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان و تاڕادەیەکیش دانولەیان لەگەڵ پارتی ناکوڵێت!. لەلایەکیتریشەوە هەموو ئەوانە لەمەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی دووربخرێتەوە کە ڕێگرو بەربەستن لەبەردەم یەکگرتنەوەکەداو لەڕێگەی وتارەوە بووبێت یان کردار؛ ویستوویانە زەربە لەڕێککەوتنەکە بدەن و کەلێنی نێوان گۆڕان و یەکێتیی گەورەتر بکەن.

دووەم/
نەوەی نوێ و جیلە ڕۆشنبیرو گەنجەکەی ناو بزوتنەوەی گۆڕانیش کە ئێستا ڕەخنەیان لەنەرمبوونی گوتاری بزوتنەوەکەیان هەیە لەئاست پارتی و کارکردنی میدیاکانیان لەخزمەت سیاسەتی پارتی و دانیشتن لەگەڵ کەسە دیارەکانی پارتیدا، هەوڵ بدەن بزوتنەوەکەیان بگەڕێتەوە دەستی گەنجە ئازاو ڕۆشنبیرو بەتواناکانیان و لەدەستی ئەو گروپە بەتەمەنە ڕزگاربکرێت کە گەنجەکانی بزوتنەوەکە بەکەم توانا دەزانن و پێیانوابووە ئەو دۆخەی بزوتنەوەی گۆڕان و وەزیرەکانیانی تێکەوتووە، خەتای هەڵچوون و دەمەوەری! ئەوان بووە.

یەکێتی لەکۆنگرەی داهاتوودا ئیش بۆ ئەوە دەکات هەموو ئەو سەروچاوانە سەربخات کە پارتی خۆشی ناوێن و ئەوانیش چاویان بەپارتیدا هەڵنایەت و دەیانەوێت یەکێتی بەتەواوی لەسێبەری پارتی دووربخەنەوەو ئیش بۆ یەکێتییەکی پتەو لەبڕیارو کرداردا بکەن.
ئەگەر گۆڕانیش هەمان هێزی توڕەی خۆی لەئاست سەرکردایەتییە بەتەمەنەکەی کۆبکاتەوەو بیخاتە خزمەت ڕێککەوتنێکەوە کە هەردوو خوالێخۆشبوو "سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان" ئیمزایان لەسەرکردووە، ئەوا ئەوکاتە هیوایەک هەیە بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتیی و گۆڕان.

بەدەر لەم دوو ئەگەرەی سەرەوە، هەرگیز ئەم دوو هێزە یەکناگرنەوەو چارەسەرێکیتریان بۆ دەربازبوونیان لەم دۆخەی کە هەردوولایان لەداکشانی زیاتردان.


PM:05:50:26/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 6785 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی